عەدێ و مەدێ 30
هاوارم کرد: فریای ئەو زەلامەی کەون خنکا، عەدێ و مەدێ گۆتیان: هەتا خار ئەمر نەکا، ئەمە لەجێی خۆمان ناجولێین، خوای دەکرد نەک دەخنکا، دەشسووتا! چونکە تڕە مەلەوانیەکم دەزانی، خۆم فڕێدا ناو ئاوێ و لە پشتەوە ملی مدیر شورتەم گرت و برندم کرد، ڕامکێشا جێیە تەنکەکەی، دوایێ پارم پێوەنا و هەرم دا دەرێ، هاتمە دەرێ و سەرم شۆڕ کردە، دەببە ئاوەکی لە دەوی هاتە دەرێ، تووند سینگم پاردەدا، بەشکو هەناسەی دێتەوە بەرێ، مەجۆ لەوسەری ڕاهات و پڕیدا من و فڕێی دامە ناو مەسبەحی، چونکە ئاگام لەخۆ نەبوو، هەر زەندەقم چوو، هەتا بنی مەسبەحی گیر نەبووم، تەکانەکم دا خۆم و سەرم لە بن ئاوێ دەرینا، تەماشا دەکەم مەسوولەکە لەسە پشتێ کەتیە هەنکی پێبکەنی، بەسەگە مەلەی خۆم گەیاندە لێوی مەسبەحی، مەجۆ دیسان هاتەوە نووقمم کاتەوە، مەسوولەکە گۆتیە مەجۆی: لێیگەڕێ با بێتە دەرێ، ئەوە فلیمی گەلە خۆشە! باشبوو مەجۆ بەگێی خاری کرد و وازی لێهینام!
هاتمە دەرێ و ئاوم لێ دەچۆڕاوە، وەکی خار بە عەستەم پێدەکەنی مەجۆ و عەدێ و مەدێ لەسە چاو دەکەتن هەندی پێبکەنن! خار گازی کردم و گۆتی: وەرە ئێرە وەرە! چوومە پێش و لە نێزیکی وی ڕاوەستام، گۆتی: ئەوە ئەتوو لۆ خۆت بە ئاوێ دادا؟ گۆتم: وەڵلا زگم بەو زەلامەی سووتا، گوناحە لۆ بخنکێ! عەدێ گۆتی: دە فەرموو دەی، ئەو لە خاری باشتر دەزانی! خار دەرێ بخنکێ، ئەو دەرێ نەخنکێ! خار گۆتیە عەدێی: ئەتوو جارێ لەوچەی مەکە! عەدێ گۆتی: دەستت ماچ دەکەم خارە!
تەماشام کرد مدیر شورتە نەفەسی هاتتەوە بەرێ، لەدری خۆم گۆتم ئەلحەمدولیللا نەخنکا! مەدێ گۆتی: خارە بە تەمای هەرئەوها لەو گۆلکەی خۆشبی، دە بیکوژە، ئەو زەلامەی بکوژە! خار گۆتیە مدیر شورتەی: هەونکە ڕاست و ڕاستم پێبرێ، گۆلکەکەت خوارد یان لۆ وەکیل وەزیرت نارد؟ مدیر شورتە گۆتی: وەڵلا لۆ وەکیل وەزیرم نارد! خار گۆتی: مەجۆ ئەو مۆبایلەی بینە! مەجۆ بە غاردان مۆبایلی دا دەست خاری، ئەویش گۆتی: سەیە نازانی خیندەواریم نیە، بگەڕێ ناوی وەکیل وەزیرم لۆ ببینەوە! دیار بوو مەجۆ تڕە خیندەواریەکی هەبوو، لۆ گەڕا و یەکسەر ناوی وەکیل وەزیری دیتەوە و جەڕەسی لۆ لێدا! هەندەی نەبرد وەکیل وەزیر هەریگرت، خار گۆتی: وەکیل کوی، ئەعوارت؟ ئەوە ئەتوو وەتلێهات گۆلکی من لرف کەی؟ گێبدە من هەر ئێستا بەخۆت و پیکابە گۆلکەکی دەگەیە ئێرە!
مایتی.[1]