یادەوەرییەکان
#مستەفا چاوڕەش#
ئاسۆ کەسێکی ئازا و شارەزای ناوشار بوو، ویستمان لەسەر داوای خۆی بچێت چالاکییەک بکات لە پشت ماڵەکانی بەڵخە، #مەلا بەختیار# داوای لێکرد بۆ کوشتنی خائینێک، کە ئەفسەری ئەمنی دائیرە یەک بوو. ئاسۆ گەنجێکی ناسراو بوو، ناوی هەبوو. منیش کوڕێکم لەگەڵدا بوو و ناوی حسێن بوو. زۆریش لەگەڵمدا بوو، وتی منیش دەچم. دیار بوو ئەو چەند ڕۆژەی بە ڕێگەوە بووین، لە بەینی خۆیاندا قسەیان کردبوو، خۆی لەگەڵی ڕێک خستبوو، بەبێ ئاگاداریی ئێمە قسەی خۆیان کردبوو. لای منیشەوە هیچ بەرنامەیەک نییە حسێن بچێتەوە و کاری yوا ئەنجام بدا ت. حسێن وتی منیش حەزدەکەم بچمەوە بۆ کاری ناوشار. لەگەڵ مەلا بەختیار دوو کەسمان دیاری کرد، هەریەکەیان یەکێکی بۆ دیاری کرا، کە لێمان جیا بوونەوە، بانگم کردن و وتم کە چوونە قەراغ شار، دەبێت لەیەک جیا ببنەوە. لەبەر ئەمنییەتی ئیشەکەتان نابێ کەستان جێگەی ئەوی تر بزانێت. وتیان باشە و پاش ئەنجامدانی کارەکە دەگەڕێینەوە. دەمانچەیەکی چواردەخۆرم دایە حسێن، لەگەڵ یەدەکێکی زیادە کە هیی دەمانچەکەی خۆم بوو. وتم مادام دەچیتە ناوشار با پێت بێت. خواحافیزیمان کرد. چەند ڕۆژێکی خایاند، وەڵامیان هێنا وتیان ئاسۆی دەلا ک گیراوه، کەسیش نازانێت چۆن گیراوە، بەڵام حسێن دەنگی نەبوو، نەگیرابوو و لە شاردا دەسووڕایەوە. دەرکەوت شێوەی گرتنەکەی چۆن بووە.
گرتنی ئاسۆی دەلاک بەهۆی خیانەتی حسێنەوە
هەردووکیان دەڕۆنەوە بۆ #سلێمانی#، دیارە بڕوا بە یەکتر دەکەن. حسێن کە لای منیش بووە، وادیارە سەر بە ڕژێم بووە و پیاوی حکومەت بووە، یان ڕەنگە دوایی لەگەڵیان ڕێک کەوتبێ. وەک باسی دەکەن، کاتی خۆی ئاسۆ لە چالاکییەکانیدا خزمێکی حسێنی کوشتووە، ئەمەش فرسەتێکی باشە تۆڵەی لێبکاتەوه. پێکەوە دەچنە ناوشار. حسێن پێی وتووە من جێگەم هەیە و ئەمینه، لەگەڵی چووە. ئیتر کەس نازانێت ئاسۆ چۆن گیراوە. لەوە دەچێ سەرخۆشی کرد بێت یان لە خەودا فرسەتیان لێهێنابێت، یان شتێکی لەو جۆرە. ئەگینا ئەگەر بە شەڕە دەمانچە بوایە، ئاسۆ کوڕێکی ئازا و چاونەترس بوو و وای بەسەر نەدەهات. ئاسۆ بێ و فیشەکێ نەتەقێنێ؟ وردەوردە دەرکەوت ئاسۆ گیراوە، بەڵام چۆن؟ نازانرێ. حسێن لە شار ماوەتەوه، لەسەر جادەیە و دەگەڕێ، مانای ئەوەیە ڕادەست بووتەوە. پاش ماوەیەک وەڵامی نارد بوو، کەسێکی بینی بوو و پێی وتبوو دەمانچەکەت دەدەمێ بۆ کاک مستەفای بنێریتەوه. کە ئەمەم بیست، بەپەلە فریای کەوتم و وتم نەکەی لێی وەرگری. ئەگەر وەریبگریت، مانای ئەوەیە تۆ لەگەڵ من هاوکاری دەکەی، دوایی دەتگرن و لە سێدارەت دەدەن. وتم بڵێ من پەیوەندیم پێوەی نییە. پاش ماوەیەک وەڵامی نارد، وتبووی ئامادەم چالاکییەک بکەم و بێمە دەرەوه. ئەمەیانم لا باشبوو. وەڵامم نارد بۆی کە کەسێکی خائینمان بۆ بکوژێت، کەسەکەشمان دیاری کرد. ئەوەی ڕاستی بێت، تەقەی لێکرد و بە خەستی برینداری کرد. بەڵام ئەو کەسە نەمرد و ئێستاش ماوە، لای فڵانە حیزب داڵدە دراوە. ئەم کەسە چەندین کەسی بە لەسێدارەدان داوە. هاوڕێیانی شاری سلێمانی کە زانییان حسێن بووە ئاسۆی دەلاکی بەگرت داوه، هەرزوو کوشتیانەوە. ئەمەش سەرگوزەشتەی گرتنی ئاسۆی دەلاک بوو.
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 5,336 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!