$رب ضارة نافعة$
#شاسوار هەرشەمی#
دڵنیام هەندێک لە ئێوەی بەڕێز، کە ئەم ناونیشانە نامۆیە دەبینن، زووتر پێی ئاشنا بوون و دەزانن، ئیدیۆمێکی زۆر ناسراوی زمانی عارەبییە، کە پوختەکەی بریتییە لە دڵنەوایی دانەوەی کەسانێک، کە لە ڕووداوێکدا زیانیان بەر کەوتووە و دەبێت بەبیریان بێنینەوە، کە هەندێک جار، سوودی زۆر لەو زیانە وەردەگیرێت و کەلێنێکی گەورەتری زیانی پێ دادەپۆشرێت، کە بە کەڵک بۆی دەگەڕێتەوە.
با بگەڕێمەوە سەر مەبەستی سەرەکیم. لەم سەد ساڵەی، کە جمهوریەتی ئەتاتورک دامەزراوە، هەموو حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورک، لە ڕوانگەی ئاساییشیی نەتەوەیی تورکەوە، سەیری کوردیان کردووە و کوردیان وەک دوژمنی داهاتووی هەرە پڕ مەترسی زانیوە، بۆ سەر مانەوەی کۆمارەکە. کار و بودجە و هەوڵی دیپلۆماتی و چوونە ناو هاوپەیمانیەتیە سەربازیی و ناوچەییەکانیان، تەنیا بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیە بووە. جگە لە بزووتنەوەی کورد و داخوازییەکانی بۆ داننان بە مافەکانی، دەستەڵاتدارانی تورک، هەموو ناحەزەکانی دی، وەک ئەرمەنستان و یۆنان و...، بە کەمبایەخ زانیوە.
تورکان لەم سەد ساڵەدا، بۆ خنکاندنی کورد و لەناوبردنی داخوازیەکانی، کوردستانیان بەسەر دوو جوگرافیا دابەش کردبوو.
ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فرات:-
ناوچەکە بە گشتیی دانیشتووانەکەی کورد و سوننەی سەر بە مەزهەبی شافیعیین، وەک نزیکەی تێکڕای کوردانی سوننەی پارچەکانی دی کوردستان. جگە لە چەند ناوچەیەکیش، کە کوردانی عەلەویی، بە هەردوو کورمانجیی و زازاکیی دەدوێن.
سیاسەتی تورک لەم ناوچانەدا، بریتیی بووە لە بە سەربازی کردنی کوردستان. ڕەشەکوژیی، کوشتن و تیرۆرکردنی سەردەستە و ڕۆشنبیران و کەسایەتییە چالاکەکان لە بواری سەندیکایی، تا دەگاتە ڕاگواستنی بە کۆمەڵ و خاپور کردنی گوندەکان. هێشتنەوەی ناوچەکان بە دواکەوتوویی کۆمەڵایەتیی. ناچار کردنی خەڵک، بە ملکەچیی کردن بۆ ئاغا و خاوەن زەویە لایەنگرەکانی دەوڵەت و دابوونەریتە خێڵەکییەکان. ڕێگا نەدان بە هێنانی پیشەسازی قوورس بۆ ئەم ناوچانە، تا بە بڵاوکردنەوەی بێکاریی، گەنجان وڵات بەجێبێڵن. هەروەک لە ڕێگای سیستەمێکی باش دامەزراوی خوێندن و پەروەردە، هەوڵی چڕیش دراوە، بۆ بە تورکیی کردنی زمانی خوێندن و نووسین و تا دەگات بە زمانی ڕۆژانەی خەڵکیش. لەپاڵیشیدا، قەدەغە کردنی دوان بە کوردیی. دژایەتی کردنی ڕێبەرانی ئایینیی و مەلا و شێخانی خاوەن تەریقەت، کە ئەوان وەک نەریتێکی کۆن، بەردەوام هەوڵیان دەدا، بە کوردیی بنووسن و بدوێن.
ڕۆژاوای ڕووباری فڕات:-
دانیشتووانی ئەم ناوچانە تێکەڵەیەک بوون لە زۆرینەی کورد و کەمینەی تورک و ڕێژەیەکی دیار لە عەلەوییەکان، کە زۆریان عارەب زمانن و هەندێکیدیشیان کوردزمان و نەختێکیش زمانیان بۆتە تورکیی. زۆرینەی کوردانی موسوڵمانی ئەم بەرەی ڕووبار، سوننەن، بەڵام وەک تورکان، سەر بە مەزهەبی حەنەفیین.
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی تورکیای نوێ، ئەتاتورک هەستی بەوە کرد، کە دەتوانێت بە ئاسانتر فێڵ لە هەستی ئایینیی کوردانی ڕۆژاوای فرات بکات و کردیشی. لە شەڕی قڕکردن و کۆمەڵکوژیی یۆنانیان لە ئیزمیر، کوردانی مەرەش و عەنتاب، لە پێشەوەی سپاکەی ئەتاتورک بوون. هەر لە پاداشتی ئەمە بوو، کە ئەتاتورک ناوی مەرەشی بۆ (قارەمان مەڕەش، Kahramanmara) گۆڕی و ناوی عەنتابیشی کردە (غازی عەنتاب، Gaziantep) .
بە هۆکاری ئەم هاوسۆزە ئایینییەوە، تورکان بە ئاسانی و بێ بەربەرەکانیی، توانیان بێنە ناوچەکە و سیاسەتی بە تورکیی کردنی ناوچەکە، بە ئاستێکی زۆر خێرا بەرەوە پێشەوە دەچوو. تەنیا کێشەی بە تورک کردن، کەمێک لەو ناوچانە هەبوو، کە لە سنوورەکانی سووریاوە نزیک بوون. ئەو کوردانەی نزیک سنوور، بەهۆی تێکەڵیی و خزمایەتیان لەگەڵ کوردانی عفرین و دەوروبەریی، توانیبوویان تا ڕادەیەک کورد بوونی خۆیان بەزیندوویی بهێڵنەوە.
دەبینین لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵاتی فرات، هەزاران گوند تێکدراون. تەنانەت گەڕەکی گەورە لە ناو شاری گەورەی وەک ئامەد، بە بلدۆزەر وێران کران، هاوکاتیش لەو بەری ڕووبارەکە، شارۆچکەی عەنتاب کرا بە یەکێک لە ناوەندە پیشەسازیە هەرە گەورەکانی باشووری ڕۆژاوای تورکیا و بووە گەورەترین میترۆپۆلی تورکیی لەو ناوچەیەدا. مەرەشیش تەکانی گەورەی بوژانەوەوە و بە پیشەسازی کردنی بەرکەوتووە. دیارە ناوچەکە بە گشتیی وایە. هاوکات سیمای کورد بوون لە ناوچەکە، بە هەمان خێرایی بە پیشەسازیی کردن دەسڕدرایەوە.
ئەم بوومەلەرزەی ئێستا، کە بەداخەوە زیانی گیانی گەورەی لێکەوتەوە، هاوکات دەتوانم بڵێم، هەوڵی سەد ساڵەی دەوڵەتی تورکی، بۆ بە تورکی کردنی ناوچەکە هێنایەوە سەر خاڵی سفر. بەهۆی داڕمانی کارگەکان و ڕێگاوبانی ناوچەکە، سەدان هەزار تورکی هێندراو بێکار ماونەتەوە و زۆریان بۆ نیشتمانی خۆیان و لای خزم و کەسوکاریان دەگەڕێنەوە.
هەروەک بەهۆی دەستتێوەردانەکانی تورک لە شەڕی ناوخۆی سووریا، ناوچەکە ببوە مۆڵگەی دەیان هەزار سەربازی تورک و دەیان هەزار بەکرێگیراوی سوورییش بە خێزانەوە، لەو شوێنانە نیشتەجێ کرابوون. زیانە زۆرەکانی سپای تورک جارێ نازاندرێت، چونکە قەدەغە کراوە ئاماژەی بۆ بکرێت. زیانی بەکرێگیراوەکانی سوورییش، سەرەتا کەمێکی ڕاگەیەنراو دەرکەوت کە بە چ قەبارەیەکی گەورە بووە.
لەمەش خراپتر، زانیارییە جیۆلۆجییەکان بۆ خەڵکی ناوچەکە و تورکە هێندراوەکانیش ڕوون بۆتەوە و ئێستا هەمووان دەزانن، هەموو ناوچەکە لەسەر پشتێنەیەکی ناچەسپیویی بوومەلەرزە بنیات نراوە، بۆیە جارێکی دی ناتواندرێت بکرێتە میترۆپۆلێکی زەبەللاحی پیشەسازیی و بازرگانیی.
جارێ تا کاتێکی دی نادیار، ڕیسی سەد ساڵەی ئەتاتورک و پاشماوەکانی بۆتەوە خوری و هێنانی تورک بۆ ناوچەکە دەوەستێت و خەڵک گیانی خۆی لا خۆشەویستترە لە خانوبەرەو کاری مفت.
باشترە ناوچەکە وەک جاری جاران، شار و شارۆچکەی مامناوەندی و بچووکی تێدا بێت و خەڵکەکەی دوور لەو جەنجاڵەی پیشەسازیی کردنە بژیێن. [1]