#هەولێر# کەی بووەتە پارێزگا؟
ئامادەکردنی: ئەحمەد حەیران
لە سەردەمی عوسمانلییەکان هەولێر قەزایەک بووە سەر بە لیوای موسڵ، بەڵام دوای نەمانی ئەوان و هاتنی ئینگلیز بۆ ناوچەکە، ئالوگۆڕ بەسەر شێوەی فەرمانداری دامو دەزگاکان هاتووەو جۆری بەڕێوەبەربردنی نوێ هاتووەتە ئاراوە. دیارە هەولێریش سەردەستەی ئەم گۆڕانکارییانە بوو، لە سەردەمی ئینگلیزەکان (حاکم سیاسی) لەلیواکان کاریان کردووە، یاریدەدەری دادوەری ڕامیاریش واتە (مساعد لحاکم السیاسی) لە شارۆچکەیەکان دانیشتوون (دەبلیو- ئار-ئێچ) کە ئەفسەرێکی ئینگلیزە، یەکەم یاریدەدەری دادوەری ڕامیاری بووە لە هەولێر، پاشان کە هەولێر بووەتە پارێزگا هەر بەخۆی بووە بە دادوەری ڕامیاری ئەم شارە، لەپەرتووکی (دوو ساڵ لە کوردستان) کە بیرەوەرییەکانی خۆیەتی بەمجۆرە باس لەمگۆڕانە دەکات: کاتێ سوپای ئینگلیز ئێراق و کوردستانی داگیرکرد، لە (27-10-1918) شاری کەرکووکی گرت، لە کۆتایی هەمان مانگ (پردێ) شی کۆنتڕۆڵ کرد پاشان لە (30-10-1918) ئاگربەست لەنێوان هاوپەیمانەکان و تورکیامۆرکرا. بڕیارەکەش لە (31) ی هەمان مانگ کاری پێ دەکرێ، ئەوکاتە (دەبلیۆ- ئار ئێچ) لەمەندەڵی دەبێت فەرمانی ئەوە دەردەچێت بکرێتە یاریدەردەی دادوەری ڕامیاری لەپردێ. ڕۆژی (03-11-1918) دەگاتە پردێ و دەست بەکاری خۆی دەکات. لە (07-11-1918) بروسکەی بۆ دەکرێ بچێتە کەرکووک بۆ لای (مێجەر نوئێل) کە دادوەری ڕامیاری کەرکووک وهەڵسوڕێنەری ڕێنمایی سیاسەت دەبێ، لە باشووری کوردستان، بە مەبەستی ئامۆژگاریکردنی دەربارەی ئەو سیاسەتەی کەپەیڕەوی دەکەن، لەمکاتەی لە کەرکووک دەبێ بروسکەیەکی پێدەگات بۆ ئەوەی ئەفسەرێکی سیاسی لەگەڵ هێزێکی بچووک ڕەوانەی هەولێر بکەن تا بەگوێرەی بەندەکانی ئاگر بەست هەولێر دەستبەجێ لەتورکەکانی وەربگرن، ئەم کارەی (نوئێل) بە (دەبلیۆ-ئار-ئێچ) دەسپێرێ) و بەمجۆرە نامەیەکی سەرپێی لەفەرماندەری هێزی کەرکووک وەردەگرێ و بەرەو هەولێر دەچێت. ڕۆژی (10-11-1918) کاتژمێر (1) ی دوای نیوەڕۆ دەگاتە هەولێر، دوای پێشوازیکردن نیوەڕۆ لای (ئەحمەد ئەفەندی) میوان دەبێ، دوای نانخواردن کاتژمێر (3) ی نیوەڕۆ دەچێتە ئۆردوگای تورکەکان لە ڕۆژاوای هەولێر، نامەکە دەداتە فەرماندەی هێزی تورکەکان کەپیاوێکی کوورتە باڵای قەفقازی دەبێت ئەمیش دوای خوێندنەوەی نامەکە ڕەزامەندی دەردەبڕی کەوا بەیانی هەولێر جێبێلێ، بەڵام پێشنیاز دەکات کەوا نەخۆشخانەکانیان لە هەولێر بمێننەوە لەوەڵامدا (ئێچ) دەڵێ: منیش مکوڕ بووم لەسەر ئەوەی کەوا پزیشکێکیان لەگەڵ بەجێ بێڵێ، بەڵام فەرماندە تورکەکە ئەمەی ڕەتکردەوەو بەڵێنی داکەوا نەخۆشەکان لەگەڵ خۆیان ببەن پاشان دەرکەوت کەوا هەموویان بەسەر ماڵە هەولێرییەکانی دابەش کردبوو ئینجا (ئێچ) دەڵێ: ئەفسەرێکی تورکم لەگەڵ خۆدا هێنا بۆ ئەوەی کۆگاکانم ڕادەست بکات، لەپاشان ئێوارە لەدیوەخانی ئەحمەد ئەفەندی میوان دەبێتەوە وبەیانی دەچێت فەرماندە تورکەکە بەڕی دەکات و دوایی چاوی بەپیاو ماقوڵ و ڕیش سپییەکانی هەولێر دەکەوێت و دەربارەی بارودۆخەکە قسەیان بۆ دەکات، لەم ماوەیەدا کە (ئێچ) لە هەولێر دەبێت. بروسکەیەک دەکرێ کەوا (نەقیب موری) لە هەولێر دامەزراوە و پێویستە (ئێچ) بگەڕێتەوە بۆ پردێ بەم پێیە ڕۆژی (13-11-1918) نەقیب (موری) دەگاتە هەولێر و (ئێچ) جڵەوی کاروباری دەداتە دەست و بەجۆی دەگەڕێتەوە پردێ. لە ڕۆژی (15-02-1918) جڵەوی کاروباری ئەم ناوچەیە بەڕێوەدەبات، پاشان مۆڵەت وەردەگرێ و دەچێتەوە لەندەن، تا لە ڕۆژی (30-06-1919) لەڕێگای حەلەب دەگاتەوە موسڵ لەوێ یەکسەر فەرمانی پێدەدەن بگەڕێتەوە هەولێر بۆ ئەوەی پلەی یاریدەدەری لەدادوەری ڕامیاری لە (مۆر) وەربگرێتەوە. لە ڕۆژی (03-07-1919) دەگاتەوە هەولێر و دەست بەئیشوکاری خۆی دەکات، لەم ماوەیەدا چەندین پێشنیازدەکرێ بۆ ئەوەی هەولێر بکرێتە پارێزگایەکی سەربەخۆی جیاواز لەموسڵ، کە شارۆچکەی کۆیە (تا ئەو وەختە سەر بە سڵێمانی بوو) لەگەڵ ڕەواندز بگرێتە خۆ، دیارە ئەم جۆرە پێکهاتەش سوودی زۆر بووە، چونکە تاکە ڕێگایەکی لەبارو گونجاو بڕوات بۆ ڕەواندز بەهەولێر تێدەپەڕێ، کۆیەش ئاسانتر دەیتوانی پەیوەندی بە هەولێرەوە بکات وەک #سلێمانی# (دەبلیو-ئار-ئێچ) دەڵێ: لە ڕۆژی (29-10-1919) لەگەڵ (ئەحمەد ئەفەندی) سەرۆکی شارەوانی هەولێر بەشەمەندەفەر لەڕێگای شەڕگاتەوە چووین بۆبەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵ (عەقید ویلسون) ، دادوەری گشتی مەلەکی لە ئێراق گفتوگۆلەسەر ئەم پێشنیارانە بکەین و بگەینە بڕیارێک. ئینجا وتی: ویلسون گێولی مەیلی لەوەرگرتنی پڕۆژە نوێکە نەبوو بەر بەوەرگرتنیشی تا دەرفەتی بۆ بڕەخسێ سەردانی (مستەربل) بکات لە هەولێر و ئامۆژگارییەکانی پێشکەش بکات. هەروەها دەڵێ: چوار پێنج ڕۆژ لە بەغدا ماینەوە لە ئێوەرەی ڕۆژی (03-11-1919) یەک دووکاتژمێرپێش ئەوەی بگەڕێمەوە، عەقید ویلسون جیایکردمەوە پێی ڕاگەیاندنم کەوا بارەگای گشتی هەواڵێکی پێگەیشت کەوا (مستەر بل) دادوەری ڕامیاری موسڵ لەگەڵ نەقیب (کی. سکوت) یاریدەدەری دادوەری ڕامیاری لە ئاکرێ هەردووکیان لە (بیرە کەپرا) لە ناوچەی زێبارەتی کوژراون بەمجۆرە دەڵێ: بەدڵێکی پڕ لەژان و کەسەرەوە ئەم ڕووداوە چاوەڕوان نەکراوەمان پێگەیشت. لەپاشان دەڵێ: لە ڕۆژی (04-11-1919) گەیشتمەوە هەولێر، ئەم ڕووداوە لەناو خەڵک بڵاونەبووبۆوە، پاش چەند ڕۆژێک نەبێ نەکەوتنە سەرزاری خەڵکی شار. ڕۆژی (05-11-1919) بروسکەیەکم پێگەیشت کە بەدادوەری ڕامیاری پارێزگای نوێی هەولێر دامەزراوم کە لە ڕۆژی (01-11-1919) بڕیاری بوونی بەپارێزگا دەرچوو بوو. بەم پێیە هەولێر لەو ڕۆژەوە بووە بە پارێزگا واتە ڕۆژی (01-11-1919) بەگوێرەی ئەم قسانەش بێ (دەبلیۆ-ئار-ئێچ) یەکەم پارێزگاری هەولێر بووە لەپاش نەمانی دەسەڵاتی عوسمانلییەکان، بەڵام دووای پێکەوەنانی دەوڵەتی ئێراق و لکاندنی کوردستان بەئێراقەوە، ئەم جۆرە پلەو پایانە دەدرانەوە خەڵکی وڵاتەکە، ئەوەندەی من ئاگاداریم.[1]