=KTML_Bold=هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت پارتی لە کەرکووک کوردایەتی دەکات نەک حیزبایەتی.=KTML_End=
#هێمن هەورامی#، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باس لە پارێزگاری داهاتووی #کەرکووک# دەکات و دەڵێت ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە دوای هەڵبژاردن کوردێکی باش ببێتە پارێزگاری کەرکووک، پێمان وایە هەموو کوردێکی باش پارتییەکی باشیشە.
هەورامی وتیشی چاومان لەوەیە لەگەڵ هەموو هێزە کوردستانییەکان بە چاوێکی کوردانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی کەرکووک بکەین. دوور بکەوینەوە لە دڕدۆنگ بوون بەرانبەر یەکتری. چونکە خەڵکی کەرکووک بێزارە لە بیری تەسکی حیزبایەتی.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی #پارتی دیموکراتی کوردستان# دەڵێت بابەتی کەرکووک پەیوەندی بە خاک و چارەنووسی نەتەوەیەکەوە هەیە. بۆیە داوا لە خەڵکی کەرکووک دەکەین، کوردستانیانە بیربکەنەوە و برۆن بۆ دەنگدان.
هێمن هەورامی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کورد لە هەموو هەڵبژاردنەکان زۆرینەی دەنگەکانی کەرکووکی بەدەست هێناوە و لەو ڕوەوە دەڵێت لە 2003ەوە هەر هەڵبژاردنێک لە کەرکووک کرابێت کورد زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە، بۆیە چاومان لەوەیە بە سەرجەم هێزە کوردییەکان زۆرینە کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش ببەینەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی وتی بەهیچ شێوەیەک وەک پارتی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نین. دەمانەوێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی ئەو دۆخەی لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بەسەر کەرکووک هێنراوە بگۆڕێت. [1]