لە چەند مانگی ڕابردوودا و لە چەندین بۆنەی جیادا بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بابەتی قەرزەکانی هەرێم داوە و ڕوونی کردووەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێدەکرێت، پاشەکەوتی مووچەیە و دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی هەرێم، کە هۆکارەکەشی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە بووە. لە ڕاستیشدا ئەو کوژمەیە دەبێتە ئیلتیزامی دارایی بەغداش بەرامبەر بە هەرێم.
دوای ئەوەی لە دوا وتاری بەڕێزیان دیسان ئاماژە بەو بابەتە درا، ژمارەیەکی زۆر لە کەس و لایەنەکان کە تا ئێستا بێدەنگ بوونە، هاتنە ئاخاوتن و ڕوونکردنەوەیان داوە کە ئەو قەرزانە بەشێکی زۆری پاشەکەوت و ئیلتیزامی داراییە. سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە دواجار دانیان بەو ڕاستیانە دانا کە دەمێکە باسیان دەکرێت، مەبەستیان لەو نووسین و ڕوونکردنەوانە هەرچی بێت، سەلمێنەری ئەوە بووە کە ئەو قەرز و ئیلتیزاماتانە هەن و دەبێت واقعیانە مامەڵەیان لەگەل بکرێت.
وەک جەنابی سەرۆکی حکومەت بەڵێنیداوە کە لەگەڵ هاووڵاتیانماندا شەفاف بین، بەڕێزیان (بەرێوەبەرایەتی بەرێوەبردن و هەماهەنگی قەرزی گشتیی لە ئەنجوومەنی وەزیران) ڕاسپاردووە، تاکو لە زووترین کاتدا ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر هەموو قەرز و ئیلتیزاماتی دارایی حکومەتی هەرێم ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی پەرلەمان و ڕای گشتیی هەرێمیش بکرێت.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
#26-05-2020#