ئەمڕۆ چوارشەممە بەرواری 19-10-2016 سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان (د. یوسف محەمەد_ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شێخ فەخرەدین قادر_ سکرتێری پەرلەمانی کوردستان) لەگەڵ سەرۆکی بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبویەوە کە پێکهاتبون لە (برزۆ مەجید_ سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، بێگەرد تاڵەبانی_ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەبوبەکر هەڵەدنی_ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، مەروان گەڵاڵی_ سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، لینا عزریا بەهرام شابۆ_ سەرۆکی فراکسیۆنی ڕافیدەین، د.شوان قەڵادزێی_ سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان و ئەبو کاروان_ سەرۆکی فراکسیۆنی حزبی شیوعی کوردستان).
سەرەتای کۆبونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی گەلی کوردستان دەستی پێکرد، پاشان گیانفیدایی و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی ئازادکردنەوەی موسڵدا بەرز نرخێندرا.
سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان هیوایان خواست ئازادکردنی موسڵ بە ئاقاری بەهێزبونی پێگەی گەلی کوردستان و یەکلابونەوەی چارەنوسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بێت بەو شێوازەی کە لە دەستوری عێراقدا چارەسەر کراوە.
کۆبونەوەکە ئەو ئیرادە پەرلەمانییەی بە هەنگاوێکی گەورە زانی کە لەلایەن پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکانەوە دەستی پێکردوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و لەم ڕەوەوە گفتوگۆی نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان بەردەوام دەبێت.
کۆبونەوەکە داخواز بو کە حیزبە سیاسییەکانی پێکهێنەری پرۆسەی سیاسی هەرێم، هەرچی زوە هەوڵەکانیان زیاتر بخەنەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نالەبارەی کە گەلەکەمانی پیادا تێدەپەڕێت کە غیابی پەرلەمانی کوردستان کۆی کێشە سیاسی و ئابورییەکانی کەڵەکەتر کردوەو پێویستە بەگیانی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە بە هەموان ئەم دۆخە تێپەڕێندرێت.
راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان
19-10-2016