لەدایکبووی 21-01-1964، لە گوندێکی نزیک شاخەڕەشی نزیک #ماوەت#، ئەو کاتەی کە #عوسمان عوزێری# ڕابەری سیاسی #هێزی خەبات# بوو، بەڵام لە هاوینی 1963 کە دەنگی کوردستانی ئێراق دامەزرا، دەچێتە ئێزگەی و لەوێ درێژە بە خەباتی خۆی دەدات..
لە دوای تیرۆرکردنی عوسمان عوزێری لە هاوینی ساڵی 1966، دوای ساڵێک لەگەڵ دایکی (پەروینی عەزیز ڕەسوڵ بەگ) و لەگەڵ خاڵەکانیا کۆچی بەغدا دەکەن، و هەر لەوێ خوێندن تەواو دەکات تا کۆتایی ساڵی 1985 بڕوانامەی دبلۆمی چارەسەری سرووشتی وەردەگرێت..
لە ساڵی 1979 وە لە بەغدا پەیوەندی دەکات بە ڕێکخستنی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) کەرتی ڕێکخستنی (شەهید جوامێر) دوای ساڵێک دەبێتە ئەندامێکی چالاکی ئەو ڕێکخستنە.تا ساڵی 1984 واز لە ڕێکخستن دەهێنێت.
لە کۆتایی ساڵی 1985 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە دەکات و وەکوو (دوکتۆری تیپ) لە تیپی 31ی #سلێمانی# درێژە بە خەباتی خۆی دەدات، دواتر لە ساڵی 1986 دەچێتە #تیپی 37ی شارباژێر#، و لە هاوینی 1987 کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی سەرکردایەتی ی.ن.ک لە دێی (زێویە) بە بۆمبابارانی کیمیایی، بەخەستی بریندار دەبێت، تا چەند مانگێک لە نەخۆشخانەی (بەرگەڵوو) چارەسەری بۆ دەکرێت، ئیتر لەوەودوا لەبەر سەختی برینەکەی کە کاریگەریی هەبوو بۆ توانای بینین و سنگ و هەناسەی تا ماوەیەکی زۆر لەجێ دەکەوێت.
لە ساڵی 1992کۆچ دەکات بۆ ئۆکرانیا و هەرلەوێ نیشتەجێ دەبێت.
زمانەکانی عەرەبی و ڕووسی و ئۆکرانی زۆر بەباشی فێر دەبێت، هەڵبەستەکانی شیڤچێنکا و سیمینێنکۆ لە ئۆکرانییەوە وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی، هەڵبەستەکانی ماندڵشتام و یسینین لە ڕووسییەوە وەردەگێڕێت لە گۆڤاری (هەڵبەست) کە گۆڤارێکی مانگانەبوو، لە سلێمانی دەردەچوو، لە ساڵی 2018 مانگانە ئەو هەڵبەستانە بڵاو دەکرانەوە.
نامیلکەیەکی گرنگی (ڕۆدێنکۆ) وەردەگێڕێت لە ڕووسییەوە بۆ زمانی کوردی بە ناوی (ڕیتمی خەماوی کاتی بەخاکسپاردن لەلای کوردە ئێزیدییەکانی سۆڤێت) ..
لە ساڵی 2020 لە ڕۆژنامەی (#کوردستانی نوێ# ) کۆمەڵە وتارێکی بڵاو کردەوە، دەربارەی کەسایەتی و ئەدیب و نووسەرە کوردەکانی سۆڤێت. [1]