پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خوێن لە سەنتەری تالاسیمیا لە #سلێمانی# ڕایدەگەیێنێت، ئەگەر تووشبووی تالاسیمیا چارەسەری مۆخی ئێسکی بۆ بکرێت ئەوا ٪90 ئەگەری چاکبوونەوەی دەبێت.
لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی #08-05-2023# هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تالاسیمیا، دکتۆر بڕیار سەباح، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن لە سەنتەری تالاسیمیای سلێمانی ڕایگەیاند، خۆشبەختانە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیری هاووڵاتییان و بایەخدان بە پشکنینی پێش هاوسەرگیری، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە کەمبووەتەوە.
دکتۆر بڕیار سەباح ئاشکرای دەکات، تووشبووانی سەرجەم جۆرەکانی تالاسیمیا لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی 1371 تووشبوون.
پسپۆڕەکە لەبارەی چارەسەرییەکانەوە گوتی، گواستنەوەی خوێن ڕێگەیەکە بۆ باشترکردنی شێوازی ژیانی کەسی تووشبوو، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی نەخۆشییەکە بریتییە لە چاندنی مۆخی ئێسک، هەروەها دەشڵێت: چارەسەرەکە 90٪ ئەگەری چاکبوونەوە دەدات بە تووشبووان.
لەبارەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەنێوان دوو کەسی هەڵگردا پسپۆڕەکەی خوێن دەریدەخات، واباشترە لەنێوان دوو کەسی هەڵگردا هاوژینی نەکرێت، چونکە لە چوار منداڵ یەکێکیان ئەگەری هەیە تووشی نەخۆشییەکە ببێت.
هاوکات ڕوونی دەکاتەوە، ئەگەر دوو کەسی هەڵگر ژیانی هاوژینی پێکبهێنن ئەوا پێویستە خانمەکە لەکاتی دووگیانیدا لەژێر چاودێریی وردیی پزیشکیدا بێت.
دکتۆر ئارین سەرتیپ کاکەیی، بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیمیا لە #هەولێر# ڕایگەیاند، تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەییە و منداڵێک تووشی دەبێت کە دایک و باوکی هەڵگربن بۆ نەخۆشییەکە.
بە گوتەی دکتۆر ئارین، پار 1064 تووشبووی تالاسیمیا لە سەنتەرەکەیان تۆمارکراون، هەروەها دەڵێت: ''نەهێشتنی هاوسەرگیری لەنێوان دوو کەسی هەڵگر تاکە ڕێگەی پێشگیریکردنە لە تووشبوون بە تالاسیمیا.''
لە #دهۆک# زیاتر لە 1161 تووشبوو و لە #هەڵەبجە# نزیکەی 35 تووشبووی تالاسیمیا هەن. [1]