عەدێ و مەدێ
حەفتەک بەسەر ئەو وەزعەی تێپەڕی، عەدێ و مەدێم دەدیت هەموو ڕۆژێ لە سعات دەوە پێکەوە دەچوونە دەرێ و یازدە و دوازدەی شەوێ دەهاتنەوە، دەمزانی لە تازیەی مەسوولەکەی وا لە پێش دەرکەی مارێ ڕاوەستاینە و پێشوازی و خوا حافیزی لە خەرکی دەکەن، بەیانیەکی هاتمە دەرێ بچمە مەلەوانی، عەدێ و مەدێ بە تڕومبێلی گەیشتنە من، مەدێ جامی کردەوە و گۆتی : هەق نیە سەلامت لێ بکەم، بەران لەبەر جیرانەتی ناچینە دەرێ، وەرە سوار بە وەرە، با بتگەینین ! گۆتم : مەمنون پێویست ناکا، بە تەکسیەکی دەچم، عەدێ گۆتی : کورە بەس بزانم ئەتوو لۆ تێناگەی، ئاخر ئەتوو لەو گۆڕەی لۆ پێنج هەزاری دەدەیە تەکسی، وەرە سوار بە وەرە ! ئیدی ناچاریان کردم و لەگەریان سواری تڕومبێلی بووم..
بەخێراتنیان کردم و گۆتیان خێرە بێ تڕومبێلی ؟ گۆتم : وەڵلا خێزانم ئیشی پێبوو، ئەو بردی ! مەدێ گۆتی : موەفەقی ئیشاڵلا، گۆتم : زۆر مەمنون، عەدێ گۆتی : ئەدی کێوە دەچی ؟ گۆتم : دەچمە مەلەوانی، گۆتی : زۆر باشە، بەران پێشی بتگەینین، هەتا دائیرەی ئاردی دەچین، ئەمن و مەدێ برام سەر و فەردە ئاردمان لۆ دەرچووە دەچین وەردەگرین و دەتبەینە مەلەوانی، گۆتم : ئەگەر زۆر تاخیر نابین کێشە نیە، مەدێ گۆتی : نە بابە، وەرەقەمان پێیە و فەوری وەردەگرین، گۆتم : ئەو وەرەقە و لە کێ پەیا کرد ؟ مەدێ گۆتی : دەرێی ئەتوو ئەمە بە فشە تێدەگەی، دەبا پێت برێم کاکی توو سێ نەجمەی هەیە و عەدێش دوو ! گۆتم : نە بابە، شتی وەها نیە ! مەدێ وەهای کرد هەویەکی لە گیرفانی دەرینا و گۆتی : دە تەماشا بکە ! وەکی تەماشام کرد قسەکەیان تەواوە، گۆتم : باشە ئەنگۆ کولیەی عەسکەریتان تەواو کردیە ؟ گۆتیان : کولیەی چ و عاری چ، لیوامان هەیە لە سەری دەی نازانی ناوی خۆی بنووسی.!
گەیشتینە پێش دائیرەی ئاردی و بە تڕومبێلی چووینە ژۆرێ، هاتینە خوارێ و ئەوان چوونە ژۆرێ و ئەمنیش لە بەر سێبەرێ ڕاوەستام، وەختەکی هەر دووک هاتنە دەرێ و سەرو فەردە ئاردیان لە سەر شانی بوو ! پێ دەکەنین و لۆ لای تڕومبێلی دەهاتن، وەختەکی زابتەکی یەک نەجمە بە کنیان تێپەڕی، دیتم عەدێ و مەدێ ڕاوەستان و سەر و تەحیەیان لۆ زابتەکەی کرد ! گەیشتنە من و گۆتم : ئەوە ئەنگۆ ئەو تەحیەتان لۆ لۆ ئەو کابرایەی کرد، عەدێ گۆتی : بابە، ئەوە زاپتە و دەبی تەعیەی لۆ بکەین ! گۆتم : ڕەحمەت لە بابتان، دەبا ئەو تەحیەی لۆنگۆ کردبا، ئاخر ئەنگۆ هەر دووکتان پلەی سەربازیتان لەوی گەورە ترە ! مەدێ فەردە ئاردەکەی هاویشتە سندوقی تڕومبێلی و گۆتی : فشەیە فشە، مهیم ئەوەیە ئاردەکەی وەگری.!
مایتی.[1]