عیرفان عەلی عەبدولعەزیز.
عیرفان کوڕی عەلی کوڕی عەبدولعەزیز کوڕی محەمەد کوڕی مستەفایە، یەکێکە لە سیاسییەکانی کوردی باشووری کوردستان، و ڕابەری ئێستای بزووتنەوەی ئیسلامییە.
لە #12-01-1964# لە پارێزگای ھەڵەبجە لە بنەماڵەیەکی ئایینی ناسراو لە دایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە ھەڵەبجە خوێندووە، دواتر لە قۆناغی خوێندنی ناوەندی چووەتە پەیمانگای ئیسلامی ھەڵەبجە کە مامۆستا عوسمانی مامی بەڕێوبەری بووە، لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای ھەشتاکاندا بەشداری خۆپیشاندانەکانی پارێزگای ھەڵەبجە کردووە دژی حکوومەتی بەعس، لە ساڵی 1983–1984 لە کۆلێژی شەریعە لە بەغدا دەستی بەخوێندن کردووە، بەڵام بەھۆی گومانی چالاکی سیاسیی و ئیسلامی و ناکۆکی لەگەڵ یەکێتی قوتابییانی سەربە حیزبی بەعس دووچاری دەرکردن بووەتەوە و لە خوێندن دوورخراوەتەوە و گەڕاوەتەوە ھەڵەبجە. لەگەڵ ھەر یەک لە مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیزی مامی، کە یەکەم ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، لەگەڵ باوکی مامۆستا عەلی عەبدولعەزیز کە بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری ھێزی پێشمەرگەی بزووتنەوە بوو.
لە ساڵی 1987 لەگەڵ کۆمەڵێک زانا و خەڵکی ھەڵەبجە ئاوارەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و چیاکانی سەر سنوور دەبن. لە دوای دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی تاوەکوو ساڵی 1990 ئەندامی مەکتەبی عەسکەری بزووتنەوە بووە، دواتر بۆ تەواوکردنی خوێندن دەچێتە زانکۆی تاران بەشی زانستە سیاسییەکان.
لە ساڵی 1994 کۆلیژی شەریعە تەواو دەکات و پاشان دەست بە خوێندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکات. دواتر گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان.
ساڵی 1996 وەکوو ڕاوێژکاری مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیزی مامی دەستبەکاربووە کە ئەو کات ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بووە. پاشان بووەتە بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژی بزووتنەوەی ئیسلامی، و گۆڤارێکی فیکری و سیاسی وەرزیان دەرکردووە بە ناوی گۆڤاری بوار.
لە ساڵی2003 دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ڕاگەیاندنی شەڕی دژەتیرۆر لەلایەن ئەمریکا و فشار کەوتنە سەر ئیسلامییەکان، باشووری کوردستان جێدەھێڵێت و تاوەکوو 2007 ناگەڕێتەوە، پاشان وەکوو ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستبەکاردەبێت.
لە کۆنگرەی 10 ئەو حیزبە لە ساڵی 2012 بە ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ھەڵدەبژێردرێت.
لە ڕێکەوتی #28-07-2016# دوای بەستنی کۆنگرەی 11ی ئەو حیزبە جارێکی دیکە بە ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ھەڵبژێردرایەوە.
ھەروەھا لە ڕێکەوتی #05-02-2022# دوای بەستنی کۆنگرەی 12یەم بۆ جاری سێیەم بە ڕابەری گشتی ھەڵبژێردرایەوە.
[1]