شەرعیەتی هەرێمی #سلێمانی#
1/ حەوت ساڵی ڕابردو دو هەوڵی سیاسی و ئابوری هەبون بۆ پچڕان لەبەغدا، سەرەنجام هەوڵە ئابورییەکە (ئابوری سەربەخۆ) و هەوڵە سیاسییەکە (ڕیفراندۆم) شکستیان هێناو ئەنجامەکەی وەرگرتنی دەیان پۆست لەعیراق و موحتاجبونی دەستی بەغدابو، بەبێ ئەوان حکومەتی هەرێم تەنها یەک موچەی تەواوەتی پێنەدراوە.
2/لەدوای هاتنەوەی هەواڵ لەبەغداو نوسراوەکەی دیوانی چاودێری دارایی عیراق کە داوای زۆر دۆسیەو داهاتی نەوت و ناوخۆ لەحکومەتی هەرێم دەکات، لەئەگەری ڕودانی ڕێککەوتنی لەوجۆرە لامەرکەزی ئیداری و دارایی بەبێ داهاتی نەوت و ناوخۆ سودێکی ئەوتۆی نامێنی و دەبێت سلێمانی ماددەی 119ی دەستوری عیراق جێبەجێبکات، کە بریتیە لەدروستکردنی هەرێمی سلێمانی بەتەنیشت هەرێمی #هەولێر#ەوە، هەروەک چۆن حکومەتی هەرێم داوای جێبەجێکردنی دەستور لەبەغدا دەکات، ئێمەش لەداوای دەستوریی زیاترمان نەوتوە، لەنوسینەوەی دەستوری عیراقیشدا بەڕێزان (#مام جەلال# و کاک نەوشیروان و کاک مەسعود) بەشدارو ڕەزامەندبون (بەماددەی 119 ەشەوە) سەرەنجام زۆرینەی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنگیان پێداوە.
3/ ئێمە دوای سێ دەیە لەحوکمڕانیەکی ناسەرکەوتو داوای مۆدێلێکی دیکە لەبەڕێوەبردن دەکەین، نە شەڕی براکوژی نە دوئیدارەییەکەی نەوەدەکانە، بەڵکو دو هەرێم وەک دو برای تەباو ماڵ جیاواز بەڵام خاوەن خۆبەڕێوەبەری جیاواز وەک هەمو مۆدێلە سەرکەوتوەکانی جیهان، نە یەکێتی واز لەجەماوەر و بارەگاو پێگەوە گۆڕی شەهیدەکانی دەهێنێت لەهەولێرو #دهۆک# نەپارتی لێرە واز لەوانە دەهێنێت، هیچ حزبێک لەهیچ شوێنێکی دیکە قەدەغەو قاچاغ نابێت و هەرکەس لەشوێنی خۆی بەردەوام دەبێت لەچالاکی سیاسی خۆی، بەڵام دو هەرێم و بەڕێوەبرنی جیاوازمان پێویستە، هەروەک چۆن ئێستا هەمو حزبەکان لەبەغداو #کەرکووک# و #خانەقین# کەلەدەرەوەی هەرێمی کوردستانیشە هەن و خاوەن پێگەو چالاکی مەدەنی و سیاسین، دەیان نمونەمان هەیە کە سلێمانی لای حکومەتی هەرێم وەک کوڕی دایکێکی جیاواز تەماشا دەکرێت.
4/ ئێستا کە پاشەکەوتی موچە تەپەی پێی دێت، هەرێمی سلێمانی ئاسانتر لەگەڵ بەغدا دەتوانێت لەسەر بودجەو موچەی فەرمانبەران و ڕادەستکردنی سامانی سروشتی ڕێکبەکەوێت و گیرۆدەی گرێبەستی هیچ وڵاتێک نییە، وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت هەرواش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی سلێمانی دەکرێت نەک وەک ئەوەی دەڵێن دەچنەوە سەربەغدا! مەگەر ئێستا هەرێمی کوردستان سەربە کوێیە؟ بێگومان سەربە بەغدایەو لاوازانەش چاوی لەدەستیەتی.
5/ پاڵنەری سەرەکی ئەم داوایە، دۆزینەوەی دەرچەیە بۆ دەربازبون لەدۆخی خراپی ئابوری و بژێوی موچەخۆران و خەڵک، دابینکردنەوەی موچەی مانگانەو بوژاندنەوەی خزمەتگوزارییە، میللەت لەدەرەوەی بارەگاکانی حکومەت دەکوڵێت و تەحەمولی نەماوەو وەڕس بوەو مافی خۆشیەتی، حەوسەڵەی ناڕاستی پیاوە کەشخەکانی سەر تەلەفزیۆن و هۆڵی کۆبونەوەکانی نەماوە، هەروەک لەهەمو ئەو پیاوە بێدەنگانەش توڕەیە کە لەکاتی هەڵبژاردندا لەدەرگای دەدەن، زۆربەی خەڵک بەدوای خۆشگوزە#ڕانیە#وەیە نەک شیعارات، هەواڵێکی گوزەرانی شەهیدان بپرسن کە زو زو بەباسی خوێنی ئاڵیان شەرعیەت بەخۆتان دەدەن.
مەرجی سەرکەوتنی هەرێمی سلێمانی ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغداو ڕەخساندی دەرفەتی فرەییە لەبەڕێوەبردندا بۆ هەمو حزبێکی سیاسی بەپێوەری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
ڕێکەوت زەکی
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
#19-06-2020#