قوماش 27
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بابم و داکم واڕێککەتبوون، داکم دیسان بچیتەوە ماری قادرە فەندی و سەرلەنوێ سەروسۆراغەکی بکا، هەتا تەئکید بکەن بزانن وەرامی ماری قادرە فەندی چیە و ئایا ئەو ژنەی هاتیە باسی قوماشی کردیە داکی هەورینی بووە یان نا؟ ئەمنیش درم زۆر بەو تەکبیرەی داکم و بابم خوش بوو، دریشم ڕۆن بوو ئەوجارە سەتاسەت ئەو ئیشە دەبی! ئیدی وا ڕێککەتین داکم سبەینێ دانی سبەینێ دەوری سعات دەی بچی سەرەکیان لێبدا، ئەو هێوارەی خۆشترین هێوارەی من بوو، هەزار و یەک داڵغە و خەیارم لێدەدا، کوو ژۆرەکەی سەبانی بۆیاغ کەمەوە و تاقمی نووستنی بکڕم و ژۆرەکەی تەرتیب کەم، ترسی ئەو قسەی فەیرۆزی برادەری هەورینیشم هەرهەبوو، کە گۆتی: هەورین گۆتیتی با وازم لێبینی و ئەمن لۆ ئامۆزایەکم داندرایمە، دوایێش دەمگۆ بابە کێ دەرێ وەیە، کێ دەرێ فەیرۆز نایەوێ هەورینی لۆ برایەکی خۆی بینی، یان کێ دەرێ فەیرۆز بەخۆی بەتەمای من نیە! دوایێ گۆتم: نا بابە بەخۆی بەتەمای من بایە هەتا ئێستا سەر و سۆراغەکی هەردەبوو، وەلحاسر بەو داڵغە و خەیارانە شەوەکەم بە ڕێکرد، نوێژی سبەینێم کرد و نەمتانی بنوومەوە، داکم عادەتی وابوو پاشی نوێژی بەیانیان بڕەکی دەنووستەوە، ئەوڕۆ خەوم لەویش تێکدا و نەمهێشت بنوویتەوە، هەستا و سەماوەری پێکرد و گۆتی: بەس بزانم ئەتوو لۆ ئەوها ئاگرت تێبەربووە، کورە دەبڕەکی شەرمێ لەخۆ بکەوە، وەلحاسر داکم نانەکەی حازر کرد و نانی بەیانیم خوارد و هەتا داکم پیارە و میارەی هەرگرتەوە بووە سعات نۆ، گۆتم: دایە پێم باشە بەڕێکەوی، چونکە درەنگ داهات، بابم پێکەنی و گۆتیە داکم: پیرەژن هەستە بەڕێکەوە هەتا ئەو کوڕە بەخۆی نەچووە! داکم عەبای هاویشتە سەرسەری و دوو سێ قولوەڵلای خیند و ڕۆیی!
بابیشم دەستی دا گۆپاری و گۆتی: ئەمنیش دەچم سەرەکی لە مامەستا مەلا ڕەسوری دەدەم، دەرێن بڕەک نەخۆشە، ئیشاڵلا هەتا دێمەوە داکت خەبەرەکی خۆشی هینایتەوە! گۆتم: زۆر باشە، بڕۆ بەخێرچی! بابم ڕۆیشت و ئەمنیش لە سەر قەرەوێرەکەی بن هەیوانێ پارم داوە لۆ داڵغە و خەیاران! وەختەکی لە دەرکەی درا، چووم کردمەوە دەبینم بازۆیە! گۆتم: ئەوە لەچ دەگەڕێی تەیری موبارەک؟ گۆتی: وەڵلا هاتیمە بزانم قادرە فەندیت دیت یان نا و چت کردەوە لۆ مەسەلەی من و هەناری؟ گۆتم: بازۆ، ڕیوی بەخۆی بە کوونێ وەنەدەچوو تەنەکەکیان لە کلکی بەستبوو، ئیشی خۆم هەند جوان پێکهاتیە ئەوجە نۆبەتی تووە، گۆتی: قاتی نارێی هەورینم لۆ خۆم تەرتیب کرد و بازۆش بە گونم! گۆتم: کورە دەبڕۆ وازم لێبینە هەی چاو بەلەبۆق، هەونکە داکم بێتەوە لەبە سەت ڕوودەکا، گۆتی: لۆ داکت کێوە چووە؟ گۆتم: چوویتە ماری هەورینی! گۆتی: وەی وای، وەڵلا لێرە ناڕۆم داکت بێتەوە دەرێم دیسان بڕۆوە ماریان و ئەوجارە داوای هەناری بکە لۆ کاک ڕێبازی کوڕت! گۆتم: ئەمن مردی ئەتوو زندی، ئەگەر بە سایەی توو ئیشی منیش تێکنەچوو، ئەمن پیاوەکی خراپم! هەرچەندی کردم و کردم بازۆ نەڕۆیی و نەڕۆی! ئان ئاخیری هاتە ژۆرێ و لەحەوشێ لێدانیشت، گۆتی: دایە حاجی هەردێتەوە کێواچی!
دەوری دوو سعاتەکی پێچوو داکم هەر دیار نەبوو، وەختەکی بابم هاتەوە، سەلامی کرد و بەخێراتنی بازۆی کرد، گۆتی: داکت نەهاتتەوە؟ گۆتم: ناوەڵلا، گۆتی: باشە ئەوە لۆ ئەوها تاخیر بوو! بازۆ هەریدایێ و گۆتی: داواکردنی دەستی دوو کیژان هەندەی هەر پێدەچی دەچی! بابم ئاوڕەکی داوە و بەینەکی تەماشای بازۆی کرد، ئەوجە تەماشا منی کرد و گۆتی: دەرێی ئەو سەیە چشتەکی خواردتەوە؟ گۆتم: وەڵلا برێم چ بابە، بازۆیە و هەموو چشتی لێدێ، لەو قسانە دابووین و داکم هاتەوە، هەر دەرکەی حەوشێی پێوەدا و هەلهەلەکی لێدا، بازۆ قیت بۆوە و دەستی گرتم و گۆتی: با هەرپەڕین ولداش زاوا! بابم سڵاوەتەکی لێدا و گۆتی: خوایە بەخێری بگێڕی، داکم سەلامی کرد و وەراممان داوە و گۆتم: دەی دایە، برێ بزانم چبوو؟ گۆتی: وەڵلا کوڕم داکی گلەییەکی زۆری کرد، گۆتی: باشە ئەوە ئەمە چەند ڕۆژە خەبەرمان دایتەوەنگۆ ئەنگۆ لۆ دیار نینە؟ بابم گۆتی: کا خەبەریان دایتەمە؟ داکم گۆتی: بەدی ئەو مەسەلەی قوماشەی کە زەکیە باسی کرد، ئەوە داکی هەورینی بووە، بەران نەیوویستیە جارێ جیرانیمە تێبگەن لۆیێ ئەوهای گۆتیە! بابم گۆتی: ئێ ئەوجە؟ داکم گۆتی: وەڵلا گۆتی: لەوڕۆ بەدوا هەر شەوی دێن بەخێربێن سەرچاوم! بازۆ گۆتی: ئەدی لۆمن چتکرد دایە حاجی؟ داکم ئاوڕەکی لە بازۆی داوە و گۆتی: ئەو مشکە کێیە، بازۆ نەبی، چانەبوو پێم لێ نەناو نەمتورخاندەوە!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!