خەسرەو مستەفا خاڵ ساڵی 1939 لەبنەماڵەیەکی دیارو بەناوبانگی شاری سلێمانی لەدایک بووە، لەتەمەنی لاوێتیدا تێکەڵ بەخەباتی کوردایەتی بووەو لەناو یەکێتیی قوتابیانی کوردستان تێکۆشاوە.
خوێندارێکی زیرەک و لێهاتوو بووەو قۆناغەکانی خوێندنی بەسەرکەوتووی بڕیوە تاگەیشتۆتە زانکۆی بەغدا لەکۆلێژی ڤێتێرنەری وەرگیراوە، لەوماوەیەی خوێندنی زانکۆیدا، چالاکییە سیاسییەکانی پەرەیان سەندووەو یەکێک بووە لەخوێندکارە دیارو ناسراوەکانی پارتی دیموکراتی کورستان، بەرلەوەی خوێندن تەواو بکات ساڵی 1961 لەسەرەتای شۆڕشی ئەیلولدا ڕێگەی شاخی هەڵبژاردو بوو بەپێشمەرگە، بەڵام لەساڵی 1964 کاتێک لێکترازان کەوتە ناوڕیزەکانی پارتی، دکتۆر خەسرەو گەڕایەوە بۆتەواوکردنی خوێندنەکەی و بەسەرکەوتووی تەواویکرد، چەندمانگێکیش وەک ئەفسەرێکی یەدەگ بەشداریی لەخولێکدا کردووە، پاشان بەناونیشانی پزیشکی ڤێتێرنەری لەشاری لەهەولێر دامەزراوە، دواتر گوێزرایەوە بۆ پارێزگای سلێمانی.
هەستانەوەی دوای نسکۆ
دوای تێکچوونی وتووێژی نێوان حکومەتی ئەوسای عیراق و شۆڕشی ئەیلول و دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوانیان لەئازاری 1974 دا، دکتۆر خەسرەوی نەمر بۆجاری دووەم بۆتەوە بەپێشمەرگە، هەروەها لەبوارەکەی خۆیشیدا لەناوچە ڕزگارکراوەکاندا خزمەتی کردووە تانسکۆی شۆڕش لەساڵی 1975دا، گەڕاوەتەوە بۆناوشار، بەڵام وازی لەتێکۆشانی سیاسی نەهێناوەو هەرزوو جێگەی خۆی لەڕێکخستنەکانی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و لەدواییدا لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا) کردەوەو درێژەی بەخەبات و تێکۆشانی نهێنیدا.
سەرکردەی نەمر ئەوکاتە عیادەی ڤێتێرنەریی لەشارەزوور هەبووە، بەڵام ئەوێ و ماڵەکەیشی ببووە جێی کۆبوونەوەی ڕێکخستنەکان و هاتوچۆی پێشمەرگەو تیمارو چارەسەرکردنی پێشمەرگەی بریندارو نەخۆش، ئەوەش لەوکاتەدا نەک کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵکو هێندە زەحمەت بوو کەئاشکرابوونی کەمترین زانیاری ئەوکارە، گوللەبارانکردن و لەسێدارەدانی کەسەکەو بێسەرو شوێنکردنی خانەوادەکەی بوو.
دوای هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ، چالاکانە لەڕیزی ڕێکخستنەکانی ناوشاری سلێمانیدا بەنهێنی کاروبارەکانی شۆڕش و ڕێکخستنی ئەنجام داوە، هەرئەوکاتە ڕۆڵی بەرچاوی بینی لەپتەوکردن و گەشەپێدانی ڕیزەکانی ڕێکخستن، هەروەها بەوەرگێڕان و نووسینی دەیان وتارو لێکۆڵینەوەی تیۆریی شۆڕشگێڕانە، توانیی ئاستی ڕۆشنبیری هاوڕێیانی ڕێکخستن گەشەپێبدات.
سەرکردەو ڕۆژنامەنووس
بەهۆی لێهاتوویی خۆیەوە، سەرکردەی نەمر خەسرەوخاڵ لەکۆنفرانسی سێیەمی کۆمەڵە لەساڵی 1984 بەئەندامی یەدەگی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا، هەمان ساڵ لەسەر داوای سەرکردایەتی شۆڕش، خەباتی نهێنی شاری جێهێشت و بوو بەپێشمەرگە، لەژیانی پێشمەرگایەتیشدا بەهەمان گوڕو تینەوە خەباتی دەکرد.
سەرەڕای ئەوەی دکتۆری سەرکردە سیاسییەکی بیرتیژ بوو، نووسەرو ڕۆژنامەنووسێکی بەتواناش بوو، بۆیە لێپرسراوێتی دەزگای ڕۆشنبیری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانی پێسپێردراو لەو ماوەیەشدا گوڕو تینێکی دیاری بەو دەزگایە بەخشی، هەر لەژێر سەرپەرشتی ئەویشدا چەندین کتێب و نامیلکەو گۆڤار چاپ و بڵاوکرانەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستای پێگەیاندنی کادیرانی کۆمەڵەش بوو، ڕۆڵێکی باشی گێڕا لەپێگەیاندنی کادیران و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سیاسیدا.
لەبواری دیپلۆماتیدا
ئەوسەرکردەیە، خاوەنی زۆر خەسڵەتی گرنگ بوو، سەرەڕای ئەوبوارانەی کەلەسەرەوە ئاماژەمان پێدان و خەسرەوخاڵ ڕۆڵی گرنگی تێدا بینیون، لەبواری دیپلۆماتی و پەیوەندییە دەرەکیەکانیش لێزان و خاوەن سەلیقەی تایبەت بووە، بۆیە لەسەرەتای ساڵی 1987دا سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەرکی لێپرسراوێتی پەیوەندییەکانیی (ی.ن.ک)ی لەشامی وڵاتی سوریا بە خەسرەو خاڵ سپارد، ئەویش لەئاستی ئەرکە نوێکەیدا بوو، لەو ماوەیەشدا توانی پەیوەندیی (ی.ن.ک)و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لەگەڵ حکومەت و کۆمەڵەو ڕێکخراوە عەرەبییە پێشکەوتنخوازەکاندا توندوتۆڵتر بکات.
خەسرەو خاڵی سەرکردە لەئەرکە دیپلۆماتییەکەیدا مایەوەو جێدەستی لەوبوارەدا بەڕوونی دەرکەوت، دواپلەیشی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بەجۆرە بەردەوام بوو تا لەڕۆژی 31-12-1988 لەیەکێک لەنەخۆشخانەکانی شاری دیمەشقی سوریا، بەنەخۆشی کۆچی دوایی کرد.