ناونیشانی بابەت: ئابووری و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان
ئامادەکردن: #دابان عەبدولواحید حەسەن#
بازاڕ؛ ئەو ناوەندەیە هەموو زانیارییەکانی تێدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، لە ڕێگەی نرخ و خواستەوە بەرهەمهێنەران و بەکاربەران بە شێوەیەکی ناراستەخۆ لەگەڵ یەک پەیوەندی دەکەن، به و پێیەش پڕۆسەی گەشەی ئابووری بەرەو پێش دەڕوات و سامانی وڵات زیاد دەکات، لە ئەنجامیشدا ئاستی گوزەرانی خەڵک باشتردەبێت.
ئابووری؛ یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵ و وڵات. تێگەیشتنیش لە ئابووری و ئابووریناسی ڕێگە خۆشدەکات لە بەردەم تاکەکانی کۆمەڵدا، تاوەکووبتوانن تێگەیشتنی باشتریان هەبێت بۆ ئەو شتانەی لە چواردەوریان گوزەر دەکات و پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ڕۆژانەی هەیە بە ژیان و داهاتوویانەوە. “ئابووری” بریتییە لە بەرھەمھێنان، بەشینەوە یا گۆڕێنەوە و، بەکاربردنی شمەک و ڕاژە لە ناوچەیەکی جوگرافیدا. لەم پێناسەیەدا، شمەک و ڕاژە ڕادەدارن، ئەو کارانەی لەسەریان دەکرێت (بەرھەمھێنان، بەشینەوە، گۆڕێنەوە و، بەکاربردن) لەلایەن بریکارانی جیاجیاوە دەکرێ. بریکار دەتوانێت تاکەکەس بێ، ڕێکخراوە بێ، کاسبییەکی تایبەت بێ، یا تەنانەت حکوومەت بێ.
=KTML_Bold=“ئابووری و بازاڕ”=KTML_End=
ئابووری بازاڕ زۆر بە شێوەیەکی سادە لەسەر بنەمای هاندەر کاردەکات. هاندەر ئەو هێزەیە کە بەرهەمهێن وا لێ دەکات ئەو شتانە بەرهەمبهێنێت کڕیار لە بازاڕدا دەیانخوازێت، کڕیاریش حەز و ئارەزووەکانی خۆی لە ڕێگەی کڕینی بەرهەمەکانەوە دەگەیەنێتە بەرهەمهێن. ئەگەر کڕیار ئامادەبوو 10 دۆلار بدات بە جووتێک پێڵاوی دیاریکراو، ئەو کات بەرهەمهێنی ئەو پێڵاوە هاندەری ئەوەی دەبێت، پێڵاوی زیاتر بەرهەم بهێنێت و واز لە بەرهەمهێنانی بۆ نموونە نەعل بهێنێت، به و پێیەش پێڵاوی باشتر بەرهەم دەهێنێت.
=KTML_Bold=ئابووری و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان”=KTML_End=
فەلسەفەی ئابووری هەر نەتەوەیەک لە دەرکەوتەی (واقیع) ی ئەو کۆمەڵگەیەوە کە تێیدا گوزەردەکات دەخەمڵێت، چونکە ئەو کاتە دەبێتە وەڵامدەرەوەی خواست و داواکارییەکانی کۆمەڵگە، بە پێی ئەو قۆناغەی پێیدا تێپەر دەبێت. ئەگەر دەقێک یا فەلسەفەیەکی ئابووری – کۆمەڵایەتیش لادانی تێیدا ئەنجامدرا، ئەوا کارەسات بۆ ئەو کۆمەڵگەیە بەرهەمدێنێ. ئابووری بازاڕ ئەو سیستمە ئابوورییه یە لە هەناوی کۆمەڵگەی ڕۆژاوادا سەری دەرهێنا، تا گەیشتە قۆناغی شۆڕشی زانیاری ئەمڕۆ، ئەوە ڕەوتێک بوو ئەوان لەسەر دەستی بیرمەندانیان توانیان ئەو شۆڕشە سیستەمی و کۆمەڵایەتییە بەرپابکەن. بازاڕی ئازاد ئەم سیستەمە بە پێ ڕای ئابووریناس “ئادەم سمس” کە دەڵی ( لێ گەڕێ با کاربکەن) و لەسەر ئەو بنچینەە کەرتی تایبەت سەربەخۆ کارەکانیان ئەنجام دەدەن، لە پێناو قازانج بۆ خۆیان و حکومەتیش تەنیا هەلیان بۆ دەرەخسێنێت، هەندێک جار ئەم بازاڕە بە بازاڕی فەوزەوی (ئەنارشیزم) دەناسرێت کە باس لە ئابووری بازاڕ دەکرێت؛ ئەوا بریتییە لە کۆمەڵیک لە کۆبوونەوەکان و هاوکارییەکان لە ڕێگەی چەند وەکالەتێکی سەربەخۆ بۆ فرۆشتنی کاڵاکان بە سیستەمی نرخی ئازاد.
ئەم بازاڕەش پێویستی بە کێبرکێ نییە و ئاساییشە ئەگەر بکرێت لەدابەزاندانی نرخ، گەرچی لەم وڵاتەدا پێشبڕکێیەکان تەنیا بۆ بەرزکردنەوەی نرخە، کە ئەمەیان نائاساییە. ئەگەر ئاوڕێک بە وڵاتی ئێراقدا بدەینەوه، ئەوا ئەم بازاڕە لێرەدا لەگەڵ هەموو بناغە و ڕێساکانی بازاڕی ئازاد ناگونجێت و هۆکارەکەشی بۆ سیاسەت، هەروەها بەڕێوەبردنەکانی دارایی ئەگەرێتەوە کە وردبین نین و هەڵەی زۆریان هەیە بۆیە نەتوانراوە چاودێرێ و ڕێکخستنی ئەم بازاڕانە بکرێت، جا لەم ڕووەوە تووشی گرفتیکی گەورە بوون، بانکیش ڕۆڵی خۆی هەیە لەم کارە و بەهۆی ئەوەی کە بانکی دەوڵەت %90 داگیرکردووە، بەمەش بانکە ئەهلییەکان کەمترین ڕیژەیان هەیە و لەژێر ڕکێفی بانکی حکومەتن و ناتوانن پابەند بن بە بەڵینەکانیان، بەمەش دەسەڵات بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە ئەمانە هەموو بەربەستن لە ڕێگەی سەرنەکەوتنی بازاڕی ئازادا، کیشەکان زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی ئێراق لە بەڕێوەبردنی بانکەکانی حکومەت شکستیان هێناوە، لە لایەکی ترەوە؛ ئەم حکومەتە لە ساڵی 2010 دا پڕۆژەیەکی بە هاوکاری زانایانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاکسازی ئابووری و گەشەپێدانی کردووە بە جۆرێک ئەم وڵاتە بچێتە قاڵبی وڵاتیکی بەرهەمهێن و بەرەو ئابووری بازاڕی تایبەت بڕوات، ئەمەش بازاڕی ئازاد لە خۆدەگرێت، کەواتە لێکدانەوه و شیکردنەوەی ئەم کارانە لە ئێراقدا بوونەتە بەربەستێک بازاڕ هیچ مانایەک لە خۆ ناگرێت، چونکە ئازاد نییە، بەهۆی کێشەی بانک و دەسەڵاتی سیاسی حکومەتی ئێراق لە لایەکی تریش بازاڕ نا ئازادیش نییە، چونکە هیچ یاسایەکی بازاڕی ئاسایی لە خۆ ناگرێت و نرخەکان ئازادن و دەگەڕێنەوە بۆ تاکەکان بەمەش دەچێتە قاڵبی بازاڕێک کە بەداخەوە لە پەرتووکی ئابووریدا پێناسەی نییە؛ تەنیا دەتوانین بڵێین بازاڕێکی بەربەرەڵا و بێ یاساییە. ئەگەر بچێنە سەر کوردستان ئەوا دەچێتە سیستەمی سەرمایەداری، بازاڕ ئازادە و حکومەت بەشداری لە بازاڕ ناکات.
هەرچەندە لە جیهاندا هەوڵ دەدرێت چیتر بازاڕی ئازاد کارێ پێ نەکرێت، بە تایبەت بە پێ ڕای زۆربەی ئابووریناسەکانی ئەم سەردەمە، کە لە جیهاندا کێشەیەک هەیە لەم بوارەدا ئەویش کاتێک کەرتە تایبەتییەکان تووشی هەرەس دێن ئا لەم ساتەدا داواکاری بەرزدەکەنەوە بۆ حکومەت و کە یارمەتیدان بدات بۆ چارەسەری قەیرانەکانیان، هەروەکوو دوو جار لە ئەمەریکادا ڕوویدا، جاری یەکەم لە ساڵی 1929 دا کاتێک تووشی قەیرانی ئابووری هاتووە دووەمینیشیان لەم ساڵانەی ڕابردوودا حکومەت ناچار بوو دەست بخاتە بازاڕەکان. لە بازاڕی ئازادا زۆر گرنگە ڕێز لەو ئازادییە بگیرێت، دەتوانین بڵێین دەبێت ئەم بازاڕە بە شێوازێکی ئەخلاقی بێت و بە نموونە لە کاتی بەرهەمهێنانی هەر شتێک دەرەنجام نەبێتە هۆی کاریگەریی لەسەر تەندرووستی ژینگه و ژیانی خەڵک بۆ ئێستا و داهاتوو.
هەروەها لە ڕووی بەکارهێنانیش کۆمەڵگەیەکی شارستانی بێن و سنوورێک لە ڕووی بەکارهێنان دابنێن، هیچ کات نەبێنە هۆکارێک بۆ هەژاربوونی خەڵکانی دەورووپشتمان، لەم بازاڕانەدا کۆمپانیاکان بە پلەی یەکەم بەرپرسن لە نرخەکان و سەرفکردنی کاڵاکان بە تایبەت لەو وڵاتانەدا ئاستی ئابووریان باش نییە، بە نموونە کاڵای “چین”ی کاریگەریی هەبووە لەسەر نرخی کاڵای خۆماڵی، بەرهەمهینانی خۆماڵی کەمتر دەفرۆشرێت و نرخەکەشی کەم دەبێتەوه. واتە ئەو کۆمپانیایانە دەبێت جێگایەک بۆ پێشبرکێ بازاڕ بهێڵنەوه و بەرهەمهینانی خۆماڵیش لە بیر نەکەن، نەبنە فاکتەرێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی ئاسایی بەرهەمی ناوخۆ و زەرەر لە خەڵکی خۆمان نەدرێت. ڕاستە ئەم بازاڕە دوورە لە دەسەڵاتی حکومەت، بەڵام لە کاتی کێشەکان وەک گرفتی نێوان کۆمپانیا و بازرگانەکان و یان لە کاتی ستەم کردنی خەڵکانێک لەلایەن کۆمپانیاکانی بازاڕ لەو کاتەدا پێداویستی بازاڕ دەبێت بۆ دادگایەک و دادوەری و یەکسانی بسەپێنیت بەسەریاندا، بەمەش حکومەت ڕۆڵی دەبێت نەک لەناو دادگاکان بەڵکوو لە ئەمن و ئاساییش و پارێزگاریکردنی غەدر لێ کراوان و بەش خووراوەکان، لە کۆتایشدا باشتر وایە کەڵک لە ئەزموونی ئابووری وڵاتان ببینرێت و بازاڕی کوردستان بکەینە ژێر ڕکێفی بازاڕی ئازاد، بەڵام ڕەچاوی یاساکانی ئەو بازاڕە بکرێت و ڕێگە بدرێت حکومەت کۆنتڕۆڵی ئەو بازاڕە بکات بە یاسای ئابووری بۆ دوورکەوتنەوە لە ئەگەری هەرەسی ئابووری.
=KTML_Bold=دەرئەنجام:=KTML_End=
کاتێک هەرێمی کوردستان؛ لە سیستمێکی ئابووری سەنتراڵی سەردەمی ڕژێمی بەعسییەوە بەرەو ئابوورییەکی کراوە هەنگاوی نا، تێیدا خەڵکی کوردستان ئامانجێکی زۆری پێیەوە گرێدا، ئەو ئامانجانە لە قۆناغەکانی خەباتی سیاسی پێش ڕاپەڕیندا چاوی لێپۆشرابوو، چونکە دەستەبەرکردنی ئامانجە سیاسییەکان لەو کاتدا گرنگی زیاتری بۆ خەڵکی کوردستان هەبوو، پاش ڕاپەڕینیش هەر لەگەڵ دەسپێکی حوکمڕانی کوردیدا ئیدارەی ئابووری ئەو هەرێمە بەرگێگی حیزبییانەی پێیەوە پۆشترا و سەربار و بنباریش شەری ناوخۆ هەڵگیرسێنرا، زیاتر جەختی لەسەر ئەو بەرگە حیزبییە کردەوە بۆ ئابوورییە ماندووەکەی ئەو هەرێمە، کە ئەمیش بۆ پارەدارکردنی (تمویل) تێچونی شەڕی یەک بەدوا یەکەکانی سێ ساڵەی جەنگی ناوخۆ بوو. تاکوو ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئابووری هەرێم لە ڕێگای ئەو بەرگە حیزبییەی پێیەوە پۆشتراوە گیرۆدەی چەندین گرفتی ئابووری و کۆمەڵایەتی بووەتەوە کە ئەستەمە چارەسەری به و ئاسانییە هەبێت.
لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ناوخۆ و یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەرێمیش، دەسکرا بە بانگەشەکردن بۆ پراکتیزەکردنی سیستمی ئابووری بازاڕ- Market Economy، تێیدا یاسای وەبەرهێنان درێژرا و بەگەڕ خرا، بۆندەکان لە بوارە جیاجیاکانی کەرتە ئابوورییەکان دەستی پێ کرد، بەرژەوەندییە تایبەتییەکان لەم نێوەدا خەریکی خۆ ڕێکخستنەوه بوون، خۆ ڕێکخستنەوەیەک بە بێ ڕەتبوون بە تونێلی حیزبەکان مەحاڵ بوو، ئێستاشی لەگەڵدا بێت سەربگرێت. ئازادی لە کارکردندا بەرەو ئاسۆی مۆنۆپۆلی حیزب هەنگاوی نا. هەر لەو ڕەهەندەوەش سنووری سیستمی ئابووری بازاڕ ئەوەندە بچوککرایەوە تا ئەو ئاستەی تەنیا نوخبەی حیزبی سوودمەندی هەرە گەورە بوو تێیدا. بە کارهێنانی دەسەڵاتی حیزبی، بۆ بە دەستهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان سیستمی ئابووری بازاڕی خستە ژێر پرسیارەوە. بە شێوەیەک ئەو دەقانەی لە سیستمی ئابووری بازاڕدا هەن ( لێیگەری با کار بکات و لێیگەرێ با کێبرکێ بکات ) بووە دەقێکی مردوو لەگەڵیشیدا دیالێکتیکی گەشەی زانستییانەی ئابووری و کۆمەڵایەتی پاشەکشێی کرد، هەموو ئەمانەش لەوەوە سەرچاوەی گرت کە ڕوئیای-Vision سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو سیستمە ئەوەندە کوورت بینە، کەڵکی بۆ وەچەرخاندن و ڕاپێچکردنی قۆناغە ئابوورییەکەی ئەو هەرێمە پێوەنەهێشت. خاوەن ئابوورییەکین هیچ پێوەر و داتا و توێژینەوەی زانستیمان نییە، ژینگەی ئابووری ئێمە ملکەچی مەقاییس نییە لە نموونەی ڕێژەی گەشە، قەبارەی دەرفەتی کار، ڕێژەی بێکاری، کوورتهێنانی سەرجەم بەرهەمی نەتەوەیی و بودجە، کارکردن به و پێوەرانە تەنانەت بۆ سیستمە تێکەڵاو و کۆمۆنیستەکانیش پێویستە، نەبوونیشی لە سیستمی ئابووری بازاڕدا بە مانای نەبوونی خودی سیستمەکەوە دێت، چونکە پێوەر و داتا لە سیستمی ئابووری بازاڕدا نیشاندەرێکە قەبارەی قازانج و زەرەر بۆ هەر دامەزراوەیەک و وڵات و هەرێمێک، ڕووندەکاتەوە.
هەروەها نەبوونی دیراساتی کۆمەڵایەتی وەکوو زێدەبوونی ڕێژەی کچانی قەیرە و کوڕانی ڕەبەن، هەڵکشانی مردنی ڕێژەی ئەو ژنانەی لەسەر منداڵبوون دەمرن، زێده بوونی ڕێژەی خلیسکان بۆ نێو بازنەی هەژاری. نەبوونی ئەو توێژینەوە و ڕووپێوانە، نەتەوەیەک ڕووبەڕووی کارەسات دەکاتەوە وەکوو ئەمڕۆ لە دەرکەوتەی ئەو هەرێمەدا دەیبینین، دەسەڵاتدارانی سیاسی ئەو هەرێمە نەیانتوانی ئەو ستایلە بدەن بە فەلسەفەی ئابووری بازاڕ کە بتوانرێت کەڵک لە تواناکانی تاکی هاووڵاتی کورد وەربگیرێت.
بڕیاردان بۆ ئەو جۆرە سیستمە ئامادە باشییەکی پێشوتری باشی دەوێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو فەلسەفەیە لەگەڵ خواست و داواکارییەکانی خەڵک گونجاو بێت. به و مانایەی گونجانێک پێویستە ئەنجامبدرێت لەنێوان سەرخانی سیستمی ئابووری بازاڕ لەگەڵ ژێرخانەکەی. واته؛ بیر و هزری خەڵک بۆ چۆنییەتی هەڵسوکەوت کردنیان لەو جۆرە سیستمەدا لە وەبەرهێنان، لە بزاوتی سەرمایەیان، لە بازرگانیدا، لە بەگەڕخستنی هێزی کاردا کە بە داینامۆی ئەو سیستمە دەزانرێت وا بگونجێنرێ شیاوی ئەو دوو کۆڵەکە بنچینەییەی ئەو سیستمە بێت. چونکە گەر به و میکانیزمە کار نەکرێت، سیستمی ئابووری بازاڕ تەنیا دەبێتە دەقێکی مردوو. [1]