8ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، ڕەمزی خەباتو وەستانەوەیە بەدژی نایەکسانیو جیاکاری دژی ژنان. ڕۆژی ڕاگەیاندنی حوکمی تاوانباربوونی ئەفکارو نەریتو کەلتورو دەسەڵاتو یاسای چینی بۆرژوازیە، کە بۆ پاراستنو ڕاگرتنی پایەکانی ڕژێمە چەوسێنەرو نایەکسانو دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا، ژنانی لە جێگاورێگایەکی کۆمەڵایەتی خوارترو لە ژێردەستەییو بێمافیەکی کەم وێنەدا ڕاگرتوە.
هەرجۆرە دەست ڕاگەیشتنێکی ژنان بە ئازادیو یەکسانی بەندە بە پێشرەویکردنی بزوتنەوەی یەکسانیخوازیەوە بەرامبەر بە سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتو ئەفکاری بۆرژوازیو نەریتە کۆنەپەرستو دژە مرۆییەکانی. خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە نایەکسانی کۆمەڵایەتیی نێوان ژنو پیاو بەشێکە لەخەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سەرمایەداری.
لە کوردستان، دەسەڵاتو یاساو فەرهەنگی بۆرژوازی کوردو بزوتنەوە سیاسیو کۆمەڵایەتیەکانی، ئیسلامیو ناسیۆنالیستی، هەلومەرجێکی یەجگار خەتەرناکو نامرۆڤانەیان بەسەر ژیانو گوزەرانی ژناندا سەپاندوە، سوکایەتی بە کەرامەتو کەسایەتیی مرۆیی ژنان دەکرێت، مانەوەی فیزیکی ژنان بەردەوام لەبەردەم هەرەشەو مەترسیدایە.
ژنان لە کوردستان بە سەدان هەزاریان لەناو ماڵدا یەخسیرو گیرۆدەی کاری بێبەرهەمو بێبەرامبەری ناوماڵ کراون. لەچوارچێوەی خێزانی پیاوسالاریدا وەکو کۆیلە کاری بەخێوکردنو پەروەردەکردنی مناڵ ئەنجام دەدەن. نە وەکو بەشێک لە هێزی کار کە دەبێ بەرامبەر بە کارەکانیان کرێ وەربگرن تەماشا دەکرێن نە وەکو بێکارێک کە دەبێ بیمەی بێکاری پێبدرێت!
ئەو بەشەی ژنانیش کە لەسەرکارن، لە هەلومەرجێکی نایەکسان لەگەڵ پیاواندا کاردەکەن، بێجگەلەوەی کەزۆرجار ژنانی کرێکار ڕوبەرووی هەراسانکردنی سێکسی دەبنەوە. لەوەش واوەتر سوکایەتیو ئەتککردنو ناچارکردن بە خۆسوتاندنو کوشتنی ژنان دیاردەیەکی خەتەرناکە لە کۆمەڵگای کوردستاندا لەژێر سایەی دەسەڵاتی بۆرژوا- ناسیۆنالیستی کوردیو باڵادەستیی یاساو نەریتو ئەفکارو فەرهەنگی کۆنەپەرستو پیاوسالارانەی بۆرژوازیدا. ژنان لەسەر دەستی هێزو بزوتنەوە ناسیۆنالیستیو ئیسلامیەکانی کوردستان دا بەرەورووی ئەنفالێکی بەردەوام بوونەتەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، خەبات بۆ ڕزگاری ژنان و بەدیهێنانی ئازادیو یەکسانی ژنان لەگەڵ پیاواندا، پاراستنی کەسایەتی ژنان، بەرگریکردن لە مافو ئازادیەکانیان، وەستانەوە بەرووی هەرجۆرە جیاکاریو توندوتیژیەک بەرامبەر بە ژنان، بەهرەمەندبوون لە مافە ئابوریو سیاسیو کۆمەڵایەتیەکان، گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ ژنانو مەسەلەکانیان، پشتیوانیکردن لە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و خەباتکردن دژ بە ئەفکارو بۆچوونە کۆنەپەرستو پیاوسالاریەکان بە ئەرکێکی سەرەکیو گرنگی خۆی دادەنێت. لەوبارەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بانگەوازی سەرجەم ژنانو پیاوانی یەکسانیخوازو لایەنگری مافو ئازادیەکانی ژنان دەکات کە شانبەشانی حزب بۆ ئەم خواستانەی خوارەوە بێنەمەیدان:
1- ژنانو پیاوان لە هەموو مافە یاساییەکانیاندا بە تەواوی یەکسان بن.
2- دەستبەجێ یاسای فرەژنی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێتەوە.
3- ژنانی ماڵەوە وەکو بێکار هەژماربکرێنو فرسەتی کارپەیداکردنیان بۆ برەخسێت، تائەوکاتەشی کاریان دەست دەکەوێ پێویستە بیمەی بێکارییان پێبدرێت.
4- هەرجۆرە هاندانو بەکارهێنانی توندوتیژیەک دژی ژنان تاوانەو دەبێ بکەرانی ڕووبەرووی سزای یاسایی ببنەوە.
5- کوشتنی ژنان یان هاندان بۆ کوشتنی ژنان لەلایەن هەرکەسێکەوە بێت وەکو تاوانی گەورە وئەنقەست بناسرێتو ئەوانەی تێوەی دەگلێن سزای قورس بدرێن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
7ی مارسی 2014