هاونیشیتیمانیانی بەڕێز، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، پێشمەرگە قارەمانەکان، خانەنشینان، فەرمانبەران و سەرجەم موچەخۆران.
لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا چەندین پرۆژەمان پێشکەشکردووە بۆ پێداچونەوە بەسیستمی موچەو نەهێشتنی گەندەڵی و چەسپاندنی دادی کۆمەڵایەتی.
دوایەمین دوو پرۆژە، کە لەم خولەی پەرلەمان پێشکەشمان کرد. نەهێشتنی خانەنشینی پەرلەمانتار و جێبەجێکردنی یاسایی خانەنشینی یەکگرتووی عێراقە.
دوای ئەوەی حکومەتی شکشتخواردوو، پرۆژەیەکی پێشکەش بە پەرلەمانکرد بەناوی (چاکسازی لە خانەنشین و دەرماڵەو بەخشینەکان) نوێنەرانی ئێمە لەماوەی مانگێکدا لەسەرجەم لیژنەکان کاریانکرد بۆ جێگیکردنی دادی کۆمەڵایەتی، توانیمان بەشێکی خواستەکانمان جێگیربکەین، بەڵام بەداخەوە لە بەشێکی گرنگی وەک خانەنشینیدا گوێمان لێنەگیرا.
ئەو بابەتانەی پرۆژەی ئێمەبوو، دەنگی پێویستی نەهێنا.
یەک: لە لیژنەکانی پەرلەمان و هۆڵی پەرلەماندا 25 جار جەختمانکردووەتەوە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق.
بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق سەرجەم پلە تایبەتەکانیش وەک فەرمانبەرانن بۆ خانەنشینبوون، بەلای کەم خانەنشین دەبێت تەمەنیان 50 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمەتیان هەبێت.
بەم پرۆژە، موچەی هیچ خانەنشینێک لە 400 هەزار کەمتر نەدەبوو.
بەداخەوە، هەرچەندە بە دۆکیۆمێنت سەلماندمان کە دەتواندرێت ئەم پرۆژە جێبەجێبکرێت و دادی کۆمەڵایەتی بچەسپێت، بەڵام دەسەڵات و زۆرینە گوێی لە پێشنیارو پرۆژەکەمان نەگرت.
لە ئایندەشدا بەردەوام دەبین و چەندین جاری دیکەو بەپرۆژە داوای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق دەکەین.
ئەو ڕێژەیەشی لە پەرلەمان پەسەندکرا بۆ خانەنشینی پلە تایبەتەکان بە تایبەت پەرلەمانتاران، ئێمە دەنگمان بۆ نەداو بە 52 دەنگی بەڵی بەرامبەر بە 37 دەنگی دژ پەسەندکرا.
دوو: ئێمە جەختمان کردەوە نابێت موچەی هیچ خانەنشینێک لە 400 هەزار دینار کەمتر بێت، ئەم پێشنیارە بڕێکی کەم پارەی دەویست بەرامبەر ئەو گەندەڵیە زۆرەی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام ڕەتکرایەوەو لەبەرامبەردا 300 هەزار دینار جێگیرکرا.
سێ: پرۆژەمان ئامادەکردو پێداگیریمان کرد لە سەر ئەوەی کە ژمارەی پاسەوانی بەرپرسەکان لە کوردستاندا دەبێت بە یاسا ڕێکبخرێت و بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە، بەم پرۆژە دەیان هەزار پاسەوانی نایاسایی لە بەرپرسەکان دەبڕدرا، بەڵام پێشنیارەکەمان ڕەتکرایەوە، وتیان: بەپێڕەوێک ڕێکدەخرێتەوە بە هاوکاری لیژنە پەیوەندیدارەکان، هەوڵدەدەین هەمان پرۆژە لە پێڕەوەکەدا جێگیر بکەین.
ئەو خاڵانەی کە بەویستی ئێمە جێگیرکرا......
1-هەموو ئەو کەسانەی بەنایاسایی خانەنشینکراون بە پلەی باڵاو پلەی سەربازی و ئیداری، بەبێ ساڵی خزمەت و بەشێوەی نایاسایی، دەخرێنەوە باری یاسایی.
2- بەهیچ شێوەیەک موچەی خانەنشین و خاوەنپێداویستی تایبەت و پێشمەرگەو هێزەکانی ناوخۆو هیچ فەرمانبەرێک نابڕدرێت و کەمناکرێتەوە، هەر دەرماڵەیەک پیشتر لە دەرەوەی یاسا درابێت، بەهیچ شێوەیەک نابێت لەو موچەی ئێستا ببڕدرێت کە فەرمانبەران وەریدەگرن.
3- هەموو ئەوانەی بە نایاسایی ساڵی خزمەتیان بۆ ئەژمارکراوەو پلەیان بەرزکراوەتەوە دەگەڕێندرێنە سەر بارە یاساییەکەی.
4- یەکخستنەوەی موچەی کەس وکاری شەهیدان و نەهێشتنی ئەو جیاوازییەی کەهەیە.
5- پاککردنەوەی لیستی شەهیدان و خانەنشینان و کەمئەندامانی سەنگەرو زیندانیانی سیاسی و خاوەنپێداویستی تایبەت لە خەڵکی ناشایستە.
6-سەرجەم ئەو پارانەی فەرمانبەران کە حکومەتی هەرێم وەک پاشکەوت لێی بڕیون، دەخرێتە ژمارە حسابێکی تایبەت بۆ هەر فەرمانبەرێک، دواتریش فەرمانبەران بتوانن بۆ دانەوەی قەرزەکانیان بیدەنەوە، بەپێی ڕێنماییەک بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕێکدەکرێت.
7- یەکخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشین.
7- سەرجەم ئەو پارانەی بەهۆی ئەم پرۆژەوە بەدەستدێت، بەکاردەهێندرێتەوە بۆ پێداچونەوەی موچەی موچەخۆران.
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
#28-02-2018#