عەقڵی مێژووناسیی کورد؛ تێگەیشتن لە لۆزان.
نووسینی: #بێستوون عەبدولکەریم#
مێژوو هەر ڕابردوو نییە، بەڵکوو ڕیوایەتی ڕابردوویشە، یان مێژوو تەنیا ڕووداو نییە، بەڵکوو تەفسیری ڕووداویشە، ڕووداو و ڕاڤەکەی تەواوکەری یەکترن، دەق و واقیعی مێژوویی تێکەڵکێشن و کارلێک لەگەڵ یەکتردا دەکەن. ئەگەر مێژوو وەک ڕووداو و پێشهات کۆتایی هاتبێت، وەک ڕیوایەت و گێڕانەوە ئامادەیە و دەژی، لەم ڕووەوە، مێژوو دونیایەکی تێپەڕیو و دابڕاو و خامۆش نییە، بەڵکوو زیندوو و ئاگامەند و بەردەوامە، کەواتە دۆسیەی هیچ ڕووداوێکی مێژوویی دانەخراوە و بە وتەی نیچە هیچ حەقیقەتێکی مێژوویی ڕەها و سەلمێنراو بوونی نییە. هەموو تەفسیر و لێکدانەوەیەکی تازە وێنەیەکی جیاواز لەسەر ڕووداوەکە درووست دەکات و لەگەڵ ئەوەیشدا مێژوو پەیوەندی نێوان مێژوونووس و ڕابردووە. بەواتایەکی تر، چۆن ڕابردووە دەتوانێت سێبەری بەسەر ئێستاوە هەبێت و کاریگەریی لەسەری دابنێت، ئێستایش دەتوانێت شۆڕبێتەوە بۆ ناو ڕابردوو، بیگۆڕێت و سەرلەنوێ پێناسەی بکاتەوە و مانای پێبدات. هەرکات ڕووداوێکی مێژوویی شیکار و ڕاڤە دەکرێت، ئەوا ئەو ڕووداوە لە فەوتان ڕزگاری دەبێت و دووبارە دەخوڵقێنرێتەوە، ئەوەی ئێمە بە ڕابردووە گرێدەدات، خودی ڕووداوەکە نییە، بەڵکوو ڕیوایەتی ڕووداوەکەیە، بەم هۆیەوە ڕووداوەکان پێناسەیەکی جێگیر و نەگۆڕیان نییە و بەردەوام شوناس و واتای تازە لەخۆ دەگرن، بە وتەی گادامێر هیچ تەفسیرێکی کۆتایی و لێبڕاوە بوونی نییە، لەم ڕوانگەیەوە، چەندە هۆکار، بەستێن و ئاکامەکانی ڕووداوەکان لەڕووی واقیعییەوە گرنگن، ئەوەندەش پەسندان، لێکدانەوە، وتار و وێنە زەینییەکەی ڕووداوەکە گرنگە.
لەسەر ئەو بنەما تیۆرییەی سەرەوە، دەتوانین لە خەیاڵدانی مێژوویی کورد تێبگەین، عەقڵی مێژووناسیی کورد لە کوێی ئەم هاوکێشە زانستییە نوێیەدایە؟ دەتوانین بڵێین کورد قەیرانی ئاگایی مێژوویی هەیە و تاڕادەیەک زۆر توانای خوێندنەوەی تیۆریی و فکری لەسەر مێژووی خۆی نییە، مامەڵەی کورد لەگەڵ مێژوودا مامەڵەیەکی زۆر سەرپێی و ڕاگوزەر و ڕووکەشانەیە، دیدی کورد بۆ مێژوو، پڕۆسەیەکی کەڵەکەبووی و تەکامولیی نییە، مێژوو بۆ کورد ئەوەندەی ساڵ، ژمارە و چیرۆکە، ئەوەندە پەیام و ئەزموون و بیرکردنەوە نییە، مێژوو لای کورد خۆناسین و بەخۆداچوونەوە نییە، ناتوانێت خۆی پێناسە بکات و لەوی تریش تێناگات، بەم هۆیەوە ئاگایی و تێگەیشتنی تازەی بۆ ڕووداوەکان نییە.
لای کورد لۆزان وەک ڕووداو گرنگە، نەک وەکوو وتار، لە کاتێکدا نووسین و ڕیوایەت ئێمە بە جۆرێکی تر دەباتەوە بۆ ناو قووڵایی مێژوو، وەک مێژوو گرنگە نەک وە ئێستا و دیاردەیەکی سەیر ورە، کورد لۆزان وەک ڕووداوێکی چەقبەستوو و داخراو دەبینێت، لە یادگە و کۆنەستی گشتییدا وەک کابوس و تراژیدیا لێی دەڕوانێت و مامەڵەی مەعریفی لەگەڵدا ناکات، وەک جەبر و قەدەری مێژوویی مامەڵەی لەگەڵ دەکات و بە دادگای مێژووی سپاردووە و چاوەڕێیە لەوێوە حەقەکەی وەربگرێتەوە ( چاوەڕێیە مێژوو تۆڵەی بۆ بکاتەوە) . مامەڵەی مەعریفی ئەوەیە لە ڕێگەی ناسین و سەرلەنوێ نواندنەوەوە، دەتوانین دەسکاری شوناسی ڕووداو بکەین، ئەگەر ڕووداوێک تا دوێنێ سیمای شکست و کەوتن بوو، ئێستا هێمای نوێبوونەوە و هەستانەوەیە، ڕووداوەکان بەپێی تێپەڕبوونی کات مانا و دەلالەتی تازە وەردەگرن. لۆزان چی لە ئێمە کرد، چی پێبەخشین و چی لێ وەرگرتینەوە؟ مانا و وانەکانی لۆزان چییە؟ ئێمە لە پاش لۆزان دەبووایە چۆن بژین و چیمان بکردایە؟ لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو ئێمە هیچ پرسیارێکی نوێمان دەربارەی لۆزان نەخستۆتەڕوو. لێرەوە دەردەکەوێت لۆزان بۆ کورد تەنیا وەک ڕووداو کارەسات نییە، بەڵکوو وێنە و لێکدانەوە مێژووەکەیشی لە تەنگەژەدایە. گێڕانەوە و نووسین دیاری دەکات ئێمە لە واقیعدا چۆن لە لۆزان تێدەگەین. ئیتر کاتی ئەوە نییە بەشێوەیەکی تر بیر لە لۆزان بکەینەوە؟. [1]