قوماش 38
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
نازانم شەوێ کوو خەومان لێکەت، ئەمن فکر و خەیارم هەر لای هەورینی بوو، دەمگۆ هەونکە دەبی کوو خۆی کووشتبی لۆ بابی و کوو پرچی خۆی ڕناندبیتەوە لە خەستەخانەی، داخوە ئێستا و داک و خوشک و برا و خزمەکانی چەندیان قسە پێگۆتبی، کە بابی لەسەوی ئەوهای بەسەهات، هەر دوعام دەکرد خوایە وەزعەکەی هێور کەیەوە و بە سەلامەتی تێپەڕی!
داکم بە خەمباری لە دیار نانی بەیانی دانیشتبوو، بابیشم هەر ئەوەتە نانی دەخوارد و نەدەخوارد، سەلامم کرد و دانیشتم، داکم چایەکی لۆ تێکردم و دایمێ، ئەمنیش لە خەمان دەستم بە چایە تێکدانێ کرد، هەرچەند کردم نەمتانی دەست لۆ نانی ببەم و پارووەکی باوێمە دەوم، گۆتمە بابم: کوو لە وەزعەکەی تێدەگەی؟ گۆتی: تازە ئەمن ناتانم هیچ برێم و ئیشەکە کەتتە دەست ماری قادرە فەندی، ئەوان هەرچی بڕیار بدەن ناتانین لە قسەیان دەربچین! داکم گۆتی: لۆ نازانن چ بڕیار دەدەن، دیارە دەرێن هەر کەسە و لە ماری خۆیی و واز لەو مەوزوعەی بینن! گۆتم: ئەتوو برێی وەبرێن؟ داکم گۆتی: ئەدی دەتەوێ چبرێن، یان دەتەوێ بە سەبەبی هەورینە بابان کۆری دوو بەرەباب لە خینێ بگەوزن! بابم گۆتیە داکم: هێواش بە حورمێ، کوڕە بەخۆی وا دری دەتەقی، ئەتووش هەندەی دی خەفەتخانی مەکە! داکم توڕەبوو، گۆتیە بابم: دەی دەی، بزانە هێوارێ مەلای نابەیی و لێکیان مارەکەی، کورە واز بینن، ئەی هاوار وازبینن، ئەمە دەرەقەتی ئەو هەموو سەوو سوارەی نایێین! بابم گۆتیە من: کوڕم نانەکەی بخۆ و زوو بڕۆ مەخفەری ئیفادەت بدا، بەران پێم باشە بەتەنێ نەچی! داکم گۆتی: کێوە بچیتە مەخفەران با لە مارێ داکەسێ و بە جلکی بەخین نەینێرنەوە مارێ! بابم گۆتی: لا حەولە وەلا، کچێ ژنەکە حوکمەت داوای کردیە بچی، قابیلە ئەمن لە خۆمەوە بینێرم!
لە دەرکەی درا، هەستام بچم بکەمەوە، داکم قیت بۆوە و گۆتی: بەخۆم دەچم، ئەتوو دانیشە مەچوو، نەکوو ئێکەک خەدەنگەکت لە هەناوی بدا، دانیشە بەخۆم دەچم! داکم چوو دەرکەی بکاتەوە، بابم گۆتی: کوڕم دری خۆت تووند مەکە لە داکت، هەناوی لۆ توو دەسووتێ ڕۆرە! گۆتم: دەزانم بابە دەزانم، داکم هەرچی برێ هەقی خۆیتی!
داکم دەرکەی کردەوە، دیتم بازۆیە، بە مشەوەشی هاتە ژۆرێ، سەلامی کرد و گۆتی: ئەرێ دەتێم بگەینن چبووە؟ داکم گۆتی: کلکە نەفتیلە تازە دێی، ئەوشۆ ئەمە لە مردن گەڕاینەوە! بابم گۆتی: وەرە دانیشە کوڕم با لۆت باس بکەم، بازۆ دانیشت و بابم هەمووی لۆ گێڕاوە، بازۆی فەقیر ڕەنگی تێکچوو، گۆتی: ئەوجە ئێستا ئەنگۆ بەتەمای چنە؟ گۆتم: هەونکە ئەمن و ئەتوو پێکەوە دەچینە مەخفەری و ئیفادەی دەدەم، لۆ ژنهینانەکەش تازە بڕیارەکە کەتە دەست مارێ قادرە فەندی! داکم گۆتی: واز نەینی ها، هەتا سەری هەمووان بە فەتارەت دەدەی! بابم گۆتی: هەستە کوڕم بڕۆ مەخفەری هەستە!
جلکم گۆڕی و لەگەر بازۆی بەڕێکەتم لۆ مەخفەری، هەتا لەسەری کۆرانێ ئاوابووم، داکم لە پێش دەرکەی هەر تەماشای دەکردم و هەردوو دەستی لە عاسمانێ بوو خوا بمانپارێزی!
لەڕێیێ بازۆ گۆتی: بەتەمای چی؟ گۆتم: بەخۆشم نازانم، سەرم لێ شێوایە، کێ دەرێ پاشی ئەو وەزعەی قادرەفەندی دەمداتێ، زۆر زەحمەتە ببی، بازۆ گۆتی: کێشەی توو ئەوەیە قسەی لەمن وەرناگری، ئەگەر زوو هەرتبگرتبا و تێت تەقاندبا لۆ لایەکی ئەوهات بەسەر نەدەهات، هەریگرە، هەریگرە، هەریگرە!
خەدەنگ: تیر.
کلکە نەفتیلە: فتیلی بچووک دەخرایە ناو قوتووی نەفت و وەکو چرا دایاندەگیرساند.
مایتی[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!