$ناو یان کەرامەتی ئینسانیی؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
قورئان هەروەک پەڕتووکی فیزیا وکیما و بایەلۆژیی نییە، بەهەمانجۆر پەڕتووکی حوکم و سیاسەت و بەڕێوەبردن و کارگێڕی کاریش نییە بەمانای ئەمڕۆ. قورئان یان ناوەکەی دیکەی کە کتابە لە وشەی کَتبَ ی عەرەبییەوە وەرگیراوە، واتە بەستنەوەی شتێک بە شتێکی دیکەوە. کەوابێ کتاب واتە بەستنەوە و گرێدانەوەی ئینسان بە خودا، لاهوت بە ناسووت، فیزیک بە مێتافیزیکەوە.
جەوهەریترین خاڵی قورئان کەرامەتی ئینسانیی ولقد کرمنا بنی ادم ئەو خاڵەیە کە خوا لێیەوە تەماشای مرۆڤ دەکات بەبێ هەڵاوێردی جێندەریی. ئەوە کەرامەتە دەبێتە پەنجەرەی ڕوانینی خودابۆ ئێمە نەوەک نێر و مێ، ئیماندار و بێ ئیمان، ڕەش و سپی.
بە حوکمی نزیکییان لە هەندێک یاساو تەشریعی دونیایی، ئایینی ئیسلام شەریعەتەکەی بە ڕوونی هەژموونی تەشریعی یەهودیی پێوە دیارە. پێغەمبەر خودی خۆی زۆر بەوردی کاری لەسەر درووستکردنی شوناسێکی تەواو جیاوازی بۆ موسوڵمانان دەکرد لە مەدینە، بە جۆرێک نە ببێتە تەقلیدی شوناسە یەهوودییەکەی ئەودەمەی مەدینە، نە پەرچەکردارێکی بێت بۆ ئەو شوناسە. ئەو د.خ بەوردی کاری لەسەر درووستکردنی شوناسێکی تەواو لەخۆ و سەربەخۆی بۆ موسوڵمانان کرد. بەڵام دوای خوێ بە ئەنقەست بێ یا نەزانیی زانایان و خەلیفە لەبری گەشەدان بە شوناسە تایبەتەکەی ئیسلام، لە زۆر بواردا ئیسلامیان کردە پاشکۆیەکی ناموحتەرەمی شوناسی یەهودییەت.
لە ئایەتەکانی سەرەتای قورئاندا بەڕوونی ئەوە هەیە کە موسوڵمان نابێت خۆی بداتە دەست شوناسێکی قەڵەو و ئیمانێکی لاواز وەک ئەوەی یەهوودییەکان هەیانبوو، لەهەمان کاتدا دژی ئیمانێکی قەڵەو و بێ شوناسیی بوو وەک ئەوەی لای کریستیانەکان بوونی هەیە.مەگەر غیر المغضوب علیهم ولا الضالین چییە جگە لەوەی ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت.
هەندێ ئەحکام لە قورئاندا نزیکییان هەیە لە هەندێ ئەحکامی یەهوودیی، بەڵام مەقاسیدی شەریعەتی ئیسلام و مەقاسیدی شەریعەتی یەهوودیی زۆر لێک جیاوازن. لە ئیسلامدا کاتێک مەقاسیدی شەریعەت تەریب نابن بە بنەما گەردوونییەکانی عەدالەت ئیدی ئەو حوکمە هەڵدەوەشێتەوە ئەگەرچی دەقی سەریحیش هەبێت لەسەری. عومەری کوڕی خەتاب لە ساڵی 17 ی کۆچی دەستی دزی نەبڕی لەگەڵ ئەوەی دەقی سەریح هەیە وەک ئەوەی ئەهلی زاهیر و سەلەفییەت دەیڵێن لەسەر ئەوەی دەستی دز دەبڕدرێت.
مەقاسیدی ئەحکام لە قورئاندا هەرگیز مەقاسیدی ماددی نین. تەماشای ئەم نموونەیە بکەن: ئەوەی پێی وایە دەستنوێژ شتن پێش نوێژ کرردن مەخسەد لێی تەهارەت و پاکوخاوێنییە، ئەوا هەر لەقورئاندا دەق هەیە لەسەر ئەوەی کە ئاوت دەستنەکەوت تەیەموم بکە، واتە خۆت تۆزاویی و پیس بکە.
یان ئەوانەی پێیان وایە زینا و پەیوەندی ناشەرعی بۆ کوێر نەبوونەوەی باوان و زانینی شەجەرەی باوانە، دەی ئەمڕۆ زانستێک بە ناوی زانستی بۆماوەزانیی و مۆلەکیولەر بایەلۆژییەوە دەتوانێت لە ڕێگەی تێست کردنی DNA ەوە نەهێڵێت هیچ منداڵێک لە باوانی ون بێت. بەبۆچوونی بەندە هەموو حوکمێکی قورئان مەبەستێکی دیکە و نەمر لە پشتییەوە هەیە ئەویش خوێندنەوەی مەشیئەتی زاتی باریی و ئەو ئەمرە قودسییەیە کە ئەو کردوویەتی. ئەو دەڵێت خۆت پاکڕابگرە و دەستوێژ بشۆ، ئیماندار دەبێت ئەنجامی بدات چونکە ئەو فەرمانی کردووە، هەر ئەو دەڵێت تەیەموم بکەو خۆت پیس بکە بەهەمانجۆر دەبێت هەر ئەجامبدرێت چونکە ئەو ئەمری پێکردووە. ئەو دەڵێت زینا مەکە نابێ بکرێت، لەلەبەر مەقاسیدێک نییە کە ئێمە درووستمان کردووە، بەڵکوو لەبەر ئەویە ئیمانەکەت پێت دەڵێت مەیکە، ئیمانیش لە جنسی عیشق و ئیشتیاقە، بەبێ پرسیارکردن لە مەعشوق کەسی عاشق و ئیماندار فەرمانبەرداریی لە فەرمان دەکات و ملەجەڕێی لێناکات. ئەوە خوی یەهوودییەکان بوو لە هەموو فەرمانێکی ئیلاهیدا پرسیاریان دەکرد و دەیانووست بزانن بۆچی ئەبێ کارێک بکەن یا نەیکەن، تا لەمەسەلەی مانگاکەدا خودا لەتاو پرسیارکردن و ڕۆچوون لە دیوە سیکۆلار و نائیمانییەکەی فەرمانە ئیلاهییەکەدا دڵەکانی وەک بەرد ڕەق کردن ثم قست قلوبهم من بعد ذالک.
ئەو هەڵایەی لەسەر بانگکردنی منداڵ بەناوی باوک یا دایکەوە درووستکراوە شتێکی زیاتر لەمە نییە. خودا هەرگیز نەیوتووە منداڵ بەناوی دایک یا باوکەوە بانگبکرێت. ئەوانەی ئایەتەکەی سوورەتی ئەحزاب بە بەڵگە دەهێننەوە ادعوهم لابائهم بە نەزانی بێ یا بە زۆرزانیی کەوتوونەتە هەڵەیەکی میتۆدیی و مەنهەجی زۆر گەورەوە. لەو ئایەتەدا خودا دەیەوێت باس لەو منداڵانە بکات کە باوکەکانیان دیار نین و کەسانی دیکە تەبەنییان دەکەن و دەبنە باوک بۆیان، نەک بژاردەیەک بێت بۆ هەڵبژاردن لەنێوان دایک و باوکدا. ئیختیارەکە لەنێوان دو پیاودایە یەکێکیان باوکی بایەلۆژیی منداڵەکەیە ئەوی دیکەیان کەسی موتەبەنییە کە هەر پیاوە، خودا داوا دەکات بەناوی باوکە بایەلۆژییکەوە بانگبکرێن، نەک ئیختیاری نێوان دایک و باوکی دابێتە ئینسان.
لەناو هاوەڵانی پێغەمبەردا کەسێک هەبووە بە ناوی شەرحەبیلی کوڕی حوسنە، بە ناوی دایکیەوە بانگکراوە، دایکی ناوی حوسنەی کچی عەدویە بووە، مێژوونووسان دەڵێن هیچ لەبارەی باوکییەوە نازانین پێغەمبەر هرگیز ڕێگریی لێنەکردووە بەو ناوەوە بانگبکرێت، لەکاتێکدا شەرحەبیل یەکێک بووە لەوانەی کۆچی بۆ حەبەشە کردووە و لە سابیقینی ئەوەلینیشە، ئەهلی ئیختیساس و تەفسیر باشتر دەزانن سابیقینی ئەوەلین واتای چی دەدات.
سەبەب نزولی ئایەتی ادعوهم لابائهم لەسەر زەیدی کوڕی حاریس دابەزیوە، تا پێش دابەزینی ئەو ئایەتە بە زەید دەوترا زەیدی کوڕی محەمەد، چونکە پێغەمبەر تەبەنی کردبوو، خودا دەڵێت بۆ چەسپاندنی عەدالەت منداڵەکانتان بەناوی باوکەکانی خۆیانەوە بانگ بکەن نەک بڵێت منداڵەکانتان تەنیا بەناوی باوکیانەوە بانگ بکەن. جیاوازیی زۆرە لەنێوان ئەم دوو دەربڕینەدا.خودا دەیەوێت بڵێت زەید کوڕی حاریسە نەک محەمەد. لە هیچ شوێنێکی قورئاندا باس لەوە نەکراوە منداڵ بە ناوی دایکییەوە بانگ نەکرێت. تەنانەت عیسی ابن مریم چەندیین جار هاتووە، منداڵێک کە باوکی نییە بەناوی دایکییەوە بانگی لێکراوە.
بەکورتی و بە کوردیی هیچ مانعێکی سەریح لەقورئاندا نییە لەوەی منداڵێک بەناوی دایکییەوە بانگ بکرێت یا بە لەقەب و شۆهرەتییەوە یا بە ناوی باوکییەوە بانگی لێبکرێت. تەنانەت کولیاتێکیش نییە بۆ ئەوەی ئیستنباتی جوزئایتی لێبکرێت و بڵێین کاکە ڕاستە دەقی سەریح نییە. بەڵام دەقی کوللی هەی و ئیشارەتە بۆ ئەوە، ئەوشمان نییە. ئەم بوارانە فروعاتیش نیین لە دیندا. نابێت چاوەڕوانییەکانمان لە دین زۆر ورد بکەینەوە بۆ مەسائلی ڕۆژانەمان. گەروامانکرد دینەکەمان لە ئەسڵەکەی خۆی داڕنیوە کە پەیوەندی نێوان خوداو و ئیماندارە بۆ کەسابەت شەخسیی خۆمان. دین هەروەک چۆن نەهاتووە فیزیا و کیمیا و بایەلۆژیمان فێر بکات بەهەمان شێوە نەشهاتووە فێری لەقەب و بانگکردن و سیاسەتکردن و هەڵبژاردنی شارەوانییەکانمان بکات بکات. انتم اعلم بامور دنیاکمیانی چی؟
ئەم مەسەلانە زیاتر لە یەهوودیەتدا برەوی پێدەدرێت. هەندێ لەو ئەحکامانەی لە یەهودیەتەوە گوێزراونەتەوە بۆ ئیسلام لەم بوارەدا بەڕوونی هەستی پێدەکرێت. لە تەڵقیندانی مردوودا لای یەهوودییەکان کەسی مردوو بەناوی دایکییەوە بانگی لێدەکرێت، ئەم بانگلێکردنە دوو هۆکاریی سەرەکیی هەیە یەکەمیان ئەوەیە کە دینی یەهوودیەت دینێکی خوێنییە، واتە لە دایکەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ نەوەک باوک، دووهەمینیان ئەوەیە ئیحتیاتی ئەوە وەردەگرن نەوەک ئەم منداڵە منداڵی ئەو باوکەی خۆی نەبێت. بۆیە بەناوی دایکەکەیەوە بانگی دەکەن. ئەم مەسەلەیە وەک خۆی گوازراوەتەوە بۆ نێو تەڵقیندانی موسوڵمانەکان و کت و مت پەیڕەویی لێدەرکرێت. تەڵقین لە ئیسلامدا مەسەلەیەکی خیلافییە. هیچ دەقێکیی قورئانی یا موتەواتیر نییە بوونی تەڵقین بسەلمێنێت، چ جای ئەەی بەناوی دایکەوە بانگی لێبکرێت.دەوترێت لەسەردەمی عومەردا ئەمیش درووست بووە زیاتر مەبەست لێی تەڵقین و ئامۆژگاریی زیندووەکانە لەڕگای ئەو مردووەوە دەنا قورئان دەقی قاتعی هەیە لەسەر ئەوەی مردوو هەروەک چۆن نابینێت و هەستی گەرماو سەرمای نامێنێت و دڵی لێنادات و گورچیلەکانی خوێن ناپاڵێون بەهەمان شێوە ناشبیستێ. وما انت بمسمع من فی القبور.
ئەو جەهلە مورەکەبەی ئەمڕۆی هەواداران و نادانانی پرۆ ناوی دایک و هەندێک لە سەرەسواڵکەرەکانی پشت ئەو پڕۆژەیە کە عەوداڵی دو عانەن و دەمپیسان و تۆمەت بەخشەرەوە دیندارەکان تێیکەوتوون هیچ نییە جگە لە نەخوێندەواریی و نەخوێندنەوەیان بۆ سەرەتاییترین و فەرعییترین بابەتی فیقهیی-یاسایی. [1]