$سلێمانی بۆ کێ شارە حەیاتەکەیە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بۆتە موئنیس، بۆتە مەئوا، قەوم و شارێ ئەلعەیاز
دێوی بێتێ، جێ بە جێ دەڕوات بە بارێ ئەلعەیاز
ئەم نووسینە ناچێتە قاڵبی شارچێتی و ڕقێک بەرانبەر ئەو شاخ و دۆڵ و پێدەشت و هەوا خۆشەی کە سلێمانی هەیەتی، ڕوی ڕەخنەکە لە دەسەڵاتێکی سیاسی-خۆپەسەندە کە بەردەوام بە درێژایی مێژوو خەڵکی ئەم شارەی لە ڕێگای هەندێ مونەویری ساختە و قەڵەم چاوشۆڕی پارەخۆر و گەمبۆڵی زۆر زڕە ڕۆشنبیرەوە بە قسەی قەبە خەڵەتاندووە بۆ ئەوەی خۆی خۆشتر بژی، خەڵکیش بە قسە قەبەکەی ئەوان مەست بوون بێدەنگییان لەهەمو شتێک کردووە.
دوور لە دنەدانی دەغدەغەی عاتیفی و هەوای شیعرە مۆبایلەکانی ئەمڕۆی هەندێ لە مفتەخۆر و دەربار و فرسەتتەڵەب ، هەروەها دوور لەتەکەبوور و خۆبەزلزانینی ئەوانەی گوایە کوڕی شارەکە و خەڵکی ڕەسەنی شارەکەن و بە زمانی حاڵ دەرەوەی تایفەکەی خۆیان بە ناڕەسەن دەبینن، دەبێت بڵێم من باوەڕم وایە سلێمانی شارێکی بێ سەنتەر و بێ جەنبەیە لە ئاست حەق و حەقیقەت، ئەمە لە مێژوودا وابووە و ئێستاش هەر وایە، پێدەچێت لە داهاتووشدا هەروا بمێنێتەوە. تەماشا لە کوشتنی جەمیل سائیب بێدەنگ و لاڵە، بەڵام تا ئێستاش شێخ مەحمود بە مەلیک و نەمر بانگ دەکات، جەمیل سائیب لەسەردەمی موڵکایەتی شێخ مەحموددا دەکوژرێت و دواتر خوێنەکەشی ون دەکرێت، تاوانی جەمیل سائیب تەنیا نووسینی چیرۆکێک بوو بەناوی لەخەوما. سلێمانی نەیهێشت لەخەویشدا بڵێت نادادیی هەیە!
بنەماڵەی شێخ مارفی نۆدێ و کاک ئەحمەدی خۆشدەوێ و مەزاریان بۆ درووستدەکات و پێیان دەنازێ و داوای ڕزق و ڕۆزیی لە مەزارەکانیان دەکات و تا ئاستی خوداوەندگارێک بەرزیان دەکاتەوە، لە کاتێکدا سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن هۆکاری سەرەکیی ڕاونان و ئاوارەبوونی پیاوێکی ساڵح و زاهید و موتەسەویفی گەورەی مەولانا خالیدن لە سلێمانی، سلێمانی چاو لەمەش دەپۆشێت و نادیدەی دەگرێت.
نالی ئاوارە و سەرگەردان دەکات، بەهۆی ڕەخنەگرتن لە شێخە خودا پێداوەکان وەک شێت لەقانعێکی ڕەجاڵ و و خەڵەفاو لە بێکەسێکی وەک فایەق بێکەسی باوک دەڕوانێت، عەبدوڵڵا گۆران والێدەکات بنووسێت:
ئەی تریفەی مانگەشەوی بەردەم دەلاقە//با پیس نەبی خۆت مەدە لەم کوردی ئێراقە
بەهۆی ئەوەی دژی مارەبەجاش و تەڵاقی سێ بەسێیە مستەفا زەڵمی ڕاو دەنێت، کۆتا نەفەسەکانی شێرکۆ بێکەسی لە ئامێز نەگرت و وەک دێوانەیەک لەو سەرایەی حەڤدەی شوبات خولاندییەوە و دواتر ژانی پێگرت و کۆمەڵە شیعری ئێستا کچێک نیشتمانەی پێ لە دایک بواند بەڵام نەیهێشت بڵاوی بکاتەوە تا بە دزییەوە لەژێر زەمینێکی شارەکە شەوێک بۆ چەند کەسێکی خوێندەوە و ئیدی بۆ هەمیشە لەدوای ئەو شەوە لە بیرەوەری خۆیدا سڕییەوە، کە مردیش شیعر و شانامەیەکی زۆری پڕ لە نیفاقی بۆ هۆنییەوە و گۆڕەکەی لە مەڕمەڕ گرت و تاجەگوڵینەی لەسەر دانا.
بێ ڕەحمانە حەمە عومەر عوسمانی ژەنەراڵی پاییز وەک گەڵایەکی زەردی پاییز لەژێر قۆندەر و پێڵاوەکانییدا شێلا و دواتر وردوخاشی کرد.
لە تیرۆری جەمال عیرفاندا نەک هەر بێدەنگە لایەنداریش دەکات، نەجمەدینی مەلا وا پەروێز دەخات تا بۆگەن نەکات خەڵک نازانن مردووە ئەمە جگە لەوەی منداڵە ورتکەی تێبەردەدا بە تاوانی فێرکردنی ئەلیف بێ و نەهێشتنی نەخوێندەواری بەردبارانی بکەن. پاش زیندانییکردنی بە ناحەق بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر پەڕتووکی مەسەلەی ویژدان بە چەقۆیەکی ناگەهان ئەحمەد موختار جافی لە گوێی ئەو سیروانە تیرۆر کرد.
ئەمە جگە لەوەی بە پێوەرە ئیبن خەلدوونییەکەش بێت نەک بە پێوەری دونیای نوێ و مۆدێرن، سلێمانی لە ئێستادا موقەویماتی شاربوونی تێدا نییە.
بەڵام بەڕاستی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی جوان و دڵگیر و ڕۆحپەسەند و کەمەندکێشە، کە لە ئاوی سەرچنارەکەیت خواردەوە دواتر ئاوی هیچ شوێنیکی دیکە تینوێتیت ناشکێنێت، نانەکەی شاهانەیە، ئیوارەکانی ئەفسوناوین، گوێژە و ئەزمەڕەکەی هیمەت بەرزن، ڕەشەباکەی پێچەوانەی خەڵکەکەی توند و بێڕەحم و بێبەزەییە، بەرزونزمی گردەکانی گەر مابن سەرنجڕاکێشن، سابوونکەرانەکەی هەناسەدەدات، تەمووزەکەی وەک زستانەکەی تاقەتپڕوکێنە. [1]