بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، تەنیا لە کوشتارگاکانی ئاژەڵی سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان زیاتر لە 14 هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و نزیکەی سێ هەزار سەر ڕەشەوڵاخ بەهۆی جەژنی قوربانەوە سەربڕدراون.
هەولێر، ئاوێنەنیوز: پزیشکی ڤێتێرنەری ڕاوێژکارو بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە ب.گ.سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، د.ئازاد خۆشناو، لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ (شەممە) ڕایگەیاند، لە سێ ڕۆژ بەر لە جەژن و چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا، لە گشت کوشتارگاکانی هەرێمی کوردستان لە سەنتەری پارێزگاکان بەگەرمیانیشەوە، زیاتر لە ( 14) هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و نزیکەی سێ هەزارسەر ئاژەڵی گەورە سەربڕاون، ئەمە جگە لەسەربرینی ئاژەڵکی زۆر وەک قوربانی لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەماڵەکانی خۆیاندا کە ژمارەکەی لای ئەوان نەزانراوە.
ناوبراو وتیشی، تەنیا لە کوشتارگەی قەرەگوڵی سەنتەری پارێزگای سلێمانیدا زیاتر لە چوار هەزار سەر ئاژەڵی بچووکو (417) سەر ئاژەڵی گەورە سەربڕاوە.
لەگۆشتگەی هاوچەرخی سەنتەری پارێزگای هەولێر چوار هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و زیاتر لە (1500) ئاژەڵی گەورە سەربڕاوە و لەکوشتارگەکانی پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە چوار هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و (780) ئاژەڵی گەورە سەربڕاوە، لە کوشتارگەی کەلاریش لە دەڤەری گەرمیان نزیکەی دوو هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و تەنیا (250) ئاژەڵی گەورە سەربڕاوە.
-19-10-2013