$سۆسیۆلۆژیای حیزب لە کوردستاندا$
#عادل باخەوان#
#05-11-2016#
لە بیست و پێنج ساڵی رابردوودا، بۆ خوێندنەوەی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی خاکی ئیسلام، زۆربەی زاناکانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان هاتوون و ئەو چوارچێوە تیۆریانەیان بەکارهێناوە کە لەسەر ئیشکالیەتی زەبروزەنگ، ناڕەزایی، یاخیبوون، شوناس، کولتوور و شۆڕش بیناکراون. بەڵام درووست وەک تونسی دوای بن عەلی، هەرێمی کوردستان، ڕووبەرێکی دیکەی جیاواز پێکدەهێنێت کە دەکرێت بە چوارچێوەیەکی تری تیۆری بیخوێنینەوە کە کار لەسەر دیاردەی حیزب، حیزبایەتی، دێمۆکراسی، ئەندام، ئینتیما وەک بازاڕێک بۆ کڕین و فرۆشتن یان وەک مەیدانێک بۆ خەباتکردن لەپێناوی بەرنامەیەکدا، دەکات.
پاش ڕاپەڕینی گەلی کوردستان دژ بە ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1991دا، هەرێمی کوردستان یەکەمین ئەزموونی هەڵبژاردنی لە 19\5\1992، بە چاودێریی نوێنەرانی چەند ڕێکخراوێکی بیانی بەڕێوەبرد و نزیکەی 967 هەزار دەنگدەر بەشدارییان تێدا کرد. لەو چرکە ساتەدا، ئەم پڕۆسەیە وەک یەکێک لە ئەزموونە تاقانەکانی ناوچەکە پێناسە کرا و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وا پێناسە دەکرا کە کورد وانەیەکی حیکمەتی سیاسییان بە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاست گوتەوە کە بەدەگمەن هەڵبژاردن بەخۆیەوە دەبینێت.
یەکێک لە ئاماژە بەهێزەکانی ئەم ئەزموونە ساوایە، بریتییە لەوەی کە ئەو حیزبانەی تەواوی ڕابردوویان لەنێو ژێرزەمین و ئەشکەوت و بەسەر شاخەکانەوە و لەگەڵ چەکدا بەسەربردبوو، ئامادەبوون بۆ حوکمکردنی هەرێمی کوردستان، لەبری ڕێگای براکوژی، ڕێگای هەڵبژاردن، کە میکانیزمێکی دێمۆکراسیە، بگرنە بەر و لە دەرئەنجامیشدا پەڕڵەمانێک و حکومەتێکی هەڵبژێردراو درووست بکەن.
لێرەوە، حیزبە کوردییەکان کە تا دوێنێیەکی نزیک چەند گرووپێکی نایاسائیبوون و بەپێی سیستمی دادوەریی بەعس، بە ناپاکیی گەورە تاوانبار کرابوون، پاش هەڵبژاردن و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شەرعیەتی یاسایی وەردەگرن و پێکەوە دەبنە ئەکتەری نێو کێڵگەی سیاسی. تەنانەت حیزبە ئیسلامییەکانیش (بزووتنەوە، یەکگرتوو، ڕاپەڕین) ، بە فەرمی مۆڵەتی یاسایی وەردەگرن.
بەم شێوەیە کێڵگەی سیاسی کوردی، پڕ دەبێت لە چەندین حیزب کە لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژی، خۆیان وەک کۆمۆنیست، سۆسیال-دێمۆکرات، موحافزکار، ئیسلامیست، لیبراڵ پێناسە دەکرد. لە دۆخێکی ئاوادا، حیزبە کوردییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، پرۆسێسی بەدێمۆکراتیکردنی هەرێمی کوردستان و دیاردەی فرەحیزبی/ میوڵتیپارتیزمیان بەیەکتری یەکسان دەکرد و وەک بەڵگەنەویستێک بەناوەوە و دەرەوەی کوردستانیان دەناساند.
چرکەساتی ڕاپەڕین و کۆتایی بەعس، دوو دیاردەی نوێ لە هەرێمی کوردستاندا درووست دەکات. یەکەمیان بریتییە لە دەرکەوتنی حیزبە مێژووییە شۆڕشگێڕەکانی شاخ لەسەر شانۆی سیاسی (سۆسیال-دێمۆکرات، موحافزکاری لیبراڵ، ئیسلامیست، چەپ، چەپی چەپ) . ئەم هێزانە کە بەدرێژایی مێژوویان هیچ دەرفەتێکی ڕاستەقینەیان پێنەدراوە بۆ خۆڕووتکردنەوە لە بەردەم جەماوەردا و هەموو ژیانیان لەنێو لۆژیکە جیاوازەکانی جەنگ لەگەڵ سوپای ئێراقیدا بەسەر بردووە، لە ساتەوەختی پاش ڕاپەڕیندا و بۆ یەکەمجار، تێکەڵ بە لۆژیکەکانی پرۆسێسی هەڵبژاردن و سیستمی کێڵگەی سیاسی دەبن. گەر تا دوێنێ، بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە بەرەکانی جەنگدا، ناچار بووبن چەک بەکاربێنن، لێرە بەدواوە، بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا، ناچارن دەنگی جەماوەر بەدەستبێنن.
دیاردەی دووەمیش بریتییە لە سەرهەڵدانی چەندین ئەکتەری نوێ لە کۆمەڵگەی کوردیی پۆست سەدام حسێندا کە بە خەونی نوێ و میتۆدی نوێ و گوزارشتی نوێوە تۆڕی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کێڵگەی سیاسیدا دادەمەزراند. ئەم ئەکتەرە نوێیانە کە سیاسەتیان بەبێ حیزبی سیاسی دەکرد، بۆ نموونە ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە ناحکومیەکان، خەونیان بە دابڕانی ڕیشەیی لەگەڵ زەمەنێکدا دەبینی کە ناویان نابوو: زەمەنی حیزبی فەرماندە. واتە زەمەنێک کە تەنیا بەعس وەک حیزبی سیاسی مافی بوونی هەبوو.
ئەم خەونەش ڕاستەوخۆ دەمانباتەوە سەر ئاسایییزەکردن/ ئاساییکردنەوەی پلۆرالیزمی سیاسی و فرەحیزبی لە کۆمەڵگەیەکدا کە تازە بە تازە لە جەنگ و زەبروزەنگە جۆراوجۆرەکانی هاتووەتە دەرەوە. واتە پەڕینەوە لە کۆمەڵگەیەکەوە کە لە زەمەنێکی درێژدا تاکە حیزبێکی یاسایی هەبووە، بۆ کۆمەڵگەیەک کە لێرە بەدواوە لێوانلێوە لە حیزبی سیاسی جیاوازی یاسایی.
بەڵام ئایا بەڕاستی، کۆتایی ئیداریانەی بەعس لە کوردستان مانای کۆتایی بەعسە وەک کولتووری ئامادەبوون لەنێو ڕووبەری گشتیدا، یان بە پێچەوانەوە، میراتی بەعس تائێستاش وەک بنەمایەکی کارا، بوونیەی حیزبە کوردییەکان بینا دەکات؟ ئایا گۆڕانی مەزن و ڕادیکاڵ لە پاش ڕاپەڕینەوە، لەناوەندە حیزبیەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، یان بەپێچەوانەوە، حیزبە کوردییەکان لە چەندین ئاستدا، درێژبوونەوەی کولتووری بەعسن و سەرکردەکانیان لەسەر وێنەی سەدام حسێن، وێنەی خۆیانیان کێشاوە؟
ئایا ئەو گۆڕانە مەزن و ڕادیکاڵە، پەڕینەوە لە کولتووری حیزبی سەرکردە و سەرۆکی هەمیشەییەوە بۆ کولتووری پلۆرالیزمی سیاسی و سەرکردەی کاتی، لە پەراوێزی حیزبەکان و لەنێو کۆمەڵگەی مەدەنییەوە سەرچاوە ناگرێت؟ ئایا لە کوردستاندا حیزب نەبووە بە بازاڕێکی کراوە بۆ کڕین و فرۆشتن و ئەندامبوونیش لە حیزبێکدا نەبووە بە کەرەستەیەک بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی تایبەت بۆ تاکەکان و گرووپەکان و خاڵی نەکراوە لە هەر مانایەکی ئایدیۆلۆژی و بەرنامەگەرا و سیستمی بەها؟
ئایا حیزبە کوردییەکان، بە گۆشت و ئێسقانیانەوە، ڕووبەڕووی گرفتێکی کوشندە نەبوونەتەوە کە دەکرێت ناوی بنێین: گرفتی خۆوەرگێڕان بۆ ئەکتەری گۆڕانکاری، گرفتی درووستکردنی دنیایەکی جیاواز، گرفتی هەرسکردنی نەوەیەکی نوێ کە هەڵگری خەونی تایبەتی نوێیە، گرفتی پرۆگرامێکی سیاسی کۆنکرێتی کە گوزارشت لە خواستی جەماوەرێک بکات، بڕیارە متمانەی پێ ببەخشێت؟ ئایا حیزب لە کوردستاندا، نەبووە بە بار بەسەر کۆمەڵگەوە؟ ئایا چیتر دەتوانین باس لە حیزب وەک میکانیزمی گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بکەین؟
بۆ کارکردن لەسەر ئەم پرسیارانە، ئێمە لە گۆشەی داهاتوودا، پرسی فرەحیزبی و پلۆریالیزمی سیاسی لە هەرێمی کوردستانی پۆست بەعسدا، وەک دیاردەیەکی نوێ، بەڵام لەرزۆک، داهاتوو نادیار، نادڵنیا و کۆنترۆڵکراو، دەخەینە ژێر چاودێرییەوە و لەنزیکەوە شرۆڤەی دەکەین
. [1]