ڕاستی چیرۆکی دارای میدی (داریوسی میدی) و دانیال (پێغەمبەری جوو) .
#ماکۆ ساوین#
زۆر جار هەڵسەنگاندنی بابەتێکی مێژووی لە ڕوانگەی سەرچاوە جیاوازەکان تووشی ئالۆزی و لێڵی دەبێت ئەگەر بابەتەکان بە دژی یەکتر بن یاخود تەواوکەری یەکتر نەبن. بابەتی دژ بە یەک و تەوانەکەری یەکتری گەورەترین گرفتە بۆ مێژوونووسان. بۆیە زۆرێک لە مێژوونووسان خۆیان لە قەرەی ئەو بابەتانە نادەن هەر بۆیە سەرچاوەیەکی ئۆتۆمان بەردەست ناکەوێت.
یەکێک لەو بابەت ئالۆزانەی مێژوونووسان ڕووبەڕووی بوونەتەوە دارای میدیە. ناوی دارا لە زمانی هیندیش هەروەک خۆی هاتووە، لە زمانی فارسی 'داریوش'ە، لە عیبری 'دەریاڤێش یان دەریاڤاش'ە واتە هەڵگری ڕاستی، لە زمانی یۆنانیش بە 'داریۆس' ناوزدە کراوە، بەڵام لە دەقەکانی مێژوو کە بە زمانی ئینگلیزی ئاماژەی پێکراوە بە 'داریوس' دەنووسرێت.
کاتێک مێژوو ناوچەی ئێمە لە ڕوانگەی یۆنان و پەیمانی کۆن دەخوێنینەوە تووشی ئەو دژ بەیەک و ناتەواوکاریە دەبین. لە مێژووی 'هەرۆدەتەس' کە ئێمە پێی دەڵێن هیرۆدۆست، باسی دارای میدی نەکراوە لە ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئەستیاگ یەکسەر هاتۆتە سەر بابەتی کوڕوش. بۆیە زۆر هەڵەین ئەگەر ئێمە هیرۆدۆست بە باوکی مێژوو و مێژوونووسان دابنێن. لەبەر ئەوەی چیرۆکەکانی هەڵدەوشێتەوە ئەگەر ئێمە سەرچاوەی پەیمانی کۆن بە هەند وەربگرێن نەک پەیمانی کۆن، بەڵکوو دووەم کەسایەتی ناو ئایینی جوودایسم و کریستیانەتی پێغەمبەر 'دانیال'ە. کە بەشێکی گەورەی لەناو پەیمانی کۆن بۆ تەرخان کراوە، هەروەها بیردۆزی زۆر هەیە کە پەیمانی کۆن بە دەستی دانیال نووسراوەتەوە. بۆیە ناکرێ قسەکانی دانیال لەناو پەیمانی کۆن نرخی بۆ دانەنرێت. بۆیە ئەوانەی خۆیان لەو بابەتە دەدەن دەیانەوێ چارەسەریەک بدۆزنەوە تاوەکوو بابەتەکان یەک بگرێتەوە.
لە بەشی دانیال (5: 26- 31) ، باس لەوە دەکات کاتێک بێلشەچەر-بیلشاسر- پاشای کلدانی دەمرێت، داریوسی میدی لە تەمەنی 62 ساڵی مەملەکەتی بابلی دەکەوێتە بن دەستی و دەبێتە پاشا. لە بەشی نۆیەم ڕەچەڵەکی داریوسی میدیمان پێ دەناسێنێت دەڵێت لەیەکەم ساڵی داریوسی کوڕی 'خەشاریارشا' لە تۆی میدیەکان. لێرەدا دیسان دانیال 'دارا'مان پێ دەناسێنێتەوە کە میدی بووە وە هەروەها کوری 'خەشاریارشا'ی میدی بووە.(1) جا بابزانین 'خەشایارشا' کێیە؟ بە یۆنانی پێ دەگوترێت زورکسیز، بە عەرەبی ئەحشەرویش، بە فارسی خەشاریارشا و بە عیبری 'خشیارشا'یە. لە زمانی کوردی 'شاریار'مان هەیە لەگەڵ 'شا'، 'خە' ئەگەرێتەوە بۆ زمانی ئاڤێستایی بە واتای 'کانی یان سەرچاوە' دێت. بەڵام بەهۆی بزربوونێکی زۆر لە مێژووی کورد بۆیە ناتوانین وردەکاری بدەین تەنیا بۆچون نەبێ.
ئەو دەقەی دانیال گرفتێکی زۆری بۆ مێژوونووسە هەوادارەکانی یۆنان درووست کردووە، چونکە دانیال دەڵێت کاتێک دارا بابلی ڕزگارکرد تەمەنی 62 ساڵ بووە، وە کوڕی 'خەشاریارشا'یە، بەڵام خەشاریارشا بە پێی مێژووی یۆنان لە ساڵی 518 پ.ز لە دایک بووە و لە ساڵی 480 پ.ز هێرشی کردۆتە سەر یۆنان. لە کاتێکدا بابل لەسەر دەستی دارا لە ساڵی 539 پ.ز ڕزگار کراوە. ئەگەر تەمەنی 'دارا' لێک بدەینەوە واتە لە 601 پ.ز لە دایک بووە باوکیش ئەگەر تەمەنی بیست ساڵێک بوبێت واتە 'خەشاریارشا' لە ساڵی 621 پ.ز لە دایک بووە. ئیتر مێژووی هیرۆدۆتس بە هیچ شێوەیەک نە باسی دارای کردووە نە 'خەشاریارشا'. ئیتر مێژووی جووەکان لەگەڵ مێژووی یۆنانیەکان تەواوکەری یەکتر نین و بەڵکوو لە دژی یەکترن. هەر کامێکیان ڕاست بێت ئەوی تر هەڵدەوشێنێتەوە. هەڵوەشاندنەوەی مێژووی یۆنان مەرگەساتە چونکە ئەو سەروەرییەی بۆ نەوەکانیان درووست کرد ئەو خەیاڵانەیان چنی کاتێک دەڵێن بە سێ سەد جەنگاوەر بەرەنگاری نیوملیۆن سەربازی 'خەشاریارشا' بوینەوە لە گۆڕ دەنێن. هەڵوەشاندنەوەی مێژووی جووەکانیش لەگۆڕنانی وتەکانی دانیالە، نە جووەکان دەست لە پەیمانی کۆن هەڵدەگرن و نە کریستیانەکان. ئەگەر هیرۆدۆتس باوکی مێژوو بێت، بۆ جووەکان دانیال فریادرەس و پێغەمبەرەی یەهوایە، بە ڕوحی پیرۆز پێشبینیەکانی کردووە.
لە پەڕتووکی ڕامان لە مێژووی کورد، پشت بەستن بەچەند سەرچاوەیەک زیاتر باسی ئەو بابەتە کراوە و ئەو بیردۆزە خستراوەتە ڕوو 'دارا' پاشای 'کەیخوسرەوی دووەم'ە کوڕی ئەستایگە. بەڵام بە پێی هیرۆدۆتس ئەستایگ کوری نەبووە. هەروەها لە هەموو سەرچاوەکانی یەهودی داریوسی میدی بوونی هەیە و بڕوایان پێیەتی. ڕیچارد واتسۆن لە پەڕتووکی فەرهەنگی بایبلدا (پەیمانی کۆن و نوێ) ئاماژە بەوە دەکات داریوسی میدی لەسەردەمی دانیالە و لەگەڵ دانیال دواوە، هەروەها زەینەفۆن بە کەی خوسرەو ناساندویەتی.(2) لە پەڕتووکی 'لویس' کە تایبەتە بە مێژووی جووەکان، ئاماژەی بە داریوسی میدی کردووە کە خەزووری 'کوڕوش'ە. لە سەرچاوەکەدا دەڵێ: کاتێک خودا ویستی تۆڵە لە بابل بکاتەوە داریوس و کوڕوشی نارد. کوڕوش پاشای پێرشیا، لەگەڵ خەزووری داریوسی پاشای میدیا.(3) لێرەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە ئەگەر داریوس و کەیخوسرەو یەکێک نەبن ئەوا یان ئەستیاگ کورێکی تری هەبووە یان داریوس پاشایەکی تری میدیا بووە. پێ دەچێت ئەو بۆچونە زیاتر ڕێی تێ بچێت، چونکە لە بەرگی شەشەم کاتێک باسی دارای میدی دەکات دەڵێت باوکی میدیە و دایکی خەڵکی پێرشیایە.(4) ئەو کاتە ئیمبراتۆریەتی میدیا لە چەند شانشینێک پێکهاتبوو. دیارە دارا پاشایەک بووە لە یەکێک لەو شانشینانە.
زەینەفۆن ڕۆڵی کەیخوسرەو باس دەکات کە چۆن بابلی گرتووە و هاوپەیمان بووە لەگەڵ کوڕش.(5) ئەوەش نزیک بوونەوەیە لەنێوان هەردووک سەرچاوە: دارای مید کە لە بەشی دانیال باس دەکرێ هەمان کەیخوسرەوە. واتە ئەشێ ناوی داریوس یان دارا یان کەیخوسرەوە، هەمان ناو و کەسایەتی بێت.
لە بەشی دووەمدا دەڵێ کوڕوش چوو بۆ لای خاڵی، (6) واتە کەیخوسرەو کوڕی ئەستیاگە.
سەرچاوەکان:
(1) پەڕتووکی پیرۆز: بەشی دانیال. 5: 26 - 28 + 6: 1- 28 + 9: 1 - 2.
(2) Richard Watson، A Biblical and Theological Dictionary: The History، Manners، and Customs of the Jews، and Neighbouring Nations (London: John Mason، 1932) ، 130.
(3) Ginzbury، Vo. IV، 343.
(4) Ibid.، VI، 431.
(5) Xenophon، tr. Henry Graham Dakyns، Cyropaedia The Education of Cyrus، Book I، C5. 20-22، C4. 24، C6. 9-11، Book II: C1. 1 ، eBook، Updated July 18، 2009.
(6) Ibid.، Book II: C1. 1 ، eBook، Updated July 18، 2009
[1]