بەهۆی نزیکبوونەوەی #جەژنی ڕەمەزان# و زیادبوونی خواست لەسەر پەلەوەرە کوردییەکان، نرخیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ئەندامێکی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی #سلێمانی#ش باس لەوەدەکات ناتوانرێت نرخەکانیان کۆنتڕۆڵ بکرێن.
سامان سەعید یەکێک لەخاوەن دوکانەکانی پەلەوەر لە ژێرپردەکەی شاری سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، لەئێستادا کە بەرەو جەژن دەڕۆین هاوڵاتیانی شاری سلێمانی دێن بۆ کڕینی پەلەوەرە کوردییەکان وەک قەل و مریشک و کەڵەشێر، بەو هۆیەوە نرخیان بەرزبۆتەوە.
وتیشی، پێشتر قەلی کوردی کیلۆی بە 16 هەزار دینار بوو، بەڵام لەئێستادا نرخەکەی گەیشتۆتە 20 هەزار دینار، جگە لەوەی نرخی مریشکی کوردیش چەند هەزارێک زیادی کردووە.
ژێرپردەکەی سلێمانی دەکەوێتە ناوجەرگەی بازاڕەوە کە ژمارەیەک دوکانی زۆر پەلەوەر و باڵندەی تێدا دەفرۆشن.
کاوان ئەحمەد یەکێک لە کڕیارن کەسەرقاڵی مامەڵەکردنی پەلەوەری کوردی بوو بەدواڕۆژی وت، پێش ماوەیەک سەردانی ئێرەمکرد نرخەکان هەرزانتربوو، بەڵام لەئێستادا نرخەکان زیادبووە بەجۆرێک بۆ کیلۆیەک قەل 4 هەزار دینارە وە مریشک و کەڵەشێرەکانیش نزیکەی 3 هەزار زیادی کردووە.
بەشێک لە هاوڵاتیانی دەرەوەی شاری سلێمانی و گوندنشینان پەلەوەری کوردی بەخێودەکەن و لەکاتی جەژنەکاندا دەیانهێنن بۆ ژێرپردەکە و بەنرخێکی گونجاو دەیفرۆشنەوە لەبازاڕیشدا ئەو قەل و مریشکانە بازاڕیان باشترە کە کوردی ڕەسەنن، چونکە لەئێستادا مریشک و کەڵەشێری ئێرانی هاتۆتە بازاڕەوە گەر زۆر شارەزانەبیت جیا ناکرێنەوە لە هی کوردی.
ئازاد شمقار ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدواڕۆژی وت بازاڕی پەلەوەرەکان بازاڕێکی ئازادە ناتواندرێت کۆنتڕۆڵبکرێت، چونکە بەرهەمێکە کە لەناوخۆدایە هاوڵاتیان خۆیان پەروەردەی دەکەن و دەیخەنە بازاڕەوە
لەئێستادا لەبازاڕدا پەلەوەری خۆماڵی و پەلەوەری مەسڵەحە و ئێرانی تێکەڵاوبون کەبەپێی جۆرەکەی لەنرخدا جیاوازی هەیە و پەلەوەری خۆماڵی نرخی لە هەمو جۆرەکانی دیکە گرانترە.
دوارۆژ
21-06-2017