قوماش 24
نووسینی #ئوسامە جەمیل#
یەکپێ لەبەر قادرە فەندی قیت بوومەوە، لێم نێزیک بۆوە و بەخێراتنی کردم، دەستی درێژ کرد لۆ دۆقەی، ئەمنیش وەرامم داوەو دەستم درێژکرد و دۆقەم لەگەر کرد، دانیشت و ئەمنیش زۆر بە ئەدەبەوە لە حزوری دانیشتم، ئەمن سەرم نوی کردبوو و تەماشا عاردیم دەکرد و ڕەنگم وەکی خورمای لێهاتبوو، ئەویش بەرامبەرم دانیشتبوو، بە هوردی تەماشا دەموچاوی دەکردم، ئەو بێدەنگی شکاند و گۆتی: یاخوا بەخێر بێی! گۆتم: زۆر مەمنونم سەلامەتبی، گۆتی: ئەتوو نەخۆشی؟ سەرم برند کرد و گۆتم: ناوەڵلا باشم، بەس لۆ ئەو پرسیارەی دەکەی؟ گۆتی: وەکی دۆقەم لەگەر کردی، دەستم تووند گرتبووی، ئەوجە لەناو دەستم هەردەلەرزی، دەتگۆ پلەی گەرمی قالبت بیست و پێنج لەبن سفریە! زەردەخەنەکم کرد و گۆتم: ناوەڵلا باشم! ئەمن قسەم لەگەر قادرە فەندی دەکرد، بەڕان مێشکم هەرلای ڕێنماییەکانی بازۆی بوو، کوو غەرەت نەکەم و لەسەری بڕۆم! وەختەکی کیژەکی پارچەرە هاتە ژۆرێ و سنیەکی پێبوو، دوو چایەی لەسەربوو، سنیەکەی دانا و بەخێراتنی منی کرد، ئەو بەخێراتنەی ئەو کچەی بۆنی ئەوەی لێدەهات کە بزانی ئەمن لۆچ حار و حسابەکی هاتیمە! خۆم گران کرد و هەتا قادرە فەندی دەستی لۆ چایەکەی خۆی درێژ نەکرد و تێکی نەدا، ئەمن دەستم درێژ نەکرد، چایەم تێک دەدا، گۆتی: خێربوو هاتبووی ئەمن ببینی؟ ڕەنگم لەبەر نەما، نەمزانی کوو دەست پێبکەم و لەکێ دەست پێبکەم، زمانم تێک ئارا و نەمزانی چبرێم، گۆتی: کوڕم، خۆت مشەوەش مەکە و چت لەدریە برێ، حەزدەکەم بشزانی ئەمن دەزانم، ئەتوو لۆ هاتی؟ گۆتم: کوو دەزانی ئەمن لۆ هاتیمە؟ گۆتی: نیو سعات پێش ئەوەی ئەتوو بێیە ئێرە، بابت لێرە بوو! ئەو قسەی قادرە فەندی سێیەم ئارپێچی بوو کە لەو چەند ڕۆژەی تووشی داوی عەشق بوویمە پێم وەبنێن! بە تەواوی تێکچووم، لە دری خۆم گۆتم: وەڵلاهی بابم هاتیە و دۆ و دۆشاوی تێکەر کردیە و ئەوەی هاتبیتە بەر زاری نەیگێڕایتەوە و بیست ئارپێچی بە من و بە هەورینی و خەونەکانمان وەنایە! نەمدەزانی چبرێم، سەرم برند کرد، دیتم دەموچاوی بازۆی بەرامبەرمە و دەرێ: بەردەوامبە، سەرکەوتن بەڕێوەیە، بەهێزبە و بڕۆ ناو چاوی ماری! یەکسەر گۆتمە قادرە فەندی: دەزانی ئەمن زۆر بەهێزم و دەچمە ناو چاوی ماری! قادرە فەندی بەینەکی تەماشای کردم، ئەوجە گۆتی: گۆتت چ؟ گۆتم: سەرکەوتن بەڕێوەیە و تەسلیم نابم، دەبی کۆڵ نەدەم و کۆڵ نەدەم! قادرە فەندی ترسەکی لێ نیشت و بڕەک کشاوە پاش، دوایێ گۆتی: کوڕم ئەتوو تەواوی؟ ئەمن دەرێم بابت لێرە بوو، ئەتوو دەرێی دەچمە ناو چاوی سەی! گۆتم: مار، مار، نەک سەگ! دەماری مێشکی هەمووی جۆت بوون و بە تووندی گۆتی: بابە ئیننا لیللا، مار، مار، بەس تێم ناگەینی لۆ دەچیە ناو چاوی ماری؟ ئەتوو بچی یانەچیە ناو چاوی ماری، ئەوجە ئەوجە ئەو مەوزوعە چ پەیوەندی بەمن دایە؟ لەگەر تووندکردنی قادرە فەندی هاتمەوە سەرەخۆ و گۆتم: ئەلعەفو مێشکم لێرە نەبوو، بەس بابم لۆ چ هاتبوو؟ گۆتی: یەعنی نازانی لۆ چ هاتبوو؟ گۆتم: ئەوی ڕاستی بی، بە باشی نازانم، چونکە لەگەر بابم بڕەک لێکگیربووین، گۆتی: ئەوەش دەزانم و بابت لۆی باس کردم، کوڕم بابت هاتبوو داوای هەورینی کرد لۆ توو! چاوم زەق بۆوە و بەینەکی دامام، لە خۆشیان فرمێسک بە هەردوو چاوم داهاتە خوارێ و بابم هەزار ئەوەندەی دی لەبەر چاوم گەورەبوو، قادرە فەندی ئەو بێدەنگیەی منی شکاند و گۆتی: وەڵلا گلەیشم لە بابت کرد و گۆتم: ئەمە لەمێژە خەبەرمان لۆ ناردینە و پێمان سەیر بوو ئەنگۆ دەنگتان نەبوو! گۆتم: کا خەبەرتان ناردیە مامە، وەڵلاهی ئەمە چاوەڕێی خەبەرینگۆ بووین، وەکی دەنگتان نەبوو، گۆتمان دیارە ڕازی نینە! گۆتی: کوڕم ئەدی داکی هەورینی ژنەکەی جیرانینگۆی نەدیتبوو، پێی گۆتبوو: ئەو قوماشەی لەکنەمە بە دوورینتان دایە، بە دوو داوەرن! بە دەستە خۆم نەبوو زۆر پێکەنیم، گۆتی: ئەوە بەچ پێدەکەنی؟ گۆتم: وەڵلاهی ئەو خەبەرەیان دا داکم، بەران داکم ئینکاری دەکرد و دەیگۆ ئەمن قوماشم نەبردتە خەیاتی! قادرە فەندی پێکەنی و گۆتی: عەلا کولین ئەمن خەبەرم دا بابت و گۆتم: کیژکیژی خۆتانەو وەرنە پێش! وەکی قادرە فەندی ئەو قسەی کرد! هەموو قالبم تەزی، لەخۆشیان نەمزانی چبکەم، قیت بوومەوە و یەک بە دەنگی هاوارم کرد: یووهوووووووووووو، بژی بازۆ، بژی بابم، دواێێش قیت بوومەوە غاردمە دەرێ بچم خەبەری بدەمە بازۆی، لۆ خلیسکم نەبرد و بە تەقلە نەڕۆیشتم، ڕمبەم لێوەهات و سەرم زۆر تووند بە دەرکەی کەت، ئەوەندەم ئاگا لێبوو قادرە فەندی گۆتی: یا ئەڵلا یا ئەڵلا، ئیدی دوایێ ئاگام لەخۆم نەما چم بەسەرهات!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 588 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!