پەیمانی لۆزان ئەو پەیمانەیە کە کوردستانی گەورەی تێدا دا بەشکراو بوو بە ژێر دەستەی دەوڵەتە گەورەکان و زلهێزەکانی جیهان، پاش ئەوەی (کەمال ئەتا تورک) سەرۆک و دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکیا، بە هەوڵی دیپلۆماسی و پاڵیشتی یەکێتی سۆڤێتی جاران توانی (پەیمانی سیڤەر) هەڵوەشێنێتەوە، لە ڕێکەوتی 24-07-1923 کۆنفرانسێکی نوێ لەلایەن دەوڵەتانی ئینگلیزو فەرەنسا و ئیتالیا و ڕووسیا، لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا بەسترا، مەبەست لە بەستنی ئەو کۆنفرانسەش، کەبە (پەیمانی لۆزان) ناوی دەرکرد، داڕشنەوەی سەرلەنوێ قەوارەی سیاسی و جوگرافی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. لەو ڕۆژەدا بوو بڕیارێکی نامرۆڤانەو، دوور لە هەموو یاساو پرانسیپێکی مرۆڤی و نێودەوڵەتی لە دژی نەتەوەی کورد درا، بەبێ ویست و ئاگاداری نەتەوەی کورد خاکی کوردستان و تێکرا دانیشتووانەکەی لەنێوان هەر چوار دەوڵەتی ئێران و ئێراق و تورکیا و سووریا دابەشکرا. پارچەی پێنجەمی کوردستانیش کەبە کوردستانی سوور ناو دەبرا، کەوتە ژێر دەستی یەکێتی سۆڤێتەوە، دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان، پاش داڕشتنی قەوارەی سیاسی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی درێژخایەنی خۆیان لە ناوچەکەدا، دەستیان کرد بە یارمەتیی دانی سەربازیی و فرۆشتنی چەکو پشتیوانی کردنی سیاسی و دیبلۆماسی لەو ڕژێمانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکرا بوو.
لەدوای پەیمانی لۆزانەوە ڕاپەڕینی کوردان لەنێوان ساڵانی 1918 تا 1938 لە باشوورو باکوور و کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ وەدەست هێنانەوەی مافی زەوتکراوی خۆیان لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە بە دڕندانەترین شێوە بەرپەرچ درانەوە. دەوڵەتەکانی گەورەی کۆڵونیالیستەکانیش بە مەبەستی هاوکاری کردن لە ئەو دەوڵەتانە ڕاستە خۆو ناراستەو خۆ پشتگیری سەریازیی و لۆجستیکییان پێشکەش دەکردن. پشتیوانی سۆڤیەت بە سەرۆکایەتی ستالین لە تورکیاو، دژاتیی کردنی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران و ڕۆخانی مەملەکەتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەلیکی کوردستان (شَخ مەحمودی نەمر) بە هاوبەشیکردنی سوپای عەرەب و ئینگلیز، هەروەها ڕووخانی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محمەد، لەلایەن سوپای ئێران و پشتیوانی کردنی ئەمریکا و ئینگلیز لە ڕژێمی حەمە ڕەزا شا، چەند نموونەیەکی ئەو گەلەکۆمە نێودەوڵەتی و ناوچەییەن کە دەرهەق بە گەلی کورد، لە دوای بەستنی پەیمانی لۆزان ئەنجام دران.
دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان پاش سەرکەوتنی جێبەجێکردنی بەندەکانی پەیمانی لۆزان لە دژی کورد سیاسەتێکی هاوبەشیان لە دژی کورد گرتەبەر و دەستیمانکرد بە جینۆسایدی ئابووری و فەرهەنگیی و ڕەگەزی و تاڵانکردنی کانزا و بەرو بوومی کوردستان و دەرکردنی کورد لەسەر زێدی باو باپیرانیان، بە نیازی ئەوەی کە نەتەوەی کورد لە نیو زمان و نەتەوەی خۆیاندا بتوێننەوەو ناوی کوردستانیش لەسەر نەخشەی جوگرافی جیهان بسڕنەوە.
پەیڕەوکردنی ئەو پلانەی کە لە پەیمانی لۆزاندا هاتبوو لە ئاکامدا بە درێژی کات کاریگەریی سامناکی بۆ سەر کورد بەدواوە بوو، دەوڵەتە داگیر کەرەکان لە پاش لۆزان دەستیان کرد بە توندکردن و بەستنی سنوورەکانیان و بەدەیان و سەدان هەزار خزم و بنەماڵە لە یەکدی دابڕان. لە سایەی پەیمانی لۆزاندا، لە سووریاو تورکیا حاشا لە بوونی کورد وەک نەتەوەیەک کراو لە ئێراقیش سیایەتی بەعەرەبکردن و بنەبڕکردن و ئەنفال و جینۆساید کردنی گەلی کورد هەمیشە لە ئارادا بوو، لە ئێرانیش هەر لە دەسەڵاتی ڕەزا شاوەو دامەزراندنی دەوڵەتی فارسەوە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوی کوردستانیان لە سەریان لابراو تەنیا چەند شارو شارۆچکەیەکیان ناونا کوردستان. هەرلە سایەی پەیمانی لۆزانەوە بوو داگیرکەرانی کوردستان لە ڕووی ئابووری و گەشەی پیشەسازییەوە بەردەوام پێشیان لە ڕەوتی گەشەسەندنی ئاسایی وسرووشتی گرتووە و، داهاتی نەوت و کانزا و سامانی کوردستان لە ماوەی ئەو هەشتا نەوت ساڵەدا کە لە هەزاران ملیۆن دۆلار تێپەر ِدەکات لەپێناوی پێشخستنی ئابووری و پیشەسازی خۆیاندا دەستەبەر کرد. بەدەیان و سەدان کوردیش بەهۆی بێکاری و نەبوونی بژێویی وەک هێزی کار، ڕویان کردە ناوچەکانی ئەوان و بەنرخێکی کەم کاریان پێکراوە.
لەسایەی پەیمانی لۆزاندا بوو کوژرانی زیاتر لە ملیۆنێک کورد لە ڕاپەڕێنەکانی شێخ سەعید و ئیحسان نووری پاشاو سەید ڕەزای دێرسیم و ڕاگواستنی ملیۆن و نیوێک کورد لە باکوور بۆ ناوچە تورک نشینەکان و لە ناوچونی کۆماری ئۆتۆنۆمی کوردستانی سوور لەلایەن سۆڤێتەوە و بڵاوەپێکردنی دانیشتووانەکەی بەناو کۆمارەکانی دیکەی سۆڤێتدا دا و هێرشی سەربازیی بۆ سەر باشووری کوردستان و ڕووخانی حکومەتەکەی مەلیک مەحمود و وێرانکردنی پێنج هەزار گوند لە باشوورو کیماباران کردنی شارو شارۆچکەکانی کوردستان و ئەنفال کردنی گەلی کورد لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە و ڕوخانی کۆماری مەهاباد و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی و سەدان ڕۆڵەی گەلی کورد لە کوردستانی باشوورو دەرکردنی فتوای جیهاد لە دژی کورد و هەموو ئەو کوشت و بڕو ماڵوێرانییەی کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بە سەر کورد هاتن هەمووی لە سایەی پەیمانی نەگریسی لۆزانەوە بوو، هەر بۆیە پەیمانی لۆزان بە سەرەتاو سەرچاوەی هەموو بێبەختی و نەهامەتی و ماڵوێرانی و دواکەوتنێکی کورد لە کاروانی سەرفرازیو پێشکەتن دادەنرێت.[1]