$خودا لە کوێیە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
خودا ناهید و بێ کۆتایە، ئەو لەدەرەوەی کات و شوێنە، لەدەرەوەی شەش جیهەت و پێنج هەستەکە و ئاسمانەکان و زەوی و هەر چوار پێویستییەکە ''خاک ، ئاو ، زەوی ، ئاگر''ە، بەڵام خۆی بە قەدەر دەرک و تێگەیشتنی تۆ بچووک دەکاتەوە، هێندەی نیازی تۆ خۆیت بۆ دەردەخات، هێندەی ئارەزوەکانت بۆت فراوان دەبێت و هێندەی ئیمانت پێی دێتە سەردانت و فەریادڕەسیت دەکات.
هەندێ جار دەبێتە باوکی هەتیوان، هاوەڵی تەریک و بێ هاوەڵان، منداڵ بۆ وەجاخکوێران، ئومێدی نائومێدان و قیبلەنومای وێڵگەرد و ڕێونکردوان.
خۆی دەکاتە نوور بۆ تاریکی، شمشێر بۆ مەزڵومان، عەسای دەستی پیران، عەشیقەی عاشقان و دڵشکاوانی داستانی عیشق.
ئەو دەبێتە هەمووشتێک بۆ هەموو کەسێک بە مەرجی ئیمان پێی، بە مەرجی پاکی دڵ، بە مەرجی دورکەوتنەوە لە مامەڵەی شەیتان.
بشۆن:
دڵەکانتان لەهەر هەست و جریوەیەکی ناڕەوا پێی، عەقڵتان لەهەر گومان و خۆبەزل زانینێکی بەد، زمانتان لەهەر قسەیەکی کەم و ناجۆر، دەستەکانتان لە ئالوودەیی بازاڕ و فرتوفێڵ و تەرازوبازی و ماڵی خەڵک.
دوورکەونەوە:
لە نامەردی، ناپیاوی، نا نەجیبی، نا ڕاستی و هەموو ئەو نایانەی هۆکاری دوورکەوتنەوەن لە حەزرەتی باری تەعالا.
وا بکەن ئەنجا ببینن خودا چۆن لەسەر سفرەکانتان بەرانبەر پاروویەک نان و قومێک ئاو لەگەڵتان دادەنیشێت، لە دووکانەکانتان کاسەی تەرازوەکانتان بۆ دەکێشێ، لە کوچە و ماڵە خەڵوەتییاکانتان لەگەڵتان دێتە ڕاز و نیاز، مەگەر چیت دیکەی زیاترت لەمە دەوێت ئەی مرۆڤ؟
بەڵام باش بزانە خودا لە خوایەتی کردن و خۆبە خوا زانین دەرناکەوێ، ئەندازەی گەردیلەیەک لە کیبردا تەجەللی ناکات، خۆی لە لوتبەرزی دەشارێتەوە و بە هەزار زمان پێتان دەڵێ لەوێ بۆم مەگەڕێن ..
(الاسفار الاربعە /صدرالمتالهین ملا صدرا شیرازی) [1]