یادەوەرییەکان
مستەفا چاوڕەش
لە شەڕی سێ مانگەی قەیوان-ماوەتدا ساڵی 1986 لە جەبهەکانی بەرامبەر پێشمەرگه، حکومەت دەستی کرد بە پەلاماردان، لە پشتی خەمزەوە بۆ دوو برا و کەلکی قەیوان و دۆڵ بێشک و هەموو ناوچەکانی. هێزی پێشمەرگەش گەورەترین بەرگریی کرد. لە مەڵبەند و تیپەکانی تریشەوە هێز دەهات بۆ هاوکاری. شەڕەکان زیاتر لە سنووری تیپی 47ی پیرەمەگروندا بوو. بەڵام ئه و شەڕە گەورە و بەربڵاوە هەر بەوان نەدەکرا، لەبەر ئەوە هێزی پێشمەرگە بەشدار بوو، شەڕی هەمووان بوو. کاک کۆسرەت له و جەبهەیەدا سەرپەرشتیی هێزەکانی دەکرد. ئەوەی ڕاستی بێت، دوورگەی شەڕەکە بچوک دەبووەوه، چونکی هێزی دوژمن به و هەموو ئیمکانیاتە گەورەیەوە درێغیی نەکرد، هەرچی چەکی بوو، بەکاری دەهێنا، تۆپباران نەیدەهێشت هەناسە بدەی، هێزەکانی کە من لەگەڵیان بووم و سەرپەرشتیم دەکردن، به قەدەر پێویستی سەنگەرەکان دابەش بووبوون.
لە دوو برا و خەجە لەرزۆک و مارە ڕەش و شوێنەکانی تریش شەڕ گەرم بوو. لە یەکێک لە جەبهەکان کە زۆری خایاند و بەردەوام بوو، جەبهەی قەیوان بوو. من چووم بۆ دێی قەیوان. لەگەڵ سەڵاح چاوشین و ڕابەری سەید ئیبراهیم دەوروتەسلیمم کرد. چونکی هەر ناوبەناو لەبەر هیلاکی یەکترمان بەگوێرەی پێویستی شەڕەکه دەگۆڕی. ئەوان گەڕانەوە بۆ بارەگاکانی پشتەوە بۆ شاخی کورەنگ لە پشتی کارێزه. هێزێکم بە سەرپەرشتیی عوسمان شارستێنی جێگری تیپی 43ی ئاسۆس نارد. شەو حکومەت و جاشەکان هێرشیان هێنا، بەڵام پێشمەرگەکان لێیان هاتنە دەست. زیانێکی زۆریان لە دوژمن دا و لاشەی جاشێک بەجێما، دوایی به هۆی خەڵکی ناوچەکەوە تەسلیممان کردەوە. ئه و جێگەیەی لێی بووم، به هیمەت و ئازایەتیی پێشمەرگەکان و ئیمانی بەهێزیان زۆر سەرکەوتوو بوو.
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 3,504 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!