باکووری، سیمبولی پێکەوە ژیان
خەلیل عەبدوڵڵا
باکووری هونەرمەندێکی گەورەی کوردستانە و لە بوارەکانی هونەری گۆرانی و موزیک و نووسین و پەروەردە و ئەرشیفدا خزمەتی زۆری بە گەلی کوردستان و پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان و ئێراق کردووە.
باکووری بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاری وانی باکووری کوردستانە و بەهۆی ئەوەی لە نەتەوەی ئاشوری بوون، لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانی لەلایەن عوسمانییەکانەوە لە زێدی خۆیان ڕاونراون و بە ناچاری بۆ ئێراق و باشووری کوردستان کۆچیان کردووە و دواجار لە شاری کۆیە گیرساونەتەوە.
(ئەندریۆس ئیسرائیل خەممۆ) ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیە و بە «باکووری» ناسراوە.
نازناوی باکووری پێبەخشیوە
ساڵی 1952 کە مامۆستا باکووری چۆتە ئیزگەی کوردیی بەغدا، (کامیل کاکەمین) بەرپرسی بەشی کوردی ڕادیۆی بەغدا، نازناوی باکووری پێبەخشیوە، وەک ئاماژەیەک بەوەی کە خەڵکی باکووری کوردستانە.
باکووری لە ساڵی 1928 لە قشڵەی کۆیە لەدایک بووە. لە کۆیە و هەولێر قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی خوێندووە. ساڵی 1952 لە کۆلێجی (خانەی مامۆستایانی باڵا) ی بەغدا وەرگیراوە و پاش چوار ساڵ خوێندن لەو کۆلێجە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیدا بەدەستهێناوە.
ساڵی 1957 وەک مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە شاری کۆیە دامەزراوە و وانەی ئینگلیزی بە خوێندکاران وتۆتەوە و دواتر خۆی گواستۆتەوە بۆ شاری هەولێر و لەو شارە وەک مامۆستای زمانی ئینگلیزی خزمەتی بە خوێندکاران کردووە.
باکووری لە سەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای هونەر بووە و وەک گۆرانیبێژ و ژەنیار خزمەتێکی زۆری کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە.
ئەو کاتەی خوێندکاری زانکۆ بووە لە شاری بەغدا، دەچێتە ڕادیۆی کوردی بەغدا، پەیوەندی بە (کامیل کاکە مین) بەرپرسی بەشی کوردیی ڕادیۆی بەغدا دەکات، بۆ ئەوەی گۆرانی لەو ڕادیۆیە تۆمار بکات، لە ڕێی لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەنگەوە کە هونەرمەندان (عەلی مەردان، ڕەفیق چالاک و ئەحمەد خەلیل) بوون، تاقی دەکرێتەوە، دەنگەکەی پەسەند دەکرێت و وەک گۆرانیبێژ لەو ئیزگەیە وەردەگیرێ، ئیدی دەست بە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکانی دەکات و بەوەش بەهۆی دەنگە ڕەسەن و بە سۆزەکەیەوە لە سەرانسەری کوردستاندا دەناسرێت.
پەڕتووکخانەی کوردییان دەوڵەمەند کردووە
مامۆستا باکووری وەک نووسەریش خزمەتی کردووە و خاوەنی چەند پەڕتووکێکی بەنرخە کە پەڕتووکخانەی کوردییان دەوڵەمەند کردووە. لە دیارترین بەرهەمەکانی پەڕتووکی (تەمەنێک) ە کە بیرەوەرییەکانی خۆی تێدا دەگێڕیتەوە و تیشک دەخاتە سەر ژیانی هونەری خۆی و سەردەمەکەی.
هەروەها پەڕتووکی (گۆرانیبێژە نەمرەکان) کە بە سێ بەرگ بڵاوبۆتەوە و ( 699) لاپەڕەیە و لەو سێ بەرگەدا تیشک دەخاتە سەر ژیانی هونەریی (47) هونەرمەند.
مامۆستا باکووری، چەند پەڕتووکێکی دیکەی هەیە، لەوانە پەڕتووکی (تیپی مۆسیقای باواجی) ، بە حوکمی ئەوەی لە دەستەی دامەزرێنەری ئەو تیپە بووە، لەم پەڕتووکەدا بە وردی مێژووی دامەزراندنی ئەم تیپە و کار و چالاکییەکانی لە ساڵانی (1957-2008) دەخاتە ڕوو.
(چۆنیەتی گۆرانی گوتن) پەڕتووکێکی دیکەی مامۆستا باکوورییە، کە لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەریگێڕاوە.
پەڕتووکی (چیرۆکی هەندێ گۆرانیی کوردی ڕەسەن) ، پەڕتووکێکی تری مامۆستا باکوورییە، لەم پەڕتووکەدا چیرۆکی هەندێ گۆرانیی ڕەسەنی کوردی دەگێڕێتەوە.
پەڕتووکی ئیزگە، بەرهەمێکی تری مامۆستا باکوورییە، لەم پەڕتووکەدا تیشک دەخاتە سەر مێژووی هەردوو بەشی عەرەبی و کوردی ئەو ئیزگەیە.
مامۆستا باکووری چەندین پەڕتووکی دیکەی چاپکراو و دەستنووسی هەیە و دەیان وتار و لێکۆڵینەوەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و ئێراقدا بڵاوکردۆتەوە.
خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندە
خولیایەکی تری مامۆستا باکووری، کۆکردنەوە و ئەرشیفکردنی بەرهەمە هونەرییەکانی گۆرانی و مۆسیقا و بەڵگەنامەکانی ئەو بوارانە بووە، خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندە و وەک سامانێکی بەنرخی نیشتمانی لە دوای ئەو بەجێماوە و وەک دیاری و یادگاری ئەو دەمێنێتەوە و بە شانازییەوە لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژوودا تۆمار دەکرێت.
لە پای ئەو خزمەتە زۆرەی لە بواری هونەریدا پێشکەشی کردووە، چەند جارێک لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە.
مامۆستا باکووری بە حوکمی توانا و ئەزموونی هونەری، هاوکاری بەشێکی زۆری هونەرمەندانی لەڕووی ئاوازدانان و موزیکەوە کردووە و پشتیوانی زۆربەی تیپە مۆسیقییەکانی کوردستان وئێراق بووە.
لە بواری پەروەردەشدا لە شارەکانی کۆیە و هەولێر، خزمەتێکی زۆری بە کاروانی خوێندن کردووە و وەک مامۆستای زمانی ئینگلیزی سەدان خوێندکار لەسەر دەستی فێری زمانی ئینگلیزی بوون.
وەک مامۆستای هونەری موزیکیش خزمەتی زۆری کردووە و سەدان کەس لەڕێی ئەوەوە بەشێوەیەکی زانستی ئاشنای هونەرەکانی گۆرانی و موزیک بوون.
هونەری کوردی دەوڵەمەند کردووە
ئەگەرچی مامۆستا باکووری، لەنەتەوەی ئاشوری و ئایینی کریستیان بوو، بەڵام هەموو ئایین و نەتەوەکانی تری خۆشدەویست و هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی هونەری کوردی تەرخانکرد، بەرهەمەکانی لە بوارەکانی ئاواز و گۆرانی و نووسین و ئەرشیفەکەی زۆربەی زۆری کوردین و خەرمانی هونەری کوردی دەوڵەمەند کردووە. هەربۆیەش دەتوانین بە سیمبولی پێکەوەژیان پێناسەی بکەین.
پاش خزمەتێکی زۆری هونەری و پەروەردەیی، شەوی 2ی تشرینی دووەمی 2022 لە شارۆچکەی عەینکاوە کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی دواتر 3ی تشرینی دووەمی 2022 لە ڕێوڕەسمێکی میللی و فەڕمیدا ماڵاوایی لێکرا و لە گۆڕستانی عەینکاوە بە خاکی نیشتمان سپێردرا.[1]