$مانگی یەکەمی سوودانی$
#یاسین تەها محەمەد#
نزیک لە مانگێکە حکومەتی محەمەد شیاع سوودانی متمانەی پەڕڵەمانی وەرگرتووە، بەڵام لەم ماوەیەدا هێشتا گۆڕانێکی بنجبڕی گەورەی لە چاو بەرنامەی کاری حکومەتەکانی پێش خۆی نەکردووە. وەک هەر سەرۆکوەزیرانێکی دیکە، دەستپێکی سەردەمی سوودانی، وەک بەرنامەی کابینە چڕ و دەوڵەمەندەکەی، پڕە لە بەڵێن و مژدەی سەردەمێکی نوێ، بەڵام زۆری و فرەچەشنی و ئاڵۆزی ئەو دۆسیانەی لەسەر مێزەکەی سەرۆکوەزیرانی نوێن، کارێکی وەهای کردووە سوودانی وەک سەرقاڵ و جەنجاڵ دەربکەوێت و نەتوانێت بە سەرەتایەکی تەواو جیاوازەوە دەست پێ بکات.
لە مانگی یەکەمی حکومەتی سوودانیدا بەشەیتان کردنی حکومەتی کازمی ئاستی زۆری بڕیوە، لەم میانەیەشدا هەنگاوەکانی حکومەت و میدیاکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، حکومەتەکەی کازمی وەک بەرپرسیاری زۆر لە شکستەکانی ئێراق دەناسێنن، بەڵام بەوپێیەی دوو ساڵەکەی کازمی، تەنیا ڕێژەی 10%ی تەمەنی حوکمڕانی کۆماری ئێراق لەدوای 2003وە پێکدەهێنێت، ئەگەری زاڵ ئەوەیە زۆر لە کێشەکانی ئێراق تەمەنیان بۆ ئەم کابینەی سوودانیش درێژ ببنەوە، بەتایبەت کە حکومەت هێشتا گیرۆدەی بڕیاردانە و لەژێر هەژموونی پشک پشکێنەی حیزبەکاندایە. تەنانەت وەزیری تەندرووستی نەیشاردەوە لەپاش بەشکردنی وەزارەتەکانی حکومەت، ئێستا پشک پشکێنە لە قۆناخی بەڕێوەبەرە گشتییەکاندایە وەک پاداشت بۆ ئەو لایەنانەی حکومەتیان پێکهێناوە و سوودانییان سەرخستووە.
گرنگیدانی یەکەمی سوودانی بە دۆسییەکانی ناوخۆیە. بازنەی یەکەمی وتار و هەنگاوەکانیشی بۆ پارێزگا شیعە نشینە پەراوێز خراوەکانە. بەو پێیەی دروشمی سەرەکی کابینەکە و لایەنە شیعەکانیش حکومەتی خزمەتگوزاری یە، لەدەرەوەی ئەم بازنەیەش، حکومەت لیستێکی درێژی پابەندیی لە ئاست کێشەی ناوچە سوننە نشینەکان و هەرێمی کوردستان لەسەر خۆی داناوە، کە بیانکاتە پڕۆژەیاسا و ڕەوانەی پەڕڵەمانیان بکات، ئینجا نۆرەی گرنگیدانە دەرەکییەکان دێت. بە پێچەوانەی سەردەمی کازمی، کە سیاسەتی دەرەوە لە ڕیزبەندی یەکەمدا بوو. لەم ڕووەوە سوودانی یەکەم سەردانی دەرەوەی، بۆ ئوردن بوو، نەک سعودیە و ئێران کە دوو جەمسەرە سەرەکییە ڕکابەرەکەی ناوچەکەن.
تاوەکو ئێستا سوودانی بڕیارێکی یەکلایی و پلانێکی شۆڕشگێڕانەی بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی 3.7 ترلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) دیارنەماوەکەی سپاردەی باجی کۆمانپانیاکان نییە، جگە لە حەواڵەکردنی بۆ وردبینی و بەربەستە ئاڵۆزەکانی لێکۆڵینەوە. بەهۆی ئەوەی دیوانی چاودێری داریی میکانیزمی جێبەجێکەری بەدەستەوە نییە، دەستەی دەستپاکی ئێراقیش لە پشک پشکێنەدا بەر لیستەکەی مالیکی کەوتووە، ئەستەمە سوودانی لەم دۆسیە گەورەیە و کۆی دۆسییەکانی دیکەی گەندەڵی بتوانێت بازی گەورە بدات، چونکە پێداگری مالیکی لەسەر وەرگرتنی ئەو دەستە چاودێرییە، لەوانەیە بۆ پاسەوانی کارنامەی هەردوو کابینەکەی خۆی و (2005_2014) و بەکارهێنانی لە دژی ڕکابەرەکانی بێت.
گەورەترین ڕەخنەی سوودانی لە کازمی، ئەوکاتەی پەڕڵەمانتار بووە، بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بوو بەرانبەر بە دینار (1 دۆلار بە 1450 دینار) ، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی، خۆی لە ئۆباڵ و لێکەوتەکانی دابەزاندنی نرخی دۆلار ڕزگارکرد بەوەی کە پابەندە بە سیاسەتی بانکی ناوەندییەوە. لایەنە شیعەکان بەردەوام دژی ئەوە بوون مستەفا کازمی بە فەرمانی دیوانی 29 2020 لیژنەیەکی باڵای پێکهێنا بە سەرۆکایەتی ئەبو ڕغیف بۆ پرسە هەستیارەکان کە سەربەخۆی بێت، بۆیە لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە لیژنەکەیان هەڵوەشاندەوە (ئاداری 2022) ، کەچی کاتێک سوودانی فەرمانی دەرکرد لیژنەیەکی باڵا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێکبهێنرێت و سەربەخۆی بێت، زۆربەیان ستایشیان کرد و بە هەنگاوێکی گرنگ سەیریان کرد، لەکاتێکدا هەمان ئاڕاستە و هەمان میکانیزمە و بازدانیشە بەسەر دەستەی دەسپاکی و چاودێری دارایی دا.
سوودانی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی لەسەر ئاستی نێوخۆ، بەنیازی گۆڕینی سەرجەم پارێزگارەکانە، بەڵام ئەوەی سەیرە، ئەم هەنگاوە یەکەم جار لەلایەن مالیکییەوە و بەناوی ئەوەوە ڕاگەیێندرا، تاوەکو ئێستاش چانسی سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە ڕوون نییە، چونکە دەگوترێت لەبەر ڕۆشنایی بەرکەوتەی هەڵبژاردنەکانە و سەدرییەکانیش چوونەتە دەرەوەی پەڕڵەمان و دیار نییە چۆن دابەش دەکرێت. ئەگەر بەگوێرەی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش بکرێت، ئەوە لە جیاتی 4 ساڵ، ماوەی 9 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا، زۆر شت لە خواست و ئاڕاستەی دەنگدەران گۆڕاوە، لە پێش هەمووشیانەوە خۆپیشاندانەکانی تشرینی (2019) و دەرکەوتنی زۆر هێز و گرووپی نوێ.
لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی بەغداو هەرێمی کوردستانیش، سوودانی هاوشێوەی هەردوو کابینەکانی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی (2018 و2022) گەشبینە و چاوی لە چارەسەرە، بەڵام ناڕووونی تەمەنی حکومەتەکەی و زۆری و ئاڵۆزی دۆسییەکانی بەردەمی، ئاڵینگاری گەورەن، بەتایبەت ئێستا لەنێوخۆی کوردستانیش پەرتەوازەیی و بەریەککەوتنی زۆری هەردوو هێزە سەرەکییەکە هەیە و ئاستی چارەسەرکردنی هەندێک لەو کێشە ئاڵۆزانەش وەک نەوت بۆ نموونە، تەنیا شەش مانگی بۆ دانراوە لەکاتێکدا تەمەنی گرێ و کێشەکانی ئەم دۆسیەیە 15 ساڵە.
لەو سەردانەی کە سوودانی بۆ نەخۆشخانەکەی کازمییە کردی و لەو توڕەبوونە بەناوبانگەیشی کاتێک کە وتی خوا موەفەقمان نەکات لەسەر ئەم خزمەتە، دیوێکی شاراوە هەیە. وەزیری ئێستای تەندرووستی، پێشتریش هەر وەزیری هەمان وەزارەت بووە و لە حیزبەکەی سەرۆک وەزیرانیشە. ئەمەش دیسانەوە گورزێکە لەو هیوایانەی لەسەر توانای تاکەکەس کەڵەکە دەکرێن بۆ چاککردنی دۆخی ئێراق بەتایبەت لەم مانگەدا هیچ وەزیرێک هێشتا پلان و بەرنامەی خۆی بۆ چاکسازی و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت ڕانەگەیاندووە و ئەوەی هەیە و نییە، تەنیا گرەوێکە لەسەر نیاز و خەونەکانی سوودانی وەک ڕووخساری نوێی ماڵی شیعە! [1]