ئەو گوڵەگەنمانەی بوونە گسک
#موحسین ئەحمەد عومەر#
خەسڵەتی شیعری تەلعەت تاهیر پەیوەندی بە ڕوانین و ئایدیا و تایپی ئەو فۆرمە ئەدەبیەی دواجار تێکستی ئەو هەیەتی دەیەوێ بیخاتەڕوو، ئامانجی یەکەم و کۆتایی ئەزموونی تەلعەت تاهیر تا ئێستا شیعر و شیعرییەت بووە. تێکستەکانی ئەو بریتین لە شیعر و پەخشانە شیعر یان هەر پەخشانە شیعر بە تەواوی بێ هیچ فۆرمێکی دی، بێگومان ئێمە ئەم ناوەی لێ دەنێین ئەگینا بۆ خۆی تا ئێستا هیچ ناوێکی لە تێکستەکانی خۆی نەناوە. تەلعەت تاهیر لە بنیاتنانی شیعریەت یان لە بنیاتنانی فەزایەکی جوانیناسانە هەوڵدەدا سوود لە هەموو هەڵکەوت و پەیوەندی مرۆیی و ماددەیەک وەرگرێ، هەموو ئەمەش خۆی لە واقیعی داڕووخاوی کورد دەبینێتەوە، وەک نەمانی خۆشەویستی، سەختبوونی ژیان، بوونی توندوتیژی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی زۆر، نەمانی متمانە... بە گشتی ڕووخانی کۆمەڵایەتی، ئەمەش بێگومان جۆرێک لە نیگەرانی و خوێندنەوە و خۆدیتنەوە لە ناو جیهان دروست دەکەن، فشارێکی ویژدانی و ڕوحی و بگرە میتافیزیکیش دروست دەکەن، دەتوانم بڵێم هەموو شیعرییەتی تەڵعەت تاهیر لەوەدا کۆدەبێتەوە: ئەو هەوڵدەدا تێکستێک بەرهەم بهێنێ لە یەک کاتدا گەڕانە لە جوانی لە هەمان کاتدا واقیعی داڕووخاویش دەخاتەڕوو، ئەمەش واتە گەڕان لە جوانی، یان ئەو لە ناو کوێرەوەری مرۆیی دەیەوێ لە جوانی و متمانە بگەڕێ، جیهانێکی جێگیر بنیات بنێ، ئازاری تیا نەبێ، دەیەوێ بە هەستیارییەکی ناکام و سرک و ناجێگیر جیهانێکی جوان و جێگیر بنیات بنێ، ئەمەش هەر ئەو جوانی هەر ئەو هەقیقەتەیە کە ناوەڕۆکی باڵای ئامانجی هەموو شیعرێک و تێکستێکی ئەدەبییە. لەم کتێبە مەجازێکی گەڕان و بنیاتنانی خەیاڵی جوانیناسانە لە ناونیشانەکەیەوە دیارە، گوڵەگەنم هەردەم وێنای جوانی و جیهانی پۆزەتیڤ بووە، بەڵام گسک ئەو دژەیە وەک وێنای واقیعی داڕووخاو یان قورسایی واقیع خۆی ڕەپێش دەخا، دروستکردن یان داهێنانی ئەم پارادۆکسە ناوەڕۆکی ئەو شیعرییەتەیە تەڵعەت لە تەواوی ئەزموونی خۆی دەیەوێ بیگەیەنێ.[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 2,212 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!