قوماش 6
بابەت: چیرۆک
نووسینی: #ئوسامە جەمیل عەلی#
داکم ڕۆیی و ئەمنیش چوومەوە ژۆرێ و دەستم بە دوعایان کرد خوا ڕێکی بێخی، گۆتم: با خۆم بە کتێب خیندنەوەی بخافرێنم هەتا داکم دەنگ و سەدایەکی دەبی، دوایێ هەر بەخۆم گۆتم: کورە دە بڕۆ ئەو قورعانەی بینە و دوو سورەتان بخینە، بەشکی خوا ڕەحمت پێ دەکا و دری داک و بابی هەورینی نەرم دەکا، دووگردەکی حەسیرم ڕووەو قیبلەی لە حەوشێ ڕاهێخست و دەستم بە قورعان خیندنێ کرد، وەکی بابم گێی لە دەنگی من بوو قورعانی دەخینم، سەرەکی بادا و بڕەک پێکەنی و گۆتی: ئای عەشق، کوو پیاوی شێت و هار دەکەی! وەلەو بڕەک بە سەخۆ داشکامەوە، بەران بە سەخۆم نەهینا و بەردەوام بووم لە قورعان خیندنەکەی!
بەرەبەری هێوارێ داکم هاتەوە، هەر لە دەرکەی حەوشەی هاتە ژۆرێ هەلهەلەکی لێدا، بابم قیت بۆوە و گۆتی: ئەڵلاهومەسەڵی عەلاسەیدنا محەمەد، وە عەلا ئالیهی وە سەحبیهی وەسەلەم! ئەمنیش قیت بوومەوە و غارم دا لۆلای دەرکەی حەوشێ، لۆ خلیسکم نەبرد و سەراوسەر نەڕۆیشتم، شرپەم لێوەهات و لە پێش داکم بە عاردی کەتم، بابم و داکم تێکڕا هاواریان کرد: یا ئەڵلا یا ئەڵلا! داکم خۆی بەسە داهینام و گۆتی: وەی چاوی داکت کۆرەبی، کوڕە کوو ئاگری تێبەربووە لۆ هەورۆکەی! بابم هاواری کرد: خۆ سەلامەتی کوڕم، چ جێت نەشکایە؟ بە کنەکن قیت بوومەوە و گۆتم: ئەلحەمدولیللا سەلامەتم، تەماشام کرد لە بنی پێم هەتا تۆقی سەرم غەرقی ناو ئاوی جۆگەی حەوشێ بووە، زۆر بەسەخۆ داشکامەوە و بوومە قەترە ئاوەک، بابم زانی وەزعم تێکچووە، لۆ ئەوەی وەزعی من بڕەک چاکاتەوە، گۆتیە داکم: هەونکە خۆ نارێم زمانت بە بڕین چی، ئاخر ئەگەر ئەتوو ئەو هەلهەلەت لێنەدابا، ئەو کوڕە لۆ ئەوها قوونا و قوون بە عاردی دەکەت! داکم گۆتی: ئەرێ دەزانی درم چەند خۆشە، وەڵلاهی حەزم لێنەبوو جارێ کۆران تێبگا، دەنا لە سەری کۆرانێ ڕا بە هەلهەلە لێدان دەهاتمەوە! لە خۆشیان هەردوو چاوم پڕی ئاو بوون، دەزانی چەند خۆشە ئەوەی خۆشت دەوێ لۆ توو ببی و تێر تێر بۆنی بکەی!
داکم قۆری گرتم و بە شلەشل چووینەوە لای بابم، داکم لە تەنیشت بابم لەسەر کورسیە پلاستیکیەکان دانیشت، ئەوی لە بۆڕی فاوفۆن و وەیاری ئەستوور دروست کرابوون، فەوری سەری کووپەی ئاوێم هەرداوە و جامە ئاوەکم لە دەستی داکم نا، داکم ویستی بە دەوی وەکا، یەکسەر بابمی بە بیر هاتەوە، لۆیێ لە زاری خۆی لابرد و لۆ بابمی ڕاگرت و گۆتی: دەوت تەڕکە و هەندە ئاو بخۆوە! بابم وەریگرت و بسمیلای کرد و یەک دوو قوومی خواردەوە و دایەوە داکم، داکیشم بسمیلای کرد و تەماشای کرد جێی لێوی بابم لە جامەکەی لە کێندەرێیە، ئەوێی بەسە دەوی وەنا و خواردیەوە، وەکی ئەو دیمەنەم دیت، دیسان ئاو لە هەردوو چاوم هاتە خوارێ و تێگەیشتم ئەگەر ژن و مێرد ئێکدیان خۆشبوێ، چ نیعمەتەکە!
داکم جامەکەی داوە دەستم و گۆتی: ڕەبی کوڕم مرازت حاسربی، دەوجە با لۆو باس بکەم، ئەمن هەر لە عاردی لە پێش داکم و بابم دانیشتم و هەردوو گێم کردە سەت هەزار گێ، بابم گۆتی: دەی دەوجە بتبینم و نەتناسم! داکم گۆتی: وەڵلاهی مارەکی هەند بەڕێز بوون هەند بەڕێز بوون، هەتا خوا دەرێ بەس، کیژ چ کیژ، دەتگۆ ناسکە نانە، بەشەرم و حەیا، ڕێک و پێک، وەڵلا پاش بەخێراتن و ئاو خواردنەوەی، گۆتمە داکێ کیژەی: ئەمن خێزانێ فرانیمە و لۆ ئیشەکی خێرێ هاتیمە، داکی گۆتی: یاخوا بەخێر بێی، ئەمە گێن لە ناوینگۆ بووە و دەوناسین، فەرموو ئەمرکە! گۆتم: وەڵلا هاتیمە هەورینۆکەی بدەیە کوڕەکەیمە زۆرن پێخۆشە ببینە خزم، کاکە وەکی ئەو قسەم کرد هەورینۆکە سۆر هەرگەڕاو قیت بۆوە و چووە ژۆرەکەی دی، دیقەتم دایێ لە خۆشیان دەوێ وێک نایێتەوە، بابم گۆتی: دیارە زانی کێ یە داوای دەکا؟ داکم گۆتی: ئا ئا، پێدەچی لەگەر ئەو سەیەی هەموو چشتیان بڕاندبیتەوە! بابم گۆتی: دەتوو لەوەی گەڕێ جارێ، داکی کیژەی چیگۆ؟ داکم گۆتی: وەڵلا داکی گۆتی: ئیشاڵلا خێری تێدایە و ئەمەش پێمان خۆشە کوڕەکی بە حەیا و نامووسی وەکی ئینگۆ ببیتە زاوای مە، چما هەرئەوها نیە، کیژی گەورە دەکەین لۆ کوڕی خەرکی و کوڕیش گەورە دەکرێ لۆ کیژی خەرکی، گۆتم: داکم بە خوای قسەی تووە، بەران ئەو دنیایەکە ئەوهایە، ئەوج حەز دەکەم قسەکم لە مستی بنێی! ئەویش گۆتی: بەخۆت دەزانی ئسوول ئەوهایە، ئەمەش دەبی لە مارێ لەگەر باب و برا و خوشکەکانی باس بکەین و پرسەکی کیژەی بکەین و لە دوو خزم و ناسیاران بپرسین ئەوجە جواب و بدەینەوە، ئەمان ئەمن درم گەلە ڕۆنە و ئیشاڵلا کووی خێر تێدایە ئەوها دەبی! بابم گۆتیە داکم: هەونکە تێمبگەینە ئەتوو کوو لە وەزعەکەی گەیشتی؟ داکم گۆتی: وەڵلاهی بە گێرەی قسەی داکی کیژەی بی سەتا سەت دەبی، ئەمان گۆتی: سەبرەکی بگرن هەتا خەبەرتان پێ دەدەینەوە، گۆتم: دایە ئەتوو برێی هەر ئەوشۆ خەبەرمان نەدەنەوە؟ بابم لە قریتەی پێکەنینێی دا و گۆتی: ماشەڵلا ئەو کوڕەی من دەرێی نانی لەسەر سێری سووتایه، کورە کوڕم مەمنون بە بە دوو سێ حەفتان، ئەمان مادام داکت دری ڕۆنە ئیشاڵلا دەبی!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!