بێرنارد هێنری لێڤی
دوودڵیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا سێکۆچکەیەکە لە شوورەیی، بێمانایی و بەهەڵەداچوونی مێژوویی.
ئێمە باس لە خەڵکانێک دەکەین کە ڕاگوێزراون، بە زۆر کراون بە عەرەب، کیمیاباران کراون و ناچارکراون ڕوو لە چیاکان بکەن، بۆ سەدەیەک، بەرگری و بەرهەڵستییەکی بێوێنەیان تۆمار کردووە لە دژی دیکتاتۆرییەتێک کە بەغدا جار لە دوای جار سەپاندویەتی بەسەریاندا، ئەویش بەپێچەوانەی جوگرافیا و مێژووی هەزار ساڵەی کورد بووە.
ئەمە هەرێمێکە کە لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن-ەوە خۆبەڕێوەبەری بەدەست هێناوە. ئەو هەرێمەی کاتێک شاڵاوی داعش لە ساڵی 2014دا میزۆپۆتامیای وێرانکرد و سوپای ئێڕاق خۆی ڕانەگرت و هەڵات، یەکەم لایەن بوو کە هەڵسا بە بەرپەرچدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی. لەو کاتەوە بە درێژایی 600 میل، کوردی ئێڕاق بەگژ بەربەرییەکاندا چۆتەوە و کوردستان و ئێڕاق و شارستانیەتە هاوبەشەکەمانی ڕزگار کردووە. هەروەها ئەوە کورد بوو کە لەسەروەختی شەڕی موسڵدا، دەستیان بە شەڕەکە کرد لە دەشتی نەینەوادا و دەروازەی شارەکەیان کردەوە، بەهۆی بوێریی ئەوانەوە بوو کە هاوپەیمانان گورزیان لە ناو جەرگەی داعش سرەواند.
بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە پرسەکە یەکلا بکرێتەوە، ئەمریکا سەرسەختانە بەرهەڵستی ڕیفراندۆم دەکات، داوا لە کورد دەکات هێنانەدی خەونی سەربەخۆییان بۆ کاتێکی نادیار لە ئاییندەدا دوابخەن. جیهان لەبری سوپاسکردنی کورد، بە گاڵتەجاڕییەکی ئاشکراوە پێیان دەڵێت: «دۆستانی کورد، داوای لێبووردنتان لێدەکەین، ئێوە زۆر سوودبەخش بوون لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئیسلامی، بەڵام چی بکەین کاتەکە بۆ ئێوە گونجاو نییە. ئێمە چیتر پێویستمان بە ئێوە نەماوە، کەواتە بۆچی ناڕۆنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆتان؟ دووبارە سوپاس، دەتانبینینەوە.»
دەوترێت ڕیفراندۆم دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی تەرکیز لەسەر شەڕی هاوبەش دژ بە داعش و یەکتربڕە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئێڕاق کە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بکرێت. بەڵام هەموو کەس دەزانێت، تەنیا ئەگەر خۆیان نەیانەوێت، کە لایەنی سەربازیی شەڕەکە بە ڕزگاربوونی موسڵ کۆتایی هات، کە ئەمەش بە زۆری بەهۆی کوردەوە هاتەدی. لەوەش زیاتر، کێ زەمانەتی ئەوە دەکات کە هەڵبژاردنی داهاتووی ئێڕاق لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دواناخرێت، هەروەک ئەوەی ئێستا ئێمە داوای دواخستنی لە کورد دەکەین؟
هەروەها دەڵێن سەربەخۆبوونی کوردستان زیان بە سەقامگیریی ناوچەکە دەگەیەنێت. هەروەک ئەوەی سووریا، کە بە دەست شەڕەوە گرفتارە و ئێران کە خەونە ئمیپراتۆرییەکانی زیندوو دەکاتەوە و ئێڕاق کە لێکدەترازێت وەک قەوارەیەکی دەستکردی بەریتانی، کێ دەڵێت چەندەها جار مەترسیدارتر نەبن لە کوردستانێکی بچووکی عەلمانی و دیموکراسی و دۆستی ڕۆژاوا کە پەڕڵەمانێکی هەڵبژێردراو و ڕۆژنامەگەرییەکی ئازادی هەیە!
بە هەمان شێوە دەوترێت، سەربەخۆیی دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئەو چوار دەوڵەتەی (ئێڕاق، ئێران، سووریا و تورکیا) کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە. هەروەک ئەوەی ئەو ڕاستیەیان لەبەرچاو نەبێت، ئەو ڕیفراندۆمەی ئێستا تەنیا پەیوەستە بە کوردی ئێڕاقەوە، کە هیچ تمووحێکیان نییە بۆ درووستکردنی کوردستانی گەورە لەگەڵ «خوشک و براکانیان» لە تورکیا و سووریا، کە سەرکردە مارکسییەکانیان لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە لەگەڵ کوردی ئێڕاقدا ناگونجێن.
بەڵام ئەی چ دەربارەی کاردانەوەی سوپای پاسدارانی ئێران؟ ئەی چی دەربارەی ئەو هەواڵانەی باس لە هەڕەشەی ئەرۆدغان دەکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بۆرییانەی کە هەرێمی کوردستان بە جیهانی دەرەوە گرێ دەدات ؟ من باوەڕم بەوە نییە کە ڕۆڵی ڕۆژاوا بریتی بێت لەوەی ببێتە بانگەشەکاری ئەو دوو دیکتاتۆرەی کە ڕقیان لە ئێمەیە، هەروەها من نازانم بۆچی ئێمە سەرزەنشتی دەوڵەتێک دەکەین لەسەر ئەوەی هەڕەشە و گوڕەشە لە دراوسێکەی دەکات هەروەک ئەوەی پیۆنگیانگ دەیکات، بەڵام ئێمە کارئاسانی بکەین، کاتێک ئەم کارە لەلایەن تاران و ئەنقەرەوە دەکرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ بیانوویەک ئەوەندە لاواز نییە کە بکرێتە پاساوێک بۆ ئەوەی داوای «دواخستن» بکەین. ئەمە وەک مۆتەکەی «ئۆرلیۆن» دەردەکەوێت، یان وەک «فیستیڤاڵی نیازخراپی»، کە تێیاندا سەرجەم پاساوەکان پێچەوانە دەبنەوە.
باشە چی دەبێت ئەگەر کورد بوونە هەرێمێکی خۆبەڕێوبەری پڕ لە ئاشتی و دیموکراسی، تەنانەت دوای ئەوەی کە سێ ساڵە بەغدا مووچەی پێشمەرگەی نەناردووە؟ دەبێت ئەمە بەس بێت، ئەو کەسانەی نێو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کەسانی شارەزان و ناتوانن لەوە تێبگەن کە بۆچی کورد دەیەوێت دوایین هەنگاوی خۆی هەڵبگرێت لە خۆبەڕێوبەرییەوە بەرەو سەربەخۆیی. ئایا چی دەبێت ئەگەر کورد کۆنتڕۆڵی نەوتی کەرکووک بکات؟ لەبری ئەوەی ئەمە وەک دەستکەوتێک لێکبدرێتەوە کە دەستەبەری داراییان بۆ دەکات بۆ پەرەپێدانی وڵاتە نوێیەکەیان، پێدەچێت چاودێران تەنیا بیر لەو چاوچنۆکییە بکەنەوە کە دەوڵەمەندی لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت.
هەروەها کاتێک هەردوو لایەنە سەرەکییەکە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ کار دەکەن- کە لە هەر شوێنێکی دیکەدا ئەمە وەک کەلتوورێکی مەدەنی کۆماری تەندرووست لێک دەدرێتەوە- ئەوا ئەمە بە چاندنی تۆوی دووبەرەکی و ناکۆکی ڕاڤە دەکرێت.
ئێمە لەگەڵ میراتێکی بێمانای کۆڵۆنیاڵیدا مامەڵە دەکەین کە پێیوایە هەندێ کەس هەن هیچ کاتێک ئامادەی ئەوە نین خۆیان بەڕێوە ببەن، لەبەر ئەوەی وەک پێویست گەشەیان نەکردووە و کامڵ نەبوون. ئەمەش تراژیدیاییەکە دوچاری ئەو گەلانە بۆتەوە، هەروەک چارلس دیگۆل دەیوت (کە دەیزانی لە کوێیەوە قسە دەکات) کە دۆستیان نییە. بەڵێ، بەڵێ خزمەتەکە بەجێگەیەنرا، بەڵێنی تەم ومژاوی درا، کاتێک ئێمە پێویستمان پێتان بوو و کاتێک تەنیا ئێوە بەربەست بوون لە بەردەم ئێمە و بەربەرییەکاندا، ئێستاش کە سەروەختی بەدیهێنانی بەڵێنەکانمانە، ئەوا خۆدزینەوە دەست پێدەکات «کاتەکە خراپە»، «ئەمە بەشێک نییە لە پلانەکە»، «جیهان کارنامەی خۆی هەیە و بەداخەوەین کە پێتان دەڵێین ئێوە بەشێک نین لە کارنامەکە» و.. هتد.
من لە کۆتایی شەڕی بۆسنەدا و 20 ساڵ پێش ئێستا بارودۆخێکی هاوشێوەم بینی. کاتێک فەیلەقی 7ی سوپای سەرایڤۆ لەسەروەختی نەک تەنیا ڕزگارکردنی بۆسنیای ئابڵوقە دراودا بوو، بەڵکوو نزیک بوو لە یەکخستنی وڵاتەکەش، ئەویش بە ناچارکردنی ئاژاوەچییە سربییەکانی سەر بە ڕادۆڤان کارادزیچ و سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ بۆ خۆبەدەستەوەدان و هێنانەئارای ئاشتی و دادپەروەری. بەڵام ئەمریکا ئەم کارەی ڕاگرت. بە سەرپەرشتی باڵیۆز ڕیتچارد هۆلبرۆک، ئەمریکا لە بنکەی هێزی ئاسمانی ڕایت-پاتێرسۆن، لە دایتۆن، نزیک ئۆهایۆ لایەنی دەستدرێژکار (سربیا) و ناوبژیوان (کرواتیا) و قوربانی (بۆسنیا) ی کۆکردەوە. هەڕەشە لە قوربانییەکە کرا کە ئەگەر ملکەچ نەبێت، ئەوا بۆ چارەنووسی خۆی جێدەهێڵدرێت- کەوا بێت بۆسنیای دۆستی ڕۆژاوا دابەشکرا و کرایە قوربانیی ئاشتییەک کە ڕێککەوتنی لەسەر کرا، بەڵام بە چەشنێکی ئەوەندە لاواز داڕێژدرا کە تا ئێستاش بە لەرزۆکی ماوەتەوە.
ئومێدەکە ئەوەیە کە ڕێوشوێنی هاوشێوە نەگیرێتەبەر کە هەمان دەرئەنجامی تاڵی لە حاڵەتی کوردستاندا لێبکەوێتەوە. هیوادارم ڕزگاربووانی دەستی هێرشی کیمیای سەددام حسێن لە هەڵەبجە بە گوڕ و تینەوە بەرهەڵستی ترساندنی سەرجەم ئەو لایەنانە بکەن کە ئاواتی خێریان بۆ دەخوازن. بە ئومێدی ئەوەی ژەنەڕاڵ دیگۆلیان لەیاد بێت کە لە هاوینی ساڵی 1944دا پلانی هاوپەیمانە ئەمریکی و بەریتانییەکانی ڕەتکردەوە و لەبری ئەوەی ڕازی بێت بەوەی ڕاستەوخۆ بەرەو ئەڵمانیا پێشڕەوی بکەن، پێداگیری کرد لەسەر ئەوەی سەرەتا دەبێت پایتەختەکەی ڕزگار بکرێت، بەو پێیە پشکی لەسەرکەوتنی هاوپەیمانەکاندا بەرکەوت.
ڕیفراندۆمی کوردستان بەکارهێنانی هێز نییە، بەڵکوو مومارەسەکردنی مافە، بەجێهێنانی ئەرکە. ئەمە مەشخەلێکی گرنگە بۆ گەلێکی مەزن کە بەخششێکی بێ ئەندازەی بە جیهان بەخشیوە. لە ڕابردوودا ئەوان ئەو کەسانە بوون کە جوولەکەکانیان ڕزگار کرد، لە ڕۆژگاری ئێستادا، ئەوان پێشمەرگەیان بە ئێمە بەخشیوە، کە هەڵساون بە ڕزگارکردن و لە ئێستاشدا پاراستنی دوایین ئەو کریستیانیانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ماونەتەوە و بۆ چەندین سەدەش ئەوان کانگای ئیسلامی ڕۆشنگەر بوون کە خەڵوەتکێشانی نهێنی و ڕۆحییان کەمتر نییە لە تووڕەییان لە گۆڕەپانی شەڕدا، کە ئەمەش باشترین و کاراترین کاردانەوەیە لە بەرانبەر نەفرەتی ئیسلامی ڕادیکاڵدا. کاتی ئەوە هاتووە جیهان ڕێز لە گەلی کورد بگرێت، هەروەک ئەوەی ئەوان ڕێزیان لە ئێمە گرت.[1]