خەلەی خۆم و گەلەی خۆم
خەلە: دەغل ودان و چاندنی دانەوێڵەی گەنم و جۆیە، گەلە: ڕان و مێگەلە مەڕ و بزنە، ئه و کەسەی خاوەنی خەلە و خەرمان بێت واتە زەخیرە و دانەوێڵەی هەیە بۆ زستان و پێویستی بەکەس نابێت، ئەوانەی خاوەنی مەڕوماڵات و بزنەگەلن، بێ ماست و دۆی نابن و گۆشت و گۆشتاو و پێستە و خوری و مووییان هەیە بۆ پێداویستیەکانی جل و بەرگ و خەرار و جەوال و ڕەشکە و گوریس و ڕایەخ و...تاد، هەموو کۆشش و زەحمەت و ڕەنجبەری وەرزێر و جوتیار و کشتیار و لادێنشینانی کوردستان، لە هەردوو پیشەی شوانکارە و کشتوکاڵدا بۆ هەردوو بەرهەمهێنانی بەرهەمی ئاژەڵی و بەرووبوومی کشتوکاڵیە، واتە خەلە و گەلە، ئەوە بووە بە ئیدیۆم و جوتیاری کورد چاوی لە دەستی کەس نابێت، کاتێک(دانەوێڵە و دۆ)ی هەبێت بۆیە کورد وتویەتی: خەلەی خۆم و گەلەی خۆم.[1]