هەنگاو نان بەرەو سەرکەوتن
نوسینی:لەیلا سەڵاحەدین بەرزنجی
ئازاد یەکێک بوو لە قوتابییەکانی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی، لە تەلارێکی خۆش و نایاب دا لەگەڵ باوکی و دایە گەورەیدا دەژیان. دورە پەرێز بوو لە منداڵانی هاوتەمەنی خۆی و هەر لە ژوورەوە بوو، ڕۆژانە سێ ژەمە خواردنی ئامادەکراویان بەدلیڤەری لەچێشخانەیەکی نزیک تەلارەکە بۆ دەهاتە ماڵەوە. ئازاد هیچ گوێی بەئامۆژگارییەکانی باوکی ودایەگەورەی نەدەدا و هەمووکاتەکانی بەیارییە ئەلەکترۆنییەکانەوە بەسەردەبرد، ئەو ڕۆژانە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە وانەکانی بە ئۆنلاین دەخوێند، هەرچەندە ماوەیەکی زۆری تەرخانکردبوو بۆ خوێندن بەڵام وەک پێویست نەیدەخوێند، کاتێک مامۆستاو بەڕێوەبەری قوتابخانە پەیوەندیان بە دایەگەورەیەوە پرسییان کە ئازاد زۆر چالاک نییە.ویستیان هۆکاری ئەوە بزانن کە بۆچی ئازاد چالاک نییەو هەمیشە خەواڵووە. دایەگەورەش گوتی ئازاد هەمیشە بەرامبەر لاپتۆپەکەی دانیشتووە، بەڵام مۆبایلەکەشی لەتەنیشت خۆیەوە دادەنێت و زیاتر خەریکی یاریی پۆبجییە. هەرچەندە هۆشیاری دەکەینەوە و لە زیانەکانی ئاگاداری دەکەین. بەڵام ئەو گوێ بە قسەکانی ئێمە نادات. بەوهۆیەوە مامۆستاکانی بڕیاریاندا هەوڵی زیاتری لەگەڵ بدەن هەتا وردە وردە یارییەکانی کەمبکاتەوە. بۆ بەیانی کاتێک مامۆستا (لارە) پێش ئەوەی دەست بکات بەوانە، داوای لەقوتابیەکان کرد کاتەکانی خۆیان چۆن دابەشکردووە ؟ هەر قوتابییەک بە جیا کارو بەرنامەی خۆی بۆ مامۆستا ڕوونکردەوە، کاتێک هاتە سەر ئازاد هیچی پێنەبوو هەتا بە مامۆستای بڵێت، بەو هۆیەوە شەرمەزار بوو، هەستیکرد کە هەڵەیە و کاتەکانی وەکو پێویست دابەش نەکردووە و گشت کاتەکانی بەفیڕۆ ڕۆیشتووە. پاشان مامۆستای کۆمەڵایەتی باسی زیانەکانی بەکارهێنانی مۆبایلی لە چیرۆکێکدا بۆ ڕوونکردنەوە و پێی وتن کە قوتابیان توشی چ ئازارێک دەبن لە مل و پشتیان و چاوەکانیان بەرەو کزی دەچێت و جەستەیەکی لاواز و بێهێزیان دەبێت و توشی زۆر نەخۆشی تردەبن لەدواڕۆژدا لە کاتی زۆر بەکارهێنانی مۆبایل و یاریکردنی پۆبجییەوە. ئازاد بڕیاریدا کە لەمەودوا کاتێکی کەم بۆ یارییەئەلەکترۆنییەکان تەرخان بکات و گرنگی تەواو بە وانەکانی بدات و شەو زووبخەوێت و بەیانیانیش زوو لە خەو هەستێت، هەتا لەشێکی تەندروستی هەبێت و سەرکەوتوو بێت و لە هاوڕێکانیشی دوانەکەوێت....
تێبینی...
وێنەی کەڤەر ئازادی ژیر نیە...
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,882 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!