ناونیشانی بابەت: پاش 200 ساڵ لە درووستکردنیان، ئاسیاوەکانی کفری نوژەن دەکرێنەوە
ئامادەکردنی: #فاتمە قاسم#
شاری #کفری#، هەر لەمێژەوە بە ناوەندێکی گەورەی بازرگانی ناسراوە، یەکێک لە بەڵگە قەناعەت پێکەرەکانی، هەبوونی ئاسیاوەکانی کفرییە، کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ 200 ساڵ پێش ئێستا. لە ڕووی جوگرافیای شارەکەدا، ئاسیاوەکان دەکەونە بەشی باکووری کفری لەسەر (چەمی کفری) کە لەلایەن خەڵکی شارەکەدا بە شێوازی گۆمەزە درووست کراون، بە مەبەستی (هاڕینی گەنم و جۆ و ساوار لێکردن) بۆ خەڵکی شارەکە و دەوروبەری، بەڵام ئێستا لەنێوان سەرجەم ئەو ئاسیاوانەدا، تەنیا سێ دانەیان ماون و وەکوو شوێنێکی شوێنەواری سەرنجی گەشتیاران بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن.
عوبێد محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری #شوێنەواری کفری#، بەم شێوازە بۆ (باسنیوز و باسکورد) باس لە ئاسیاوەکانی کفری دەکات و دەڵێت: 200 ساڵ پێش ئێستا، خەڵکی شاری کفری ئاسیاوەکانیان لە بەشی باکووری شارەکە لەسەر چەمی کفری درووست کرد، بۆ سوودوەرگرتن لە خێرایی ئاوەکە کە هێزێکی پاڵنەرە بۆ سووڕانەوەی پەروانەی ئاسیاوەکان. مەبەستی خەڵک لە درووستکردنی ئاسیاوەکان لەو سەردەمە بۆ بەڕێوەبردنی بژیویی ژیانیان لە ڕێگەی هاڕینی گەنم و جۆ و دانەوێڵەکان بۆ خۆیان و خەڵکی شارەکە و دەوروبەری.“
بەڕێوبەرەکە گوتیشی: هەرچەندە پێشتر ژمارەی ئاسیاوەکان 60 دانە بووە، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کۆنبوونی بینایەکان تەنیا سێ دانە لە ئاسیاوەکان ماوە بە ناوەکانی (ئیبرایم بەگ، قازی، خربە)، کە لەسەر دەرگای ئاسیاوەکان ئاماژە بە ناوی خاوەنەکانی دراوە و هەرسێ دانەیان لە ڕووبەری 500 مەتر دووجادان. شێوازی درووستکرنی ئاسیاوەکان چوارگۆشەیین و لە (بەردی ئەو دەڤەرە و گەچ و قسڵ) درووست کراون و هەموویان خاوەن هەمان قەبارەن لە بەرزی و پانی. بەرزیی ئاسیاوەکان 2 مەتر و نیوە، بەرزیی قوللەکەی (5 بۆ 6) مەترە و بنمیچەکەیشی بە شێوەی گۆمەزە بووە و پێکهاتووە لە (ژوورێک بە مەبەستی مانەوەی ئەو خەڵکانەی، کە لە ڕێگەی دوورەوە بە مەبەستی هاڕین سەردانی ئاسیاوەکەیان کردووە و ژوورێک بۆ هاڕین، قوللەیەکی بەرز بە مەبەستی ئاکادارکردنەوەی خەڵک لە خراپبوونی ئاسیاوەکە، ئەویش لە ڕێگەی هەڵدانی ئاڵای سپی لەسەر قوللەکەوە) و دەرگاکەیشی بە شێوازی کەوانەیی لە دار درووست کراوە.
لە کۆتاییدا عوبێد محەمەد عەلی، ئاماژەی بەوەش کرد: تا ئێستا وەکوو #بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان# و بنکەی شوێنەواری کفری، توانای نۆژەنکردنەوەی دوو ئاسیاومان هەبووە بە ناوەکانی (قازی و ئیبرایم بەگ). ئاسیاوی قازی لە ساڵی ساڵی 2012 بە بڕی 27 ملیۆن و 289 هەزار دینار نۆژەن کرایەوە و ئاسیاوی ئیبرایم بەگ لە ساڵی 2016 بە بڕی 12 ملیۆن دینار نۆژەن کرایەوە، بە بەکارهێنانی هەمان کەرەستە لە ڕێگەی ئەو بڕە پارەیەی، کە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆمان تەرخان کرابوو. بۆ ئەمجارەش دەرخستەمان کردووە، بۆ بەدەستهێنانی بڕە بودجەیەک، بۆ ئەوەی بتوانین لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەست بە نۆژەنکردنەوەی ئاسیاوی خربە بکەین، مەبەست لە نۆژەنکردنە و گرنگی پێدانیشی ئەوەیە کە ئەم شوێنەوارانە لە ڕووخان بپارێزین، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوومان و تەنانەت سەرجەم ئەو گەشتیارانەی لە ئێستا و داهاتوودا سەردانی ئەم شوێنە دەکەن، بزانن کە باوک و باپیرانمان چۆن لە دێرزەمانەوە توانیویانە بە کاری دەستیی خۆیان بژیویی ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن، هەروەها ببێتە شوێنێکی گەشتیاری بۆ سەرجەم گەشتیارەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و بۆ سوودوەرگرتنی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەم شوێنانە، بۆ نووسینی توێژینەوەکان، بەتایبەت ئەوانەی کە لە بەشی مێژوو و ئەندازیاریدا دەخوێنن.
[1]