قوماش 21
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بابم چاوی چووە پشتی سەری، نەیتانی زیاتر لەسەر پێیان ڕاوەستی و کشاوە لەسەر کورسیەکەی دانیشت، ئەوەی ڕەنگبی لە دەموچاوی داکم نەمابوو، هەر هەندە دەنگی لە دەوی هاتە دەرێ و گۆتی: زوو وەرە دەستی بابت ماچکە و داوای لێبوردنی لێبکە! گۆتم: لەباتی جارەکی سەت جار دەست و پێی ماچ دەکەم، دەبی بشمبوری کە دەنگم بەرزکردەوە، بەران حەزدەکەم لەمن تێبگەن کەوا ژن لۆ منە نەک لۆنگۆ، کوڕ لەوانەیە لە هەموو تەمەنی خۆی یەکجار ژنی بینی، کیژیش لەوانەیە یەکجار مێردی بکا، دەی ئەگەر ئەوەی بەدریانە و هیچ کێشەی نیە، لۆ پێکی ناینن، ئەمن لەو وراتەی کەم کەسم دیتیە گۆتبی: ئەوەی دەموویست لۆم بوو، هەمووی ئاخی هەردەکێشی و دەرێ ئەوەی دەموویست لۆم نەبوو، حەزدەکەم لێم تێبگەن، ئەمن هەورینم کەتتە بەر دری و هەر ئەویشم دەوێ، هەتا مەجالی تێدابی و ڕێی تێبچی ئەوی دەینم، دەی ئەگەر هەر نەبوو، ئەو وەختی ئەمن بڕیارەکی دی دەدەم! بابم چەنەگەی هاویشتبووە سەر کراوی گۆپارەکەیی و دوور تەماشای دەکرد و هیچ قسەی نەکرد، ئەمنیش تەماشا عاردیم دەکرد و هەر چاوەڕێ بووم بابم قسەکی دی بکا، ئەوجە ئەو قسە هەرچیبی، تەماشا عاردیم دەکرد لە پێشەخۆم، لە هیکڕا چڕوچاوی بازۆی هاتە پێشم و دەیگۆ: عافەرین، تەسلیم نەبی، بەردەوام بە، چەند خۆت تووندکەی ئەتوو زیاتر دەچیە پێش، نەڕوخێی و بەردەوام بە! لەو داڵغانە دابووم، لە هیکڕا شێرۆ شامینۆک هاتە ژۆرێ، سەلامی کرد و گۆتیە بابم: خۆت حازرکە با ئەو دەرزیەشت لێدەم! بابم گۆتی: شێرۆ لێمەگەڕێ و دەرزیم لێمەدە، با چانەبمەوە و لە خەمان بمرم! داکم گۆتی: خوا نەکا و خوا هەر لۆمەت بێلی ئەتوو کوو درت دێ ئەو قسەی بکەی! شێرۆ دەرزیەکەی حازر دەکرد و گۆتیە بابم: بەلاش نیە پاپۆڕت غەرق بووە، پێم برێ کێیە، هەتا جەرگ و سیپەلاکی لێک هەرزڕێنم! بابم بە عەستەم بە لاچاوەکی تەماشا منی کرد، باشبوو شێرۆ ئاگای لێنەبوو، دەنا خۆی بە چڕوچاوی دادەدام، شێرۆ پەنجەی بە بنی سرنجەکەی وەنا و قیچە دەرمانەکی لە دەرزیەکەی بەتار کرد و گۆتیە من: سەرلووس، پێ دەچی ئەو کەتنە لەبن سەری توو بی، قاتی جنەت لە ژنێ نەگرتیە! نەکەی ژنێ بینی گێلە، وەڵلا ئەگەر بینی، ژن گێی لێنیە لۆ یەک کیلۆ شامینۆکی سێ جار بتنێرنە شێخەڵلایی و بتهینتەوە! ئەمن چ وەرامی شێرۆم نەداوە و چووم لە ژۆرەکەی خۆم لێی دانیشتم، وەختەکی شێرۆ دەنگی نەمابوو، دیاربوو ڕۆیی بوو، داکم هاتە ژۆرەکەی من و گۆتی: خۆ هەونکە نارێم شیری منت لێ حەرام بی چونکە ئەو بەزمەمان پێ دەکەی، بابت بەو هەموو دەرد و نەخۆشیەی ئی هەندێ بوو ئەوها لە دەوی بدەیەوە! گۆتم: دایە دە ئەوجارەی لەمن تێبگەن، ژن لۆ منە ئەی هاوار، بەس بزانم لۆ نایێلن بە کەیفی خۆم بینم، ئێستا ئەمە مەسەلەی خەجەمان کۆتایی پێ نەهینا، لۆ دیسان هاتەوە ناو مەوزوعی، ئاخر ئەگەر ئەتوو سابوونت لەبن پێی مارێ پلکت مامزی ڕوو نەکردبی، ئەوان لۆ بە مەنجەرە شیوەوە دێنە مارێمە، دە وەڵلاهی با پێت برێم، ئەگەر ئەمن خەجەم هینا، کوو دەزانم خوا یەکە، ئەوها دەزانم لەگەمە ئیدارە ناکا، داکم گۆتی: کوڕم دیتت بابت بە سەبەبی ئەو بابان کۆرەی داڵغەت لێدایە چی بەسەهات، وەڵلا لە مردن گەڕاوە، تێمناگەینی کوو درت دەچتەوە سەری، با پێت برێم نەچی گەردەنی خۆت بە بابت ئازاکەی حاشات لێ دەکەم و قەت گەردەنیشت ئازا ناکەم! وەکی داکم ئەو قسەی کرد، چوومە حەوشەی هەتا دەستی بابم ماچ کەم، دیتم لەوێ نەمابوو، بە دووی داچووم دیتم لە ژۆرێ پاری دایتەوە، گۆتم: نا با جارێ وازی لێبینم، وەکی هاتە دەرێ لەگەری پێک دێمەوە، چوومەوە ژۆرەکەی خۆم، جلکم گۆڕی و نوێژی نیوڕانێم کرد و لێم پارداوە، وەختەکی داکم هات گۆتی: وەرە پارە نانەکی بخۆ نان حازرە! گۆتم: ئەنگۆ بخۆن عافیەتتان بی، ئەمن هیچم پێ ناخورێ، باشبوو داکم چ دەنگی نەکرد و چووە دەرێ، ئەمنیش سەرم هاویشتە بن بالیفی، بەو حسابەی بڕەکی بنووم و عەسرەکەشی بچمە خزمەت قادرە فەندی!
بالیف: سەرین.
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 817 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!