رونکردنەوەیەک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ ڕای گشتی
بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا تاڤگە ئەحمەد لە فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقو ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دوربخاتەوە لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
1. دەرچونی ناوبراو لە ئیجماعی کوردیو ئەجێندای بزوتنەوەی گۆڕانو فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
2. پابەند نەبونی بە ئەجێنداو هەڵوێستی فراکسیۆنەکەمانو بزوتنەوەی گۆڕانو بەشداریکردنی لە کۆبونەوەی پەرلەمانتارە مانگرتووەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەژێر کاریگەری ئەجێندای لایەنێکی تر.
3. ئەگەرچی لە ماوەی پێشودا چەندین جار ناوبراو ئەگادار کراوەتەوە لەسەر سەرکێشیو دەرچونی لە هەڵوێستو ئەجێندای فراکسیۆنو بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام بێ سود بوو. ئێمە لە کاتێکدا داکۆکی لە ڕای ئازادو بۆچونی جیاواز دەکەین بەڵام ئەم حاڵەتە تا ئەو کاتە ڕێگەپێدراوە کە بۆچونو دیدە جیاوازەکان نەچنە خانەی دژایەتیکردنی هەڵوێستی نیشتیمانیو بەرژەوەندی نەتەوەیییەوە.
هەر بۆیە ڕایدەگەیەنین کە لە دەرچونی ئەم ڕونکردنەوەوە ناوبراو هیچ پەیوەندییەکی بە فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقو بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە.
16-04-2016