- کۆچکردنی نووسەر ئەمیری حەسەن پوور بۆ کەنەدا.
- لەم ساڵەوە هونەرمەند محەمەدی ماملێ بەهۆی نەخۆشیی فەرامۆشییەوە وازی لە گۆرانی وتن هێنا.
- گەڕانەوەی شەماڵ عەزیز عەبدولڕەحمان لە ئەڵمانیاوە بۆ ڕیزی پێشمەرگەکانی پاسۆک و پاش ساڵێک گەڕایەوە بۆ ئەڵمانیا.
- لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بەعسییەکانەوە تاوەکو ئەم ساڵ: زێتر لە 1.895 گوند و شارۆچکە بەر ڕاگواستن کەوتوون، کە ژمارەی خێزانە ڕاگوێزراوەکانی لە تەنێ 1.476 گوندا دەگاتە 84.877 خێزان. هەر ئەم ڕامیاریی ڕاگواستن و بەعارەبکردنە بووە هۆی ئەوەی زێتر لە 42.488 کم چوارگۆشە، واتە 4914ی خاکی کوردستانی ژێردەستی ئێڕاق بە عارەب بکرێت.
- خراپبوونی پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پکک.
- ڕوودانی شەڕی بەرەیی قەیوان - ماوەت لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سوپای ئێڕاقدا، ئەو شەڕە 3 مانگی خایاند و 800 سەرباز و جاشی تێدا کوژرا، دەیان پێشمەرگەشی تێدا شەهید بوو. ئەم شەڕە پێشمەرگەی لایەنەکانی تریش بەشدارییان تێدا کرد، لەوانە پاسۆک، کە شەهیدێکیان بەنێوی شەهید بێستونەوە تێدادا.
- بەهاری ئەم ساڵ: ڕێکەوتنی دوولایی لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حسک دا مۆرکرا، کە بەو پێیە کۆتایییان بە ناکۆکییەکانیان هێنا و پاشان پاسۆک و پارتی گەلیش چوونە نێو ڕێکەوتننامەکەوە.
- داگیرکەری فارس، بڕیاری کوشتنی ڕێبەرانی کوردی دەرکرد.
- بەستنی کۆنگرەی جیهانی بۆ هێزە شۆڕشگێرەکان لە شاری تەڕابلوسی لیبیا، کۆنگرەوانەکان هەموو لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە کورد مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەیە.
- بەستنی کۆنفرانسی یەکێتی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپا سۆکسە، لە بەرلین، لەو کۆبوونەوەیەدا ڕیزی خوێندکاران بوونە دوو بەشەوە، بەشێکیان کەنارگیر و ئەوی تریان سەربە پاسۆک، یان هێڵی ئازاد مستەفا بوون.
- دامەزراندنی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە کوردستان، لە کارەکانی ئەم کۆمەڵەیە کۆکردنەوەی ڕاپۆرت و بەڵگەنامە لەسەر ژیانی کولەمەرگیی خەڵکی کوردستان.
- 7 پەڕڵەمانتاری کوردی باکوور بۆ کۆنفرانسی مافی مرۆڤ لە پاریس بانگهێشتن کران.
- کردنەوەی ڕادیۆی کوردی لە کۆماری گورجستانی سۆڤیەت، کە هەفتەی جارێک بۆ ماوەی 20 خولەک بەرنامەی کوردیی بڵاودەکردەوە.
- دەرچوونی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری دلانپار لە فینلاند لەلایەن ڕەوانشاد ڕەهبەر جەلالەوە.
- شەهیدبوونی منداڵێکی شەش ساڵانەی هونەرکاری وێنەکێش عەزیز سەلیم ئەحمەد لەلایەن داگیرکەری عەرەبی ئێراق.
- بەپێی ئاماری ئەم ساڵ، ژمارەی کورد لە خۆرهەڵاتدا بەم شێوەیەیە: ئازربایجانی غەربی 1.971.677، کرماشان 1.462.965، کوردستان - سنە 1.078.415، چەهار موحال و بەختیاری 631.179، لوڕستان 1.367.029، ئیلام 382.091، کوهگیلو و بویر ئەحمەد 411.828، لە خوزستان 1.413.298، لە فارس 392.633 و لە بوشەهر 89.171 کەسە. واتە تێکرای دانیشتوان 9.200.286 کەسە.