ناونیشانی بابەت: کۆیلایەتی، لە دوو دیمەنی ڕۆژانی بەفردا
نووسەر: #کنێر عەبدوڵڵا#[1]
چەمکی کۆیلە؛ یەکێکە لە چەمکە هەرەکۆنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، وکۆیلایەتیش؛ئاماژەیە بۆ خاوەندارێتی مرۆڤێک بۆ ئەویتر واتە لەو پرۆسەیەدا دووکاراکتەر هەن یەکێکیان بەناوی خاوەن و ئەویتریان بەناوی کۆیلە، مرۆڤی کۆیلەیەش؛ بریتییە لەو کەسەی نازانێ یاخی بێت، یا بوێری یاخیبوونی نییە و هەرگیز ناڵێ نەخێر بۆ هەموو شتێک ملکەچەو بەردەوام دەڵێت: بەڵێ.
کۆیلایەتی: بەپێی سەردەمە جیاجیاکان شێوازی جۆربەجۆری لەخۆگرتووە، و وێڕای نەمانی یاسای کۆیلایەتی لە زۆربەی ووڵاتاندا کە دوا ووڵات مۆریتانیا بوو ساڵی 1981، بەڵام لە ئێستادا ئەوەی مەزەندە دەکرێت 40.3 ملیۆن کەس لە گشت جیهاندا دووچاری جۆرێک لە جۆرەکانی کۆیلایەتی نوێ دەبنەوە، کە بەربڵاوترینیان کۆیلایەتی قەرزاریی، خزمەتکردن لەماڵان و هەندێ حاڵەتی تەبەنیکردنی منداڵە؛ بەمەبەستی کۆیلایەتیی و ناچارکردنیان بە کارکردن و هاوسەرگیری بەزۆر.
بەپێی مێژوو کۆیلایەتی جۆری زۆری هەبووە لەوانە؛ کۆیلایەتی تەقلیدی، کە خاوەندارێتی جەستەو هێز دەکات لەلایەن خاوەنەکانیانەوە، ئەم جۆرە لەسەردەمی بابلی، ئەغریقی، فیرعەون، یۆنانی و ڕۆمانییەکان تا سەدەی نۆزدە بەتەواوی لەجیهاندا بەربڵابوو.
کۆیلایەتی لەرێی قەرزەوە جۆرێکی تر بووە، کە کەسەکە لەرێی گرێبەستێکەوە لەبەرامبەر وەرگرتنی قەرزێک بە بڕێکی پارەو ماوەیەکی دیاریکراو ئەنجامی دەداو بۆ پێدانەوەی قەرزەکە، وە لەکاتی نەدانەوەی دەبوە کۆیلەو بەو شێوەیە نەوە دوای نەوە دەگوێزرایەوە؛ ئەمەش بەرفراونترین جۆری کۆیلایەتیی بوو بەتایبەت لە خوارووی ئاسیا.
کۆیلایەتی بەناچاری یان بەزۆریش هەبوو، کە لەرێی توندوتیژی و دوور لە ئیرادەی خۆی، کەسێک ناچار دەکرا بەکارێک و دەخرایە ژێررکێفی دەسەڵاتی تەواوی کەسێکی ترەوە، لەوانە ناچارکردنی مناڵ و ژنان بە لەشفرۆشی یان سواڵکردن یاخود هاوسەرگیری بەزۆر و ووڵاتانی تایلەند، کمبودیا، هند، بەرازیل و مەکسیک لەو شوێنانە بوون کە ئیستخلالی جنسی و بازرگانیکردن بەمناڵەوە هەبووە.
مێژووی کۆیلایەتی لە ووڵاتانی نێوان دوورووبار دەگەرێتەوە بۆ نزیکەی 10 هەزار ساڵ، کە نرخی کۆیلەی نێر بریتی بوو لە کێڵگەی دارخورما، هەروەها ژنی کۆیلەش بۆ پڕکردنەوەی ئارەزووە سێکسییەکانی سەیدەکانیان، ئەم جۆرەی کۆیلە تەنها لەکاتی مردنی سەیدەکانین ئازادییان بەدەستدەهێنایەوە. نزیکەی 3500 پێش میلاد کۆیلە لە شارستانییەتی سۆمەرییەکان ناوی کچ یان پیاوی شاخاوییان لێنابوون.
لە ئەسینا گەورەترین کۆیلە هەبوو کە لە هەردوو سەدەی شەشەم و پێنجەمی پێش میلاد ژمارەیان دەگەیشتە 80.000 واتە سێبەشی ژمارەی دانیشتوان لە یۆناندا هیچ هێزو دۆخێکی کۆمەڵایەتییان نەبوو، و مافی خاوەندارێتی خێزان و موڵکی تایبەتیان دەبوو بەرەزامەندی سەیدەکانیان بێت. وە لە ڕۆمای کۆن بۆ خۆشی و یاریکردن بەکاردەهاتن ؛نەک تەنها لەکار؛بەڵکو بۆ زۆرانبازی و جنس هەبوون. و لەکۆتاییەکانی سەدەی کۆماری کۆیلایەتی بووە کۆڵەکەیەکی ئابوری گرنگ لە سامانی ڕۆما، کە 25٪ ڕێژەی دانیشتوانی ڕۆمای کۆنیان پێکدەهێنا و زوربەیان دیلی جەنگ بوون.
لە ئەمریکا کۆیلایەتی لە ویلایەتی فیرجینیا ساڵی 1619 دەستیپێکرد پاش هێنانی یەکەم کۆمەڵەی کۆیلە ئەفریقییەکان بەمەبەستی یارمەتیدانایان لە بەرهەمی بەروبومە قازانجەکانی وەک توتن، کۆیلایەتی لە هەردوو سەدەی حەڤدەو هەژدە لە ئەمریکا بەربڵاوبوو کە زوربەیان ئەفریقییە ڕەشپێستەکان بوون. لە بەشی خوارووی ئەمریکا سێبەشی دانیشتوانیان پێکدەهێنا وزووربەیان لە کێڵگە کشتوکالییەکاندا دەژیان بێگومان خوێندن و نوسینیان لێ قەدەغەبوو، ڕەفتارو جوڵەیان سنوردار بوو، سەیدەکان زۆرێک لە ژنانی کێڵگەیان لاقەکرد، کۆیلە یاخیبووەکانیان بەشێوەیەکی زۆر وەحشیانە ڕوبەڕووی سزا دەبونەوە.
وێرای مێژووی لەمێژینەی کۆیلایەتی وبنبڕکردنی بەشێوەیەکی یاسایی لە ئاست جیهاندا، بەڵام لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا لەسەرهەڵدانەوەدایە، و کۆمەڵی کوردیش لێی بەدەر نییە، کەبەهۆی کۆمپانیاکان و خزمەتکردنی فلیپینی، ئەفغانی، و ئەسیوبی و هندی وهتد لە ماڵەکاندا بەدەردەکەوێت، بە زیندووکردنەوەی کۆیلایەتیی دادەنرێت ولەرێی شێوازی مامەڵەکردنی زوربەی خاوەنکارو خاوەنەکانەوە جێی هەڵوەستەکردنە، چونکە بەشێوەیەکی نامرۆڤانە و پێشێلکاری یاساییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت بە نموونە، کارێکی زۆرو پارەیەکی کەم، لێبڕین وکەمکردنەوەی مووچەیان بێ هیچ حسابکردن و دوور لە هەموو یاسایەک، دەرکردنیان لەکار بە ئارەزوی خاوەنکار، کارپێکردنیان لە ماڵان شەوورۆژو تەنها پشوویان چەند کاژێرێکی خەوی شەوە، ڕەفتاری توندڕەوانەو دووچاربونەوەیان بە لاقەکردن و دەستدرێژی و پیادەکردنی جۆرەکانی توندوتیژی.
لەمرۆژانەی بەفرباریندا دوو دیمەن بووە جێی سەرسوڕمان و نیگەرانیم، یەکەمیان بوونی زیاد لە 10 کەسی کرێکاری بیانی لە پشتی پیکابێکی سەربەتاڵ لە لایەن کۆمپانیایەکەوە کاتێک بەسەر شەقامی شاری سلێمانی دەگوێزرانەوە لەژێر بەفروبارانێکی زۆر، و ئەوانیش نزیکلەیەکترو بەپێەوە بەهۆی سەرماوە پێکەوەنوسابوون ولەچاوەڕوانیدا مابونەوە.دیمەنی دووەمیان؛ پاکردنەوەی سەیارەیەکی وەستاوی ماڵێک لە لایەن کچێکی گەنجی فلیپینی کە جلوبەرگێکی تەنکی لەبردا بوولە دووەم ڕۆژی بەفربارین و ساردییەکی بێوێنەدا؛ لەکاتێکدا هاتوچۆکردن دەگمەن بوو.
بوونی ئەو دوو دیمەنەو چەندین دیمەنی دیکەی ڕۆژانی تری ئاسایی ؛کاتێک دەبینرێت لەکاتی پیاسەکردنی شەواندا، کە کچانی فلپینی لە شوقەو ماڵ و شەقام و باخچەکاندا مناڵێک یان دوومناڵیان پێیە و پیاسەیان پێدەکەن لە کاتێکدا دایک وباوکەکە لەماڵ دانیشتوون یان بەدەر لە ماڵی خاوەنکارەکە دەنێرێن بۆ ماڵە خزم وکەسوکاریان و شەوورۆژ بێوەستانکاریان پێدەکەن یاخود لەگەڵ خۆیاندا دەینابەن ؛بەمەبەستی کارکردن، لەو دیدەی پارەیان پێداون وئیدی پێیان وایە مافی دانیشتن و حەوانەوەیان نییە.
ئیدی سستمی سیاسی ڕۆڵی هەیە لە سەرهەڵدانی کۆیلایەتی و لەپێناو برەودان بە گەشەکردنی ئابوری خۆی ڕەوایەتی پێدەدات، و بەو شێوەیەش دەبێتە بەشێک لە نەریتی کۆمەڵگە، بێگومان دروستبوونی کۆمەڵگەی کۆیلایەتیش پەیوەستە بە خاڵی لاوازی ئەو مرۆڤانەی، کە لەنێو ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەترسن وبێدەنگی هەڵدەبژێرن وناتوانن لە پێناوئازادبوونی خۆیاندا ڕووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە، لێرەوە جەوهەری کێشەکان دەردەکەوێت وئیدی ئەمجۆرەی کۆیلەی کۆمەڵایەتی ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ بەربڵاوی وتەشەنەکردنی جۆرێکی تری کۆیلایەتی کە پێی دەوترێت کۆیلەی سیاسی، کە دەسەڵات بەسوودوەرگرتنی لەم دوو جۆرە کاراکتەرە دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی باڵادەستی دەبێت و، درێژە بەمانەوەی خۆی دەدات لەپێناو مانەوەو باڵادەستی خۆیدا.