قوماش 37
نووسینی: ئوسامە جەمیل
بابم گۆتیە شێرۆ قوون کەتی: باژۆ لۆ تەواری جارێ وەختی مەخفەری نیە، شێرۆ گێڕی تڕومبێلی گۆڕی و بە تەناش هەستا، چونکە کۆران قەپات بوو لە خەرکی، شێرۆ هەتا لەکۆرانێ بزربوو، دەستی لەسەر هۆڕنی هەرنەگرت، ئەمنیش دەستەکم کەتە پاش و ئێکەکم کەتە پێش، نەمزانی چبکەم و کێوەبچم، دیتم داکم عەبای لەخۆ لوولدایە و گۆتیە من بابڕۆین لۆ تەواری، دەرکەی حەوشێم پێوەدا و زەکیە ی قادر قرپەستووریش وەگەرمان کەت، باشبوو شەریف باشووکەی جیرانمان بە خۆ و بە جێبەکەی هات و گۆتی: سواربن باڕۆین! زەکیە گۆتی: بژی باشوکە، باژۆ باشوکە! ئەمە سوار بووین و بەڕێکەتین، گەیشتینە تەواری دیتمان پێش دەرکەی کەپس بووە، توومەز خزم و کەسی قادرە فەندی هەموویان هاتبوون، هەرایەکبوو نەبیتەوە، لە جێبی دابەزین و چووینە لای دەرکەی تەواری، سێ چار پۆلیس دەرکەیان گرتبوو نەکوو خەرکەکە هجوم کا لۆ ژۆرێ، لەکن خەرکەکەی ڕاوەستاین و گۆتمە ئێکەکی، ئەوە لۆ تەواری ئەوشۆ ئەوها فوولە؟ گۆتی: لە قادری ئامۆزایان دایە و هاتینە وەخەبەرەکی بکەوین، گۆتم: نارێن وەزعی کووە؟ گۆتی: چاوەڕێینە خەبەرەکمان لۆبێ، ئیشاڵلا سەلامەتە، ئەدی ئەتووکێت لێرەیە؟ گۆتم: وەڵلا دەرێن خزمەکمان بریندارە هاتینە بزانین کووە؟ گۆتی: ئا ئێ ئێ، بەتەمای خوای! دیقەتم دا ژۆرێ دیتم بابم و شێرۆ بە مشەوەشی دەڕۆن، هاوارم کرد دختۆر شێرۆ دختۆر شێرۆ! ئاوڕەکی داوە و ئەمنی دیت، گۆتی: لەوێبە هەونکە خەبەرەکتان لۆ دەینم! داکیشم بە مشەوەشی دەهات و دەچوو و لە چۆکی خۆی دەدا، هەر دەیگۆ خوایە بە هاوارن بێی، خوایە سەهلی بکەی!
بەینەکی باش ڕاوەستاین، وەختەکی شێرۆ هات، هاواری کرد: جەماعەت گێ بدەنێ، قادرە فەندی سەلامەتە، گوللەکی بە قۆری کەتیە، وا دختۆر و موختۆر خەریکن عیلاجی دەکەن، تکایە خۆتان مشەوەش مەکەن! وەکی شێرۆ ئەو قسەی کرد، خەرکەکە بڕەک هاتەوە سەرەخۆو گۆتیان: باشبوو ئەلحەمدولیللا سەلامەتە، بەران هەردەبی بزانین ئەو سەگبابە کێیەلێی دایە!
دەوری دوو سعاتەکی لە پێش دەرکەی ڕاوەستاین، وەختەکی بابم و شێرۆ و قادر قرپەستوور هاتن، بابم گۆتی: قسەی شێرۆیە و قادرە فەندی سەلامەتە، وا لە عەمەلیاتیان هینا دەرێ بڕەکیدی بەخۆ دێتەوە، با ئەمن و قادر بچینە مەخفەری، کوڕم ئەتوو و داکت و ئەو جیرانانە بڕۆنەوە مارێ، ئەمە گەڕاینەوە مارێ و بابیشم لەگەر شێرۆی بەڕێکەت لۆ مەخفەری!
ئەمە لە حەوشێ دانیشتبووین و درمان زۆر بەخەم بوو، ئەمن هەر لە حەوشێ دەهاتم و دەچووم و داکیشم هەر لە چۆکی خۆی دەداو دەیگۆ نەخۆنکاو نە ئەو ژنهینانەن کا، نەخۆنکاو نەئەو ژنهینانەن کا، وەختەکی بابم وەژۆرێ کەت، هەستاینەوەو گۆتمان بابە چتان کرد؟ گۆتی: وەڵلا کوڕم ئیفادەمان دا و گۆتمان ئیللا شکمان لەو ڕەیس جاشەی هەیە، چونکە گەفی لە قادرە فەندی کردیە، ئەگەر کیژی خۆی بداتە کوڕی من بیکوژی، گۆتم: وەڵلا بابە فەیرۆزیش گەفی لەمن کرد، گۆتی: واز نەینی زەرەر دەکەی، ئەو فەیرۆزە خزمی ئەو سەرۆک جاشەیە، بابم گۆتی: وەڵلا کوڕم داوایان کرد ئەتووش بچی ئیفادەی خۆت بدەی، مندارەکانی قادرە فەندیش لە مەخفەری بوون، ئەتووش سبەینێ بڕۆ ئەو ژنە چی پێگۆتی هەرهەمووی بە معاونی برێ! گۆتم: ئەتوو برێی بتانن چشتەکی بەرامبەر ئەو سەرۆک جاشەی بکەن؟ گۆتی: ئەوڕۆ سبەکی بەدەر دەکەوی، هەرچەندە بڕوا ناکەم هیچی بەرامبەر بکرێ، کابرا چەکدارە و پشتیشی قەیمە، دەرێن بەینی زۆر خۆشە لەگەر خزمەکانی سەدامی و زوو زوو سەر لە عۆجەی دەدا و بە پیکابان گیزو هەنگین و مەنجەرە ماستیان لۆ دەبا!
گەف: هەڕەشە، تەهدید.
عۆجە: گوندەکەی سەدام حوسێن.
مایتی[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!