عومەری سۆفی مستەفا کە لەناو هەڤاڵەکانیدا بە کاکە دەبابە و کاکی کاکان ناسرا بوو، ساڵی 1924 لە شاری #کۆیە# لەدایکبووە، لەوێش خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواوکردووە دواتر چووەتە #کەرکووک# و لەوێ بووەَتە ئەندامی حزبی هیوا و پاشان ئەندامی کۆمەڵەی (ژ.ک) کە ناوەندەکەی لە شاری (#مەهاباد#) بوو.
کاکە دەبابە ڕۆڵەیەکی جوامێر و ئازا و دڵسۆز و بیرڕووناک بووە و خەمخۆرێکی کەموێنەی دۆست و هەڤاڵەکانی بووه، بۆیە نازناوی کاکی کاکان-یان بەسەردا بڕیوە، لە ژیانی کوردایەتیدا دلێر و ئازاو لەخۆبردوو بووە و هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات و ڕۆڵەی کارە گرنگ و نهێنییەکانی بوو، ساڵی 1943-1944 چووەتە کولێژی ئەندازیاری لە بەغداو هەر لەوێش بووەَتە ئەندامی حزبی (ڕزگاری) کوردی.
لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردی ئێراقدا بووەتە ئەندامێکی چالاک و کۆڵنەدەری پارتی و لە هەموو چالاکی و کۆبوونەوە و زەماوەندەکانی نەورۆزو خۆپیشاندانەکانی شاری (بەغدا) شدا شۆڕەسواری مەیدانەکان بووە و بەئازایەتی و خۆڕاگریی ناوی دەرکردووە.
لەخۆپیشاندانەکانی (وەسبەی کانوونی دووەمی 1948) دا کە ئەوسا لە قۆناغی سێیەمی کولیەی حقوقی بەغدا بووە، قارەمانی خۆپشاندەرەکان بوو، لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندەراندا وەک دەبابە دڕی بەپۆلیس و جاسوسەکانی میری دەدا و خۆپیشاندانەکانی بۆ پێشەوە دەبرد.
جارێکیشیان برینداریان کرد بەڵام برینەکەی سووک بوو. لەخۆپیشاندانی کانوونی دووەمی 1949 دا گیراو درا بەمەحکەمەی عورفی و ساڵێک حوکمدراو ماوەکەی لە زیندانی (کوت) بردە سەر پاش تەواوکردنی ماوەی زیندانییەکە دەچێتەوە کولیەی حقوقو لە ساڵی 1951-1952 تەواویدەکات و دەبێتە پارێزەر.=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/744/0001.JPG=KTML_ImageCaption_Title=عومەر دەبابە و خێزانەکەی=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=عومەر دەبابە و خێزانەکەی=KTML_ImageCaption_End=
لە کۆنگرەی سێیەمینی پارتیدا کە لە کانوونی دووەمی 1953 لە کەرکووک بەنهێنی بەسترا، بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵبژێردراوە، کاکی کاکان لە هەموو شاڵاوە ڕەشبگیرییەکانی ڕژێمدا بەر لافاو و شاڵاوی گرتنو ڕاونانو نەفیکردن کەوتووە.
لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمموزی 1958 لە کەرکووک لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی پارتی و هەڵسووڕێنەری ڕێکخراوە دیموکراتەکانی کرێکارانو لاوانو خوێندکارانو ژنان بووە. زۆر بەپەرۆشەوە هەوڵی خزمەتکردنی ئەو خێزانە بارزانیانەی داوە کە ئاوارەو دەربەدەربوون، یان لە زیندانەکاندا ئەچەوسێنرانەوە بەمەش خۆشەویستی خودانی بارزان شێخ ئەحمەدی بارزانی کە لە دوای ڕزگاربوونی لە زیندان لە کەرکووک لە ماڵی کاکە دەبابە میوان بووە.
لەسەرەتای ساڵی1961 گیراوەو بەڵام توانیویەتی لە زیندان خۆی دەربازبکات و دەستبداتە خەباتی نهێنی و ئینجا خەباتی چەکداری کە لە شۆڕشی ئەیلوول-دا دەورێکی گرنگی هەبووە و بووەتە لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ناوچەی پارێزگای #هەولێر#. ئیتر هەتا کۆتایی شۆڕشی ئەیلوول کاکە دەبابە قارەمانێکی نەبەزی شۆڕشەکەو پاڵەوانی زوربەی داستانەکانی بووە.
لە ساڵی 1969دا بووەتە خاوەنی ڕۆژنامەی (النور) و سەردانی هەندێک وڵاتیشی کردووە وەک ئەڵمانیای دیموکرات و میسرو سوودانو...هتد. لە دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول چووەتە ئێرانو لەوێ زۆر زوو گەڕاوەتە ئێراق.
لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا خۆی گەیاندۆتە شاخەکانو پێشتریش دەورێکی گرنگی هەبوو لە درووستکردنی جووڵانەوەی سۆشیالیستی کوردستاندا.
ماوەیەک بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک و لەشاخ ژیاوە، بەڵام بەهۆی نەخۆشی دڵەوە ڕێگەی پێدراوە کە بچێتە ئەوروپا بۆ درێژە پێدانی خەباتی سیاسی لەوێ لە دوای ڕاپەڕین وەک ئەندامێکی لیژنەی باڵای بەرەی کوردستانی و سەرۆکی مەحکەمەی باڵای شۆڕش خزمەتیکردووه، هەروەها لەگەشەپێدانی ڕاپەڕین و ی.ن.ک و بەرەی کوردستانیدا دەورێکی دیاری هەبووە.
لەخۆسازدانیشدا بۆ کۆنگرەی یەکەمی ی.ن.ک باڵادەست بوو، بەڵام لەناو هۆڵی کۆنگرە ڕۆژی 29ی کانوونی دووەمی ساڵی 1992 سەکتەی دڵی تووش هات و کۆچی دوایی کرد.[1]