ناونیشان: ئۆجەلان لە ئیمراڵی جێی نەماوە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #08-06-2015#
ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، سەیری ڤیدیۆیەکی نێو شاری #ئامەد# دەکەم. ئەو فرمێسکانەی لە چاوی هەندێک لە گەنجانی ئامەددا دەیانبینم دیمەنی دووبارەن. پێشتر لە واشنتن، کاتێک ئۆباما بووە سەرۆک کۆمار، ئەو ڕەشپێستانەی تامی تاڵی ئاپارتهایدیان چێشتبوو هەمان فرمێسکیان بە ڕوومەتەوە بوو و هەمان ڕوخساری نیوە شاد و نیوە خەمگینیان هەبوو. لە ئەفریقیای باشووریش، ئەو ڕەشپێستانەی دەبووایە بۆ هەر سپیپێستێک بچەمێنەوە و دەست بەسنگەوە ڕابوەستن، بە هەمان هەستەوە لەبەردەرگای ئەو ماڵە ڕاوەستابوون کە لێیەوە ماندێللا-ی سەرۆکی زیندانیکراویان بەئازادی هاتە دەرەوە. پاشئەوەی #هەدەپە# بەربەستی هەڵبژاردنی تێپەڕاند، وا دەردەکەوێت کە خەریکە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە. ڕەنگە وێنەکەش ئەوکاتە کامڵتر بێت کە بەمزووانە ئۆجەلان لەدەرەوەی ئیمرالی، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ئیستەنبوڵ یان ئەنقەرە ببینین.
دەمیرتاش لە وتاری سەرکەوتنیدا نیوەی قسەکانی تەرخانکرد بۆ بیرهێنانەوەی “مەزنی”ی ئۆجەلان. ئەو، کە ئێستا ڕوخساری نوێی ڕێبەرایەتیی تەڤگەری کوردییە لە تورکیا، پەیامەکەی ڕوون بوو: ئیدی ڕێگە تەخت بوو بۆ بەشدارکردنی ئۆجەلان لە پڕۆسەی چارەسەریدا، بەبێئەوەی کەلەپچەی لەدەست بێت و لە پشت میلەکانی زیندانەوە دانووستاندن بکات.
ئەوانەی پێیانوایە ئاکەپە لەم هەڵبژاردنەدا شکستی هێناوە باش هاوکێشەکەیان نەخوێندووەتەوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئاکەپە نەیتوانی لەمپەڕەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پلانێکی ستراتیژی بۆ گۆڕینی دەستوور لاببات، بەڵام هەر گەورەترین پارتی تورکیا مایەوە. ئەوەی پێشیوابێت سەرکەوتنی هادەپە، بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ ئاکەپە، خێرێکی بۆ باکووری کوردستان دەبێت، دیسان لە هاوکێشەکە تێنەگەیشتووە. نابێ لەبیرمان بچێت کە لەنێوان ئۆجەلان و سەرکردە مەدەنییەکانی #پەکەکە# لەنێوەوەی تورکیا لەلایەک و ئەردۆغان و ئاکەپە لەلایەکی دیکەوە، چەند ساڵ بەر لەم هەڵبژاردنە پڕۆسەیەکی “ئاشتی” یان “چارەسەری” هەبووە و هێشتاش درێژەی هەیە. ئەگەر هەریەک لەو دوو لایەنە لە هەڵبژارندا ڕۆڵیان لەوەی کە ئێستا هەیانە کاڵتر ببوایەوە، ئەوکات پڕۆسەکە زیانی پێدەکەوت. بۆ ئۆجەلان و پەکەکە هیچ حوکمڕانێک لە ئەنقەرە لە ئەردۆغان باشتر نییە بۆ دانووستاندن لەگەڵکردن. لەمەودوا ئەردۆغان و پارتەکەشی بەناچاری دەست لەو لووتبەرزییە هەڵدەگرن کە لە پڕۆسەکەدا بە وتار و ڕەفتاریانەوە دەبیندرا و هەستی پێدەکرا.
لەنێو پەکەکەدا سێ تەیاری بەهێز هەن، یەکێکیان تەیاری سەربازییە کە لە #قەندیل#ە، دووەمیان تەیاری سیاسی و مەدەنییە کە لە ئامەد و ئەنقەرەیە و تەیاری سێیەمیش تەیاری لۆبیکاری و داراییە کە لە تاراوگەیە. لە ماوەی ڕابردوودا تەیاری قەندیل بە تەیاری توندوتیژ و خۆدوورخەرەوە لە پڕۆسەی ئاشتی ناسراوە. ئەمەش بەپێچەوانەی ئەو پەیام و هەوڵانەیە کە لە ساڵی ڕابردوودا لە ئۆجەلانەوە بیستراون. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش بێت کە ئۆجەلان لەم ماوەیەی دواییدا قوورسایی بایەخپێدانی خۆی لەسەر تەیاری ئامەد و ئەنقەرە خەستترکردبێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر بە ویستی قەندیل بووایە و ئۆجەلان پێداگیریی لەسەر نەکردبایە، کەسانی وەکوو لەیلا زانا و #عوسمان بایدەمیر# چیدیکە لە شانۆی سیاسیی باکووری کوردستاندا ئەستێرەیان نەدەدرەوشایەوە. تەیاری ئەوروپاش لەم ماوەیەی دواییدا، بەتایبەتیش لەکاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا، بەڕوونی ئاڕاستەی بیرکردنەوەی بەلای ئۆجەلان و تەیاری ئامەد و ئەنقەرەدا دایشکاندووەتەوە.
ئەو شەرعییەتە یاساییەی هەدەپە لە تورکیا وەدەستیهێناوە وادەکات لەمەودوا چیدیکە قەندیل قسەی یەکلاکەرەوە لە تەڤگەری باکووری کوردستاندا نەکات. بۆ ئەوەی ئەمەش بەهێزەوە بمێنێتەوە و بەبێ گوشاری قەندیل بەردەوام بێت، گرنگە ئۆجەلان لە زیندان بێتە دەرەوە. چونکە بەو ڕەوشە سیاسییە نوێیەوە چیدی لە ئیمرالی جێی نابێتەوە. [1]