ناونیشانی بابەت: (باسکورد) زانیاری لەسەر بازاڕی قەیسەریی کەرکووک دەخاتە ڕوو
ئامادەکردنی: #دیاری ئەحمەد#
بازاڕی قەیسەریی #کەرکووک#، کە بە یەکێک لە بازاڕە کۆنەکانی ئەو شارە دادەنرێت و لە نزیک قەڵایە، ئەو بازاڕە بووەتە بەشێک لە شوێنەواری کەرکووک.
لەمبارەیەوە، ستار جەباری، شارەزای مێژووی کەرکووک، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: ”بازاڕی قەیسەریی کەرکووک ساڵی 1855 لەلایەن کورد و جووەوە درووستکراوە، چونکە کەرکووک زیاتر هەر کورد و جووی لێ بووە، لەو بازاڕەدا ئاڵوگۆڕی کاری بازرگانی کراوە.“
وتیشی: ”بازاڕی قەیسەری بە شێوازێکی عەنتیکە و بەگوێرەی ساڵ و ڕۆژەکانی ساڵ درووستکراوە، بە نموونە، ، 12 ڕێڕەوی هەیە کە ئاماژەیە بۆ 12 مانگەکەی ساڵ، هەروەها حەوت دەرگاشی هەیە، وەک ئاماژە بۆ حەوت ڕۆژەکەی هەفتە، نزیکەی 360 دوکانیشی تێدایە، کە ئاماژەیە بۆ ڕۆژەکانی ساڵ.“
ئەو شارەزایەی مێژووی کەرکووک وتیشی: ”کەرکووک بەناوبانگە لە درووستکردنی بینا بە قایە و گەچ، وەستاکانیشی لەو بوارەدا کارامە بوونە، ئەم بازاڕەش لە قایە و گەچ درووستکراوە، تەنانەت مزگەوتە کۆنەکان لە سەرتاسەری ئێراق ئەگەر بە قایە و گەچ درووستکرابن، ئەوا کاتی خۆی وەستاکانی کەرکووک درووستیان کردووە.“
ڕاشیگەیاند، بازاڕی قەیسەریی کەرکووک تاکوو ئێستا چەند جارێک نۆژەن کراوەتەوە، کە دوایین جار ساڵی 2019 بوو.
دوکاندارەکانی بازاڕەکە زیاتر پێکهاتوون لە #کورد# و تورکمان، بازاڕەکەش کۆمەڵێک دوکانی زێڕنگەر و بابەتی ئیکسواراتی ئافرەتان و جلوبەرگی ئافرەتان و منداڵانی تێدایە.[1]