قوماش 4
نووسینی: #ئوسامە جەمیل عەلی#
دوو حەفتە بەسەر ئەو هەرایەی تێپەڕی و بابم خۆی لە من نەدەگەیاند، داکیشم بە سەری کەپووی قسەی لەگەر دەکردم، وەختی لە دەرێش بهاتبامەوە و سەلامم بکردبا، بابم ڕووی لەولای دەکرد و وەرامی نەدەدامەوە، داکیشم بە عەستەم لێوی دەجولاند و لە ترسی بابم نەدەوێرا دەنگ هەرینی، وەختی نان خواردنێش بابم بە بێدەنگی نانەکەی دەخوارد، هەر چشتەکی بوویستبا لە سەر سفرەی ئەگەر لە منیش نێزیک با، بە ئیشارەت بە داکمی دەگۆ هەتا بیداتێ، خۆ ئەگەر ئەمنیش بمدابایێ، ئەوە نەیدەخوارد، وەلحاسر وەزعم تەواو شپرزە بوو، لە هەمووش ناخۆشتر خەمی بابم بوو، زۆر دەترسام پێلەقەکەی قادر قرپەستووری تەفنیشی کردبی و لە خەباتی ژێر بەتانی کەتبی! ڕۆژەکی هەر کووی هەبوو، خۆم گەیاندە داکم و گۆتم: دایە! هەر ئەوەتەبوو وەرامی دامەوە و گۆتی: چت دەوێ؟ گۆتم: وەڵلاهی وەختە درم بتەقی لۆ بابم، توخوا یەک پرسیارت لێ دەکەم، بە ڕاستیم وەرام دەوە، داکم چ دەنگی نەکرد و خۆی بە دەق کردنی دەرپێ غوتبەکەی بابم مەشغول کرد! گۆتم: دایە دە پێم برێ بابم وەزعی کوە؟ داکم گۆتی: دەبی کووبی، ئەوە دەیبینی! گۆتم: ئەوەی نارێم نا، دەرێم دەبی گێڕ و مێڕی ئەزیەتی نەخواردبی، لەگەر پێلەقەکەی قادر قرپەستوری؟ داکم زەردەخەنەکی کرد و ئاوڕەکی لە من داوە و چاوەکی قووچاند و گۆتی: خەمت نەبی، سەلامەتە سەلامەت! وەکی داکم ئەو قسەی کرد باری سەر شانم بڕەک سووک بوو، گۆتم: مادام بابم لەو پێلەقەی دەربازی بوو، لەگە منیش هەر پێک دێتەوە، قابیلە هەر ئەوها حاشام لێبکا!
سێ چار ڕۆژی دی تێپەڕی، بە سەرکردایەتی داکم، مفاوەزاتی بەینی من و بابم دەستی پێکرد، ڕۆژەکی لە بن هەیوانێ دانیشتبووم کتێبەکم دەخیندەوە بە ناوی(کوو لە ناو ئاوێ ناخنکێی)، داکم هاتە تەنیشتم و گۆتی: با دوو قسەی خۆشت لۆ بکەم! کتێبەکەم پێوەدا ودرم خۆشبوو و گۆتم: وەڵلا هەر ئەتووم بە کەلک دێی، دەبرێ دایە! گۆتی: کوڕم، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەر بابت خەریکم هەتا درم نەرم کردیە، تازە گۆتی: بڕۆ پێی برێ ئەگەر خەجەی بینی، ڕایدۆنەکەشی دەدەمەوە و تەنزیلەکی دەبل کاسێتیشی لۆ دەکڕم، با لۆخۆی لەگەر خەجەی لە سبەینێ هەتا هێوارێ شریتی عەسەن زیرەکی لێدەن و هەرپەڕن! ئەو قسانەی داکم وەکی ئەوەی وابوو، بە دەست بەسترایی بمبەیە سەر قەراتێ و لە تۆقی سەری ڕا فڕێم دەیە پێش چایخانەی مەچکۆیی و شرپەم لێوەبێ و حەیاتم لێ ببڕێ، بەینەکی دامام و هیچ قسەم نەکرد، داکم گۆتی: تەواو تێت گەیشتم، گۆتم: لەچ گەیشتی دایە؟ گۆتی: مادام بێدەنگ بووی، مەعنای وەیە ڕازی بووی، دەستی درێژ کرد و گۆتی: لۆ ئەوەی بزانی بابت بە ڕاستیتی، ها ئەوەش ڕایدۆنە قیتارەکە و گۆتی بدەوە دەستی! گۆتم: دیارە بابم دەستپێشخەریشی هەیە، لە پێناوی ئاشتەوایی نێو ماڵەکەمان! گۆتی: کوڕم واز لەو قسە هەلەق و مەلەقانە بینە، دوو قسەی خۆشم لە دەستی نێ، با لۆ بابت ببەمەوە! گۆتم: دایە، دوو قسەی ڕاست و ڕەوانت لۆ دەکەم، بەس توخوا گێم بدێ! گۆتی: دەبرێ کوڕم برێ، وا گێم لە توو گرتیە! گۆتم: زۆرتان لێ مەمنون دەبم، ئەگەر واز لە خەجەی بینن، وەڵلاهی دایە، لۆ من زۆر زەحمەتە لەگەر خەجەی بژیم، ئاخر خەجە وەکی ساوار بە تەماتەی لە منداریەوە لە پێش چاومە، ئاخر کوو درم لۆی دەچی! داکم گۆتی: ئاخر ئەوەیە دەرێ دەستی حافزەکیان لە سەر زێڕی دادەنا، دەیگۆ خێر و دەگاتێ وازم لێ بینن، ئەشەدەن و بیللا ڕاستە، کەچەر و شەی پرچیان نەگۆتیە! گۆتم: ئەرێ ئەوە چیە دایە، ئەتوو لە باتی پشتم بگری، بە جارەکی بە عاردیم دادەدی! گۆتی: کورە کوڕم خەجەی لە دەستە خۆت مەدە، وەڵلا وەبیللا ڕۆژی یەک تەشتە نانت لۆ دەکا، هێشتا لە نان کردنێ نەبوویتەوە کانتۆڕە جلکەکی پیسی لۆ شووشتی و بە سەر ڕستەی دادایە، کورە کوڕم بە گێی داکت بکە و بە گێی ئەو پەڕە قاقەزانەی بەر دەستت مەکە، وەڵلا خەجە دەتکاتە مار نەک ئەو پەڕە قاقەزانە! سەرم برند کرد دیتم وا بابم لەبەر پەنجەرەی ڕاوەستایە و چاودێری بارودۆخەکەی دەکا، بزانی دەگەینە ئەنجام یان دەتەقیتەوە! ڕووم لە داکم کردەوە و گۆتم: دایە بە کورتی و بە کوردی با پێت برێم: ئەمن خەجەم ناوێ و درم بە کیژەکی دی وەیە! داکم ڕەنگی زەرد هەرگەڕا و گۆتی: درت بەکێ وەیە هەی سەیە، ئاخر ئەتوو بابت ئەوها بووە یان باپیرت، دە وەڵلاهی ئەو ڕۆژەی گۆزرامەوە بابت چاوی بە من کەتیە، ئێ کوڕم ئەوە بیست و سێ ساری ڕەبەقیشە پێکەوەینە و وەڵلاهی ئەوی ناخۆشیبی لێکدین نەدیتیە! گۆتم: دایە ئەو زەمان ڕۆیی ڕۆیی، ئاخر لەوانەیە ئەمن لە هەموو عومری خۆم یەکجار ژنێ بینم، ئێ دەبا ئەوجارە بە کەیفی من بی! توخوا دایە پشتم بگرە و بەردەکی لە سەر مەوزوعی خەجەی دانێ!
داکم وەکی زانی لەگە من فایدەی نیە، هەستاوە و گۆتی: زانیم لەگە توو بەلاشە، بینە ئەو ڕایدۆنەی بینە! گۆتم: کێوە دەبەی ئەدی بابم نەیگۆ بیدەوە! گۆتی: ئاخر گۆتی: ئەگەر ڕازی نەبوو لێی بستینەوە! داکم بە نابەدری هەستاوە و ڕۆیی، ئەمنیش دەستم داوە کتابەکەیی و بەینەکی تەماشا ناونیشانەکەم کرد، دوایێ بە قەرەم جافی ناونیشانەکەم سڕیەوە و نووسیم: (کوو لە ناو ئاوێ دەخنکێی)!
حەفتەکی دیشمان بەڕێکرد، بەبێ دروست بوونەوەی پەیوەندیەکانی نێوان من و بابم، هێوارەکی درەنگ لە بازاڕی گەڕامەوە مارێ، دیتم بابم لە حەوشێ دانیشتیە و داکیشم لە تەنیشتیتی، داکم سنیەکی لە پێش بوو، شفتیەکی گەورەی لە ناو بوو، دیار بوو بە چەقووی شەقی دەکرد و کوزی کوزی دەکرد! سەلامم کرد و ڕێک لۆ ژۆرەکەی خۆم چووم، بابم سەری برند کرد و گۆتی: وەرە لە تەنیشتم دانیشە، ئیشم پێتە! ڕەنگم تێکچوو، لاقم تێک ئارا و مشەوەش بووم، ئێ خۆ ناکرێ نەچم، سەرم نوی کرد و چووم لە تەنیشت بابم دانیشتم، بابم بەینەکی بێدەنگ بوو، دوایێ گۆتیە داکم: کا ئەو چەقووەم بدێ! ئەمن ڕوحم لەبەر نەما و زەندەقم چوو، گۆتم: بە قورعان ئێستا بابم شەش چەقوو تەرحم دەداتێ! داکیشم مشەوەش بوو، گۆتی: شەیتانی بە نەعلەت کە پیاوەکە، چەقووت لۆ چیە؟ ئەمن خۆم حازر کرد، هەر بابم چەقووی کەتە دەستی و هەرێم! بابم تووند قۆری گرتم و مەجالی هەراتنێم نەما، گۆتیە داکم: دەرێم ئەو چەقووەم بدێ! داکم بە ترسەوە چەقووەکەی دا بابم، بابم وەریگرت و بەینەکی تەماشا چەقووەکەی کرد، ئەمنیش ڕوحم لەبەر نەمابوو، دوایێ خوا ڕەحمی کرد، بابم نووکی چەقووەکی لە عاردی دا و دەستی بە کووتە کووتێ کرد و ڕووی لە من کرد و گۆتی: ئەو کیژە کێ یە دیتیتەوە، هەتا لۆت بچینە پێش!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!