عەدێ و مەدێ 47
عەدێ گۆتیە من ئەوە چت کرد؟ گۆتم: تێم ڕاکرد! گۆتی: تێمبگەینە چت تێڕاکرد؟ گۆتم: هەی ڕەحمەت لە بابت، وا لەبەر چاوی توو دەرزیم تێڕانەکرد، قابیلە چم تێڕاکردبی! ئەسکەندەر گۆتی: لە کێندەرت ڕاکرد؟ گۆتم: یاڕەبی خوایە زۆر شوکر، لە کێم ڕاکرد لە لا قوونی! گۆتی: ئەدی لۆ هاواری کرد و گۆتی: ئەی بابە قوونم دڕا! گۆتم: وەڵلا لە خۆی بپرسن، بزانن لۆ وەیگۆ! عەدێ و ئەسکەندەر هەرچەندی گازی مەدێیان کرد، مەدێ وەرامی نەبوو! ئەمن ڕەنگم تێکچوو، گۆتم: وابزانم ئەو زەلامەم کووشت! مەدێیان وەرگێڕا، دیقەتم دایێ چاوی خێل بووینە و دەویشی گڕکردبوو، ئەوەی نەفەس لەبەری نەمابوو، عەدێ سینگی گرت و دوو سێ جاران ڕایوەشاند و گۆتی: کورە مەدێ، کورە مەدێ! وەرامی نەبوو، دەتگۆ مەدێ سەیەکەی پێش دەرکەی یارانی ئەشکەوتیە و سێسەت و نۆ سارە مردیە! عەدێ تەماشا منی کرد و بەتووندی هاواری کرد: چت لە برام دایە پێمان برێ؟ گۆتم: وەڵلا ئەو دەرزیەیە کە ئەنگۆ داتانە من، بەران ئەو دەرزیە بڕەک بە قووەتە! ئەسکەندەر گۆتی: کوو دەزانی بە قووەتە؟ گۆتی: ئەوەتە ڕسمی چەکووچەکی لەسەرە، مەعنای وەیە چ چەکووچەکت لە تەپلی سەری بدەن، چ ئەو دەرزیەت لێدەن!
لە هەمووی ناخۆشتر کامۆی کارخانچی بە خۆ و بە بۆڕیەوە لەبەر پەنجەرەی دەهات و دەچوو و مڕەمڕی بوو، فرسەتیان بدابایێ بە بۆڕیان مارهەنجنی دەکردم! لەو داڵغانە دابووم، عەدێ گۆتی: کا دۆلکە ئاوەکی بینن پێی داکەین بزانین نایێتەوە سەرەخۆ! ئەسکەندەر دۆلکەکی دەست دایێ و لە مەغسەلی پڕی کرد و هینای بەهەمووی قووەتی بە چڕو چاوی مەدێی داکرد! مەدێ یەک بەخۆی ڕاپەڕی و گۆتی: بژی کورد! عەدێ گۆتی: وەی قوزەرقوورت، زەندەقی مەت برد! مەدێ دیاربوو هێشتا نەهاتبۆوە سەرەخۆ، گۆتی: هەڤاڵانی بەڕێز نەگەیشتینە کەرکووکێ؟ ئەسکەندەر گۆتی: ئەی سراو لە ئاقرت، ئەمە وا لە حەمرینیش ڕەت بووین! عەدێ گۆتی: ئەسکەندەر بڕۆ دۆلکەی ئاوەکیدی بینەو پێی داکە، بەشکو دێتەوە گەڕەکی پۆتیناوەی!
بڕەک پێچوو مەدێ هاتەوە سەرەخۆ، گۆتی: ئەرێ جەماعەت ئەوە چبوو لە پشتەوە پێی وەدام، وەڵلاهی نیوەمری کردم! ئەسکەندەر گۆتی: هیچ پێی وەنەدای کەرە، ئەوە دەرزی بوو لێمان دای! مەدێ گۆتی: پەکوو لەو عەلاماتەی، ئەوە دەرزی بوو یان دوو پشک بوو! گۆتم: چادەبی ئیشاڵلا مەدێ، دەوجە ئەمن ڕۆیشتم، کاکە بە معاون تووبیەکی برێن با دەرزیەکانیدی لێدا، ئەمن بڕەک دەستم گرانە، تاقەتی ئاخ و ئۆفی مەدێم نیە!
هەستام بڕۆم، لە حەوشەی بووە هەرا، مندارەک هاتە ژۆرێ و گۆتیە ئەسکەندەری: بابە بگە کامۆی، ئەو غاز فرۆشەی کووشت! ئەسکەندەر بە مشەوەشی گۆتی: لۆ کووشتی؟ مندارەکە گۆتی: وەڵلا کامۆ گۆتیتیە غاز فرۆشی: عوکمەت غازی کردیتە پازدە هەزار، ئەتوو کوو بە سێزدەی دەدەی، ئەتوو خائینی و زددی ئەو عووکمەتەی!
مایتی.[1]