هەرچی جوانی ڕۆییوە ڕۆژێ بەرەو لای دێتەوە
نیشتمانێکی لە دڵدا سەرلەنوێ دەڕوێتەوە
هەرچی کووچە و پەنجەرەی بەسراوی نێو ڕووحی هەبوون
ڕوو بە شاری خۆشەویستی ڕۆژێ بۆی دەکرێتەوە
هەرچی پاژی لەتلەت و پڕژ و بڵاوی ناوی بوو
یەک دەگرن و گشت دەبێت و بوونی ڕۆ دەنرێتەوە
هەرچی کانیاوی حەز و مەیلە کە کوێر بووبوون لە ئەو
بەم بەهاری شۆڕشە سەرچاوەکەی دەژیێتەوە
خۆش و ئاسوودە لەپاڵ تۆ دادەنیشێ ئەرخەیان
ڕۆژێ ڕێگای ئەم نەهات و مەینەتەش دەبڕێتەوە
پێشکەشی دیداری ڕوونی تۆی دەکا پاک هەندەران
یەک بزەی کاڵت بەدڵ گەر ساتێ بۆی بشنێتەوە
بەختی دەیهێنێ خەڵاتی خۆر لە ئاسۆی دوورەوە
بووکی ئازادی لەنێو ئامێزی خۆی دەگرێتەوە
دەرکی غەم گاڵە دەدات و ڕوو دەکاتە پێکەنین
تازە ئیتر قەت بەرە و ئەم سەردەمە نایێتەوە
هەر هەموو سەرمایەکەی سەودای خەمە و خەون و خەیاڵ
ژینی دانابێ، لە شێعری، ڕۆژێ تێ دێنێتەوە
(نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر) بڕوایەتی
هەروەکوو هێمن ئەویش هەر دێتەوە و هەر دێتەوە.
هۆنراوەی: محەممەد ئیسماعیل نژاد. [1]