$کە تەرازووەکەت لارەسەنگ بوو هەموو شتێک لار دەپێویت!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
گەر بمانەوێت بەیەک وشە لە کاری ئایینەکان و پەیامبەرە زۆرەکانیان تێبگەین دەتوانین بڵێین هاتوون تا مرۆڤ لە کەسرەتەوە بۆ وەحدەت، لە دوو بینییەوە بۆ یەکبینی لە کوفرەو بۆ ئیمان بگوازنەوە. لە دە نۆ بەشی هەموو دینێک سەر بەم باسەیە و پەیڕەوکارانی حەقیقی هەموو دینێک هیچ خیلاف و جیاوازییەکیان لەم باسەدا نییە. ئەوە بەشە کەمەی دەمێنێتەوە بەشە دونیاییەکەی دینە کە خۆی لە ئایدۆلۆژیا و شوناس و ناسنامەی دینیدا بەیاندەکات. بەشی زۆری پەیڕەوکارانی دینەکان ئەمڕۆ واز لە مۆراڵ و بەشی زۆری دینەکەیان دێنن بۆ مشتێک لە شوناس و و ئایدۆلۆژی دینی کە زۆر جار بەرژەوەندی تێیدا زاڵە، نەک هەر وازی لێدێنن، زۆرجار مەسەلە ئیمانی و جیهانبینییەکانیش دەکەنە قوربانی ئەم بەشە کەم و دونیایەی دین.
کارکردن لەسەر هەویە و شوناسی دینی و قوڵکردنەوە و دنەدانی ئەو شوناسە لە زەمەنێک دا کە شوناسەکان تێکەڵ دەبن و ئەگەری پێکدادان ئەگەرێکی حەتمییە تێیاندا، لەبارترین و گونجاوترین ئاو و هەوایە تا مرۆڤە حاقید و ئایدۆلۆژیستەکان لێیەوە مارکێتینگ بۆ بیر و بۆچونە چەقبەستووەکانی خۆیان بکەن. ئەوەی کەسی شوناس سەنتەر و و ئایدیۆلۆژیست خۆشی دەوێت شوناس و قوڵکردنەوەی جیاوازییەکانە، ئەوەشی دورەپەرێزیی لێدەکا ئیمان و ڕەکیزە ئیمانییەکانە کە کار لەسەر نزیککردنەوەی مرۆڤەکان دەکەن. کەسی شوناس سەنتەر و ئادیۆلۆژیست کەمتر خۆی لە بابەتەکانی عیشق و ئیمان دەدات، چونکە بوار بۆ ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکە لە ئیمانیاتدا نییە.
پێغەمبەرد.خ سەرەتا ئیمانی لە دڵدا دەچەسپاند ئەوسا هەویە و شوناسی بۆ کۆمەڵگای موسوڵمانان درووستکرد، سێزدە ساڵی مەککە ساڵانی ئیمان و عیشق و جیلوەی ئیمانیی بوون، دە ساڵی مەدینە زۆر بە وردی کاری لەسەر جێکەوتکردنی شوناسی موسوڵمانان و هارمۆنی ئەو شوناسە کرد لەگەڵ دونیای دەرەوەدا بەبێ ئەوەی سازش لە ئیمانو دیاردە جیهانبینییەکان بکات بۆ ئەم شوناسەی موسوڵمانان. بە پێچەوانەوە واعیزە دۆگما و ئایدیۆلۆژیست و شوناس سەنتەرە دینییەکانی ئەمڕۆ پێچەوانەی ئەو پێغەمبەرەی کە بە پێشەوای دەزانن دەجوڵێنەوە، شەڕی شوناسێکی بێ عیشق و شەوق و ئیمان کز دەکەن بەبێ ئەوەی ئیقامەتی حوجەیان کردبێت، شەڕەکەیان ئیسلامە نەک ئیمان، دەیانەوێت لەڕێگەی حەرام و حەڵاڵە شوناسییەکانەوە خەڵک کۆنترۆڵ بکەن بۆ ویستەکانی خۆیان و پارت و ئایدۆلۆژیاکانیان دەنا ئیمان و قیامەت و ژیانی ئەبەدی مرۆڤ بەم جۆرە لە مرۆڤ و وتارە سەتحییەکانیان ڕزگار ناکرێت. بە قەولی قورئان ئەمانە وەک ئەعرابی بیردەکەنەوە و هەموو یارییەکە بەتەسلیم بوونێکی کوێرانە کۆتایی پێدەهێنن:
قالت الاعراب نمنا قل لن تومنوا ولکن قولوا اسلمنا
تۆخکردنەوەی شوناس بە بێ ئیمان، ناسنامەی دینی بە بێ عیشق، حەرام و حەڵاڵ بەبێ شەوق و زەوقی ڕۆحانی ئایدۆلۆژیایەکی وشک و برینگی داپڵۆسێنەری بێ لەززەت زیاتر درووست ناکات، لەباشترین باردا دەبێتە ڕۆحێکی پەڕگیر و و بیمار و دەخەزار کە دواتر لەڕێگای تەسهیلاتە فیقهیی و یاساییەکانەوە کە بۆ خۆی و ئارەزوو و شەهوەتەکانی خۆی دەیانکات خودی خۆی لەدەست دەردەچێت، لەسەرێکی دیکەشەوە لەڕێگای قورسکردن و بە کونەمشک کردنی قەیسەری لە خەڵک بە کورتکردنەوەی هەموو دین لە حەڵاڵ و حەرامی فیقهیدا خەڵک دوورەپەرێز و تەوەلا دەکات. تەرازووی ئەم ڕۆحە بیمارە نە ویژدانی هەیە و نە ئیمان و نە خودا، ئەوەی هەیەتی وەهم و ئایدۆلۆژیای دینییە نەوەک خودی ئیمان و جیلوەکانی جەلالی و جەمالیی خودا.
قورئان پەڕتووکێک نییە تەنیا هیدایەتی پێ بێت، هەندێک جار بۆ هەندێک کەس دەبێتە گومڕایی و ضەڵالەت:
وليزيدن کثيرا منهم ما أنزل إليک من ڕبک طغيانا وکفرا
بە قەولی خودی قورئان، ئایەتەکانی خوا دەشێ بۆ هەموو لایەک چونیەک نەبێت، مەکرێکی ئیلاهی هەمیشە لەکاردایە. قورئان پێش ئەوەی ببێتە پەڕتووکی هیدایەت لەسەرەتاییترین سەرەتای خۆیدا داوای ئەوە دەکات ئەو کەسەی دەیخوێنێتەوە موتەقی بێت ئەوسا دەبێتە هیدایەت بۆی: ذالک الکتاب لا ڕیب فیه هدی للمتقین قورئان دەیەوێت بڵێت تۆ پێش ئەوەی باوەڕت پێ هێنابێت دەبێت تەرازووەکەی دەستت ڕێک کەیتەوە، دەنا بەتەرازووەیەکی لارەسەنگ هەرچی بپێویت هەر لار دەدردەچێت، تەنانەت گەر قورئانیش بێت . تەقوا دەقیق بەمانای ئەوە دێت تەرازووەکەت هەموو شتێک وەک ئەوەی هەیە بخوێنێتەوە، نەک حەز و ئارەزوو و بەرژەوەندی لارەسەنگی کردبێت. زمانێک خۆی تاڵ و نەخۆش بێت هەموو هەنگوینی ئەو دونیایەی لەسەر دانێ هەربەتاڵی دەیچەژێت، بۆچەشتنی شیرینی دەبێت سەرەتا ئەم زمانە خۆی چارەسەر بکات نەک جۆری هەنگوینەکە بگۆڕێت.
قورئان بە قەولی مەولانا جەلالەدین پەتێکە، دەشێ گەر تۆ سەودا و کڕیاری بەرزی بیت بەهۆی ئەم پەتەوە بۆ ئاسمان بەرز بیتەوە، لەهەمان کاتدا دەشێ هەر بەم پەتە خۆت بۆ تاریکترین شیو و بیر شۆڕکەیتەوە گەر لە ئەهلی تاریکی و شۆڕبوونەوە بی. قورئان هەمیشە هەموو کەسێک بەرز ناکاتەوە هەندێ جار هەندێ کەس بۆ ئەسفەلە سافیلینەکانیش نزم دەکاتەوە، ئەوە تۆی بڕیار دەدەیت چۆن کەڵک لەم کەلامە ئەبەدییەی خودا دەبینیت:
يُضِلُّ بِهِ کَثِيرًا وَيَهْدِي بِهِ کَثِيرًا ۚ وَمَا يُضِلُّ بِهِ إِلَّا الْفَاسِقِينَ کەسی فاسق دەقیق کەسی تەرازوو لارەسەنگە، نەک کەلامی خودا خودی خوداش لار دەخوێنێتەوە.
زمانی نەخۆش و تاڵ ناتوانێت تامی شیرینی و تەرازووی لارەسەنگیش ناتوانێت پێوانەی ڕاست بکات، ئەم باسە پەیوەندی بە کاڵاکانەوە نییە پەیوەندی بە خودی ئێمەوە هەیە بۆیە قورئان جەختی لەوە کردەوە کە:هیدایەتە بەڵام بۆ کێ؟ للمتقین بۆ تەرازوو ڕێکەکان.
پێغەمبەر فەرمووی خیارهم فی الجاهلیە خیارهم فی الاسلام ئەوەی تەرازووەکەی لە جاهیلییەتدا ڕێکە ئیسلامیش بە ڕێکی دەپێوێت، دین کەسێتی و پێرسناڵێتی مرۆڤ ناگۆڕێت، توانای ڕاستکردنەوەی تەرازووی لاری نییە، گەر تێکستی دینی لە خودی خۆشیدا هەنگوین بێت ئەوا لەسەر زمانی تاڵ هەمیشە تاڵ دەنوێنێت. بۆێە فەرمووی باشترینی نێو جاهلی لە ئیسلامیشدا هەر باشترین دەبێ، مەزهەب و ئایین و تەریقەتەکان حیکایەتی هیچ ناگێڕنەوە جگە لە جیاوازی ڕوانینەکانی ئێمە بۆ حەقیقەت، دەنا سەرچاوە و حەقیقەتی هەموویان هەریەکە و نابێت بە دوو. ئەوان تەنیا کارایەکی یاریدەدەرن تواناکانی مرۆڤ بەرەوە ئامانجەکەی خێراتر ئەکەن نەک بیگۆڕن.
ئەوەی ئەمڕۆ لە دنیای ئێمەدا لەژێر ناونیشانی دادوەر و واعیز و وتەبێژی خودا و سەرکردەی ئیسلامی و تاکە فیرقەی ناجیە و سۆفی و سەلەفی و قورئانی و... هتد هەن و کار لەسەر تۆخکردنەوەی جیاوازییە شوناسییەکان دەکەنەوە بۆ دوورخستنەوە، هیچ نین جگە لە کەسانێک کە هەوای خۆیان و ئایدۆلۆژیاکانی خۆیان کردۆتە خودای خۆیان، ئەم هەوایە تەرازووەکانی کەچ و خوار کردوون، ئەمانە گەر لە خەمی ئیمان و ئەبەدییەتی مرۆڤدا بن وا بێ پەروایانە قەڵەمی باش و خراپ بەسە خەڵکدا ناهێنن، تەکفیر و تەفسیق ناکەن، لەسەر پیرۆزبایی کردنی سەری ساڵێک، نەورۆز و بۆنە شوناسییەکانی دیکە قەرارات و فەتوای قورس نادەن، مەرزی نێوان کوفر و ئیمان بە میزاجی کەسی و خێزانی و حیزبی و بەرژەوەندیخوازانە ناکێشن، بە خۆیان و تەرازووە لارەسەنگەکانیانەوە بەڕاست و چەپدا ژیان ناخەسێنن.
ئەم جۆرە لە وتەبێژانی خودا کەمتر لە ڕۆحی دین گەیشتوون، بە عاتیفەو کەفوکوڵێکی گەرمی ناسنامەیی و شوناسییەوە قسەدەکەن و دەیانەوێت ئەو کەفوکوڵە ئانیی و کاتییەی خۆیان کە زیاتر گرێی سایکۆلۆجیی و پەرچەکردارە نەوەک جەزبەی ئیمانیی و عاشقانە تەعمیم کەن بەسەر کۆی ژیانی هەمومان و بیرکردنەوە و مەعریفەی هەمووماندا و بەو جۆرەی کە گەرمبوونە کاتییەکەی خۆیان دەیخوازێت بیرکردنەوە و مەعریفەی هەموومان لە مەنگەنەی چەقبەستوویی و بێ لەززەتی و بێ ئیمانی بدەن. تەماشایەکی ڕاست و چەپی خۆت بکە زۆر لەم تەرازوو کەج و لارانە دەبینیت. [1]