بۆ ڕایگشتی....
تەڤگەری ئازادیی بەدروشمی نا بۆ ئەنجامدانی #ڕیفراندۆم# پرۆژەیەکی جێگرەوەی بۆ چارەسەری پرسە هەنوکەیی و ستراتیژییەکان، پێشکەش بە گەلەکەمان و ڕای گشتی کرد، کە تیایدا وێڕای ئەوەی ئامانجە شاراوه و پڕ مەترسیدارەکانی پشتی ڕیفراندۆمی ئاشکرا کردووە، لە هەمان کاتدا پێشنیاری پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکراتی بێلایەنی کاتیمان کردبوو بۆ بەجێ کردنەوەی سیستم لە باشوری کوردستاندا، چونکە هەموومان دەزانین کە سیستم بونی نەماوە لە ئێستادا.
لە بواری ستراتیژی بەڕێوەبردنیشەوە تەڤگەری ئازادیی بۆ پێکەوە ژیانێکی دیوکراتییانە، وەکو ئەڵتەرناتیڤێک بژاردەی مۆدێلی خۆبەڕێوەبردنێکی دیموکراتیانەی هاوشێوەی شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان پێشکەش کردووە، چونکە چارەسەری پرسی کورد و پێکهاته و باوەڕیی و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان، تەنها لەم مۆدێلەدا خۆی دەبینێتەوه.
ئێمە بەردەوام دەبین لە ئاشناکردنی گەل بەم مۆدێلە چونکە بەدەر لەوە تەنها ناکۆکی و شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمەکەدا قوڵتر دەبێتەوه و ناسەقامگیری دەبێتە دۆخی هەمیشەیی ناوچەکە، لە بەرامبەر پەیامی ئێمە کە نا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو هەتا ئێستا دەسەڵات سورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.
ئێمە وەکو هێزێکی سیاسی کۆمەڵایەتی باشوری کوردستان لە سۆنگەی دڵسۆزیی و خەمخۆریمانەوە بۆ گەلەکەمان و هەستکردنمان بە ئایندەیەکی مەترسیدار، بە پێویست دەبینین دەنگی خۆمان بگەیەنینە تەواوی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان، له و چوارچێوەیەشدا بانگەوازی دەکەین کە هاوڵاتیان بە دەستی خۆیان شەڕ و ناکۆکی و گرانی و ماڵوێرانی نەهێنن بەڵکو بەهیچ جۆرێک نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بژاردەی بایکۆت پەسەند بکەن.
بەواتای شەرعیەت نەدان بە پرۆسەیەکی ناشەرعی بایکۆت لە ئێستادا باشترین هەڵوێستە بەرامبەر بە دەسەڵاتێک هەرگیز باکی بە دەنگ و خواست و ژیانی خەڵکەکەی نەداوە جگە له و کاتانەی تەنگاوی سیاسی ڕووی لە خۆی و مانەوەی هەژمونی سیاسی حیزبی و بنەماڵەییان کردووه.
17-09-2017